كۆمەڵكوژییەكەى شەرناخ و كۆیلایەتى پارتى و یەكێتى بۆ توركیا
Saturday, 31/12/2011, 12:00
پارتى و یەكێتى، وەك سەپانى داگیركەرانى كوردستان، لە ئاست كۆمەڵگوژى ئەمجارەى گوندى رۆبسكى ناوچەى شەرناخدا،جاریكى تر كۆیلایەتى خۆیان بۆ رژێمى فاشى و داگیركەرى توركیا دوپاتكردەوە،بە شێوازى جۆراوجۆر تاوانى كۆمەڵكوژیەكەیان بچوك كردەوە،لە ئاست هەڵوێستى خەڵكى باشورى كوردستاندا، ئاستەنگی و چەوشەكاریان بۆ چالاكیەكانى هەولێر و سلێمانى دروستكرد.
پارتى تا زیاتر لە 24 سەعات بەسەر كۆمەڵكوژیەكەدا تێنەپەرى، دەنگى نەكرد،كاتێك لە ژێر فشارى نارەزایى خەڵكى كوردستاندا دەنگی هەڵبرى،لە لێدوانەكەى سەرۆكى هەرێمدا تاوانى كۆمەڵكوژیەكە وەك روداوێكى دڵتەزێن باسكرا،وە ئیدانەى تاوانەكەى نەكرد،باسكردنى تاوانێكى وا گەورەى رژێمى توركیا كە تیایدا 40 هاوڵاتى سڤیل لەبەر كوردبونیان بە بوردومانى فرۆكە جەنگیەكانى توركیا لە ماوەى چەند چركەیەكدا شەهیدبون،وە لە كاتێكدا لە رابوردوى نزیكدا دەولەتى توركیا چەندان تاوانى ترى گەورەى واى ئەنجامدابێت، بچوك كردنەوەى روداوەكەیە،كە گەورەترین خزمەتە بە رژێمى فاشستى توركیا.
نێچیروان بارزانى جێگرى سەرۆكى پارتى، لە رێگەى فەیسبوكەوە ،بە پرسەنامەیەكى خێڵەكی هاتە ناوە وە و تاوانەكەى وەك روداوێكى كۆمەڵایەتى نرخاند و بەستیەوە بە توندو تیژیەوە،ئەگەر مرۆڤ بە باشى لە لێداونەكەى نێچیرزان بەرزانى وردببێتەو،لاى روندەبێتەوە كە دەڵێت هۆكارى گیان لە دەستدانى ئەو هاوڵاتیانە، تێكۆشانى گەریلایى پارتى كرێكارانى كوردستانە،ئەگەر گەریلا نەمێنێت ئەو هاوڵاتیانە ناكوژرێن،بەو شێوەیە دەردەكەوێت كە لێدوانەكەى نێچیریش هەر لە خزمەتى سیاسەتى شۆڤینى دەوڵەتى توركیادایە و زیان بە تێكۆشانى رەواى گەلى كورد دەگەیەنێت
رۆژى 30-12 كاتێك رێپێوانى جەماوەرى هەولێر دەستیپێكرد،هێزە ئەمنیەكانى هەولێر رێگەیان نەدا رێپێوانەكە رێرەوى ئاسایى وەربكرێت و بەربونە گیانى خۆپیشاندەران و چەند كەسێكیان لێبریندار كردن،ئەم رەفتارەى هێزە ئەمنیەكانى هەولێر،وەك پۆلیسەكانى توركیا وابو كە ئاستەنگیان بۆ خۆپیشاندانى شارى ئامەد و شارەكانى ترى باكورى كوردستان و توركیا دروستكرد و چەندانیان لێبر یندار كردن.
هەرچى یەكێتى نیشتمانى كوردستانە، نە سكرتێرەكەى وەك سەرۆك كۆمارى عراق و نە مەكتەب سیاسى و مەكتەب راگەیاندنەكەى وەك دەزگاى حزبێكى كوردستانى،نەك هەر بەرامبەر بەو تاوانەى دەولەتى توركیا هەڵوێستیان نیشان نەدا،ئەگەر سەیرى سایتى كوردستانى نوێ بكەیت كە هەواڵى ئەو كۆمەڵكوژیەى تێدا بڵاوكراوەتەوە،دەبینین كە ئەو حزبە دەسەڵاتدارە نەك هەر كوردستانى نیە و عراقچیە،بەڵكو تورك چیەكى عەیار (24) بیست و چواریشە.
پاش ئەوەى هەندێك لایەنى سیاسى و رێكخراوى جەماوەرى لە شارى سلێمانى بریاریاندا بۆ ئیدانەكردنى كۆمەڵكوژیەكەى شەرناخ چالاكى بكەن،ئاسایشى یەكێتى لە سلێمانى رێگەیان نەدا ئەو خۆپیشاندانە لە سەنتەرى شار (لە بەردەركى سەرا) دەستپێبكات بۆ پاركى ئازادى،مەرجى ئاسایش ئەوبوە ئەو خۆپیشاندانە لە شەقامى سالم دەستپێبكات و لە پاركى ئازادى كۆتایى پێ بێت،هەمو كەس دەزانێت كە شەقامى سالم گۆرپانێكى تایبەتى نیە بۆ كۆبونەوەى خەڵك ،وە دورى نێوان شەقامى سالم(سەهۆڵەكە) وپاركى ئازادى دو كیلۆمەتر نابێت،بەو شێوەیە بۆ دروستبون و فراونبونى خۆپیشاندانەكە،ئاسایش ئاستەنگی دروستكرد.
لە لایەكى ترەوە دواى ئەوەى هەواڵى چالاكیەكەى سلێمانى لە كەناڵەكانى راگەیاندن بڵاوكرایەوە،رێكخستنەكانى یەكێتى لە شارى سلێمانى كەوتنە بڵاوكردنەوەى ئەو پرۆپاگەندەیە كە سبەینێ واتە رۆژى 30-12 لە سلێمانى خۆپیشاندان ناكرێت و خۆپیشاندانەكە دواخراوە،بەو شێوەیە جەماوەرێكى زۆر و ژمارەیەك كەسایەتى ناسراوى شارى سلێمانى بە پرۆپاگەندەى یەكێـتى بە هەڵەدا بران و بەشدارى خۆپیشاندانەكەیان نەكرد.
دواى تەواو بونى خۆپیشاندانەكە،لە هەواڵى سەعات دەى شەوى كەناڵى تەلەفزیۆنى گەلى كوردستاندا، لە سەر خۆپیشاندانەكە هەواڵێك بڵاوكرایەوە، هەواڵەكە دەڵَت : كوردەكانى توركیا لە شارى سلێمانى دژى رووداوەكەى شەرناخ خۆپیشاندانیان كردوە،ئەمە لە كاتێكدایە ئەو چالاكیە كوردەكانى باشورى رێكیانخستوە و چەندان كەسایەتى سیاسى و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسى باشور بەشدارى خۆپیشاندانەكەیان كردوە،وتارى چەندان حزب و رێكخراوى باشورى كوردستان خوێنرایەوە. بەو شێوەیە،كەناڵى گەلى كوردستان ئەو درۆیە دەكات تا بە دەسەڵاتدارانى توركیا بڵێت خەڵكى باشورى كوردستان لە ئاست ئەو تاوانە گەورەی شەرناخدا هیچ ناڵێت و تۆ لە سەر تاوانەكانى خۆت بەردەوام بە.
بەو شێوەی ئەمجارەش بێ دەنگیەكەى سەركردایەتى یەكێتى بەرامبەر بە كۆمەڵكوژى شەرناخ،چەواشەكارى رێكخستنەكانى یەكێتى لە سەركاتى چالاكیەكەى سلێمانى،درۆ شاخدارەكانى كەناڵەكەى ئەردۆغان و لاوەند نەزاد (گەلى كوردستان)، گەوەرەترین خزمەتیان بە سیاسەتى فاشیانەى دەولەتى توركیا كرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست