گەندەڵییەكانى كەرتى تەندروستى سلێمانى (بەشى سێهەم)
Wednesday, 11/01/2012, 12:00
سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى، لە كار و چالاكى و لە بەرنامەشدا گەندەڵە
كارمەندەكەى هاورێم لە درێژەى قسەكانیدا لە سەر گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى، باسى گەندەڵیەكانى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى بۆ كردم، وتى: لە وڵاتە دیموكراتەكاندا، سەندیكا و رێكخراوى ناحكومى، پێشەنگى كۆمەڵگاى مەدەنیە، پردێكە لە نێوان دەسەڵات و جەماوەردا، داواكارى خەڵك دەگەیەنێتـە دەسەڵات و چاودێرى كارەكانى دەسەڵات دەكات، لە چوراچێوەى بەرژەوەندى گشتیدا، داكۆكى لە مافى تاك و پێكهاتە جیاكانى كۆمەڵ و نوێنەرایەتى ئەو پێكهاتانە دەكات، كە بەرژەوەندیان لە گۆرٍان و گەشەكردندایە، بەڵام لە سایەى دەسەڵاتى حیزبیى هەرێمى كوردستاندا، سەندیكا و رێكخراوە نا حكومیەكان، لە رێرەوى ئاسایى خۆیان لایانداوە، بونەتە بەشێك لە دەسەڵاتى حیزبیى هەرێم، ئتر ئەو سەندیكایانەش وەك حیزب چونەتە ناو دەسەڵاتەوە، بەو خۆتێكەڵكردنە لەگەڵ حیزب و حكومەت، هێندەى تر گۆمى گەندەڵی كەرتى تەندروستى هەرێمیان قوڵكردوە.
لە دواى راپەرین، هەرێمى كوردستان لە نێوان پارتى و یەكێتیدا دابەشكرا، سەندیكا و رێكخراوە ناحكومیەكانیش دابەشكران، هەر حیزبە و نوێنەرى خۆى كردە بەرپرسى سەندیكا و رێكخراوى سنورى دەسەڵاتى خۆى، سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى لە سنورى دەسەڵاتى یەكێتیدا بو بە موڵكى یەكێتى، سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى لە سنورى دەسەڵاتى پارتى بو بە مۆڵكى پارتى، سەندیكاى پزیشكانیش بە هەمان شێوەى سەندیكاى كارمەندان دابەشكرا.
سروشتى هزرى خۆپەرستانەى بەرپرسى سەندیكا و رێكخراوەكان، پابەندبوونیان بە سیاسەتى حیزبەوە، حساب نەكردنى سەندیكا بوو بۆ بەرژەوەندى نەخۆش و بۆ پێشخستنى زانست و خزمەتگوزارى تەندروستى، سەندیكاى لە بەها و ئامانجەكانى دورخستەوە، ئەگەر سەرنجى شێوازى دامەزراندن و كارو چالاكیەكانى سەندیكاى كارمەندان تەندروستى بدەین، بۆمان روندەبێتەوە كە یەك لە هۆكارەكانى گەندەڵبونى كەرتى تەندروستى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستیە.
هەر لە سەرەتاوە لە كاتى هەڵبژاردنى دەستەى باڵاى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستیدا، بەتەنها حیزبى دەسەڵاتدار دەستى نەخستە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنى دەستەى باڵاى سەندیكاوە، مەفرەزەیەكى چەكدارى ئاسایشى سلێمانى، لە ژێر فەرماندەیى تەوفیق عەلى كۆنە گۆرانیبێژدا، هاتنە ناو قاعەى كۆنفرانسەكە و كەوتنە تەزویر كردن بۆ جەبار و گروپەكەى، هەر كەسیش قسەى بكردایە و نارەزایى نیشانبدایە، هەرەشەى دەستگیركردنیان لێدەكرد.ئاخۆ ئەگەر دەستەى باڵاى سەندیكایەك لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ حیزب و ئاسایش بیسەپێنیت بە سەر كارمەنداندا، چى بۆ كارمەندان و نەخۆش و بریندارانى كوردستان دەكات، ؟ چى بۆ پێشخستنى خزمەتگوزارى تەندروستى دەكات؟
1.لە سەر داواى سەندیكا، بە بێ رەزامەندى كارمەندانى تەندروستى، حكومەتى هەرێمى كوردستان بریارى داوە هەمو مانگێك هەر كارمەندێك بڕێك لە موچەكەى ببڕدرێت و بدرێت بە سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى، ئەم بریارە مانگانە لە لایەن كارمەندانى دارایى فەرمانگە و نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكانەوە جێبەجێدەكرێت.بەو شێوەیە كارمەند بە تەنها زیانى مادى ناكات، بەڵكو بە ناچارى، بە بێ ئەوەى رەزامەندى وەربگیرێت، دەكرێتە ئەندامى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى .ئەم جۆرە رەفتارانەى سەندیكا و حكومەت، نیشانى دەدات كە چۆن سەندیكا لە ئەركى راستەقینەى خۆى لایداوە و بۆتە بەشێك لە دەسەڵات، نارەزایى كارمەندان بۆ ئەو بریارەى حكومەت، هێندەى تر پێوەندى نێوان دەسەڵات و كارمەندان ناكۆك دەكات و رێگە لەبەردەم كێشەى تردا دەكاتەوە.
2.یەك لە كارەكانى ترى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى ئەوە بووە، كە بەرپرسانى سەندیكا، لە شار و قەزا و ناحیەكانى كوردستاندا، واز لە كارى پیشەیى بهێنن و تەفەروغ بكەن بۆ كارى حیزبى و كارى رێكخراوەیى، بەڵام لە هەمان كاتدا، لە فەرمانگەى تەندروستى و نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان موچەی خۆیان وەربگرن. ئەم دیاردەیە یەك لە جۆرەكانى گەندەڵییە كە بە لاى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى كوردستانەوە كارێكى ئاساییە، بەڵام لە راستیدا یەكێكە لە هۆكارى گەندەڵییەكانى وەزاترەتى تەندروستى، كاتێك كارمەندێك دەبینێت هاوكارەكەى كارى پیشەكەى ئەنجام نادات، بەڵام وەك ئەو موچە وەردەگرێت، ئیتر ئەو كارمەندەش برواى لاواز دەبێت و وەك پێویست ئەركى سەرشانى خۆى ئەنجام نادات.
3.سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى كوردستان، داكۆكى لەو كارمەندانە دەكات كە دلسۆزى حیزبن، بەرامبەر بەو دلسۆزیەیان سەندیكا داوا لەبەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى دەكات ئەو كارمەندانە لە بنكە تەندروستیەكان دابنێن و لە نەخۆشخانەكان دایان نەنێن، بەو شێوەیە ژمارەى كارمەندانى تەندروستى لە بنكەكانى تەندروستى تا دێت زۆرتر دەبن، وایلێهاتوە، هەر كارمەندێك هەفتەى رۆژێك دوو رۆژ لە بنكەكان دەوام دەكەن، بەو شێوەیە كارمەندانى تەندروستى لە لایەكەوە فێرى تەمەڵى دەبن، لە لایەكى ترەوە پەنا دەبەنە بەر كارى تر و پیشەكەى خۆیانیانیان لە بیردەچێتەوە.
4.یەك لە كارەكانى ترى سەندیكاى كارمەندان هەوڵدان بووە بۆ ئەوەوى زەوى لە حكومەت وەربگرن و بە سەر كارمەنداندا دابەشى بكەن، دابەشكردنى زەوى بەسەر كارمەنداندا زۆر نادادپەروەرانەیە، هەندێك كارمەند هەیە لەبەر ئەوەى لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەكاندا نییە، خاڵى زۆریشى هەیە، بەڵام تا ئێستە زەوى پێنەدراوە، كارمەندى تر هەیە لەبەر ئەوەى دڵسۆزى سەندیكا و حیزبە، خاڵى تەواویشى نییە، كەچى زەوى بەسەردا دابەشكراوە.لە هەندێك شوێن سەندیكا زەویان بەسەر كارمەندا دابەش كردووە، كە خاڵى زۆر كەمیان بووە، بەڵام مەرجیان بۆ داناون كە دواى ئەوەى زەویەكەى وەرگرت نیوەى بداتە بەرپرسێكى حیزب و سەندیكا.
5.هەر بەرپرسێكى وەزارەتى تەندروستى، لە ئاستى وەزیردا تا بەرپرسى نەخۆشخانە و بنكەى تەندروستى، ئەگەر هەوڵى كەمكردنەوەى دیاردەى گەندەڵى دابێت، هەوڵى داخستنى دوكانى لاكۆڵان و دەرمانخانە نایاساییەكانى دابێت، یەكسەر سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى چون بە گژیا، لە رێگەى مەلا بەختیار و بەرزانى ئەحمە كوردە و جەمال تالەبانیەوە، لاى تاڵەبانى و هێرۆ شكاتیان لێكراوە و كێشەیان بۆ دروستكردوون.
6. نوێترین چالاكى گەندەڵكارى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى، دەیانەوێت زیاد لە ژمارەی نوێنەرە هەڵبژێراوەكانیان، 35 سى و پێنج كەس لە لاى سەندیكاى پارتى و 35 سى و پێنج كەس لە لاى سەندیكاى یەكێتى بكەنە ئەندامى كۆنگرەى سەندیكاى كارمەندان كە بریارە رۆژانى 11، 12، -1-2012 ساز بكرێت، ئەم كارەى سەندیكا دەبێتە هۆى نانەوەى كێشە لە نێوان لیستەكانى كارمەندانى تەندروستیدا، یان دەبێتە هۆكارى پەكخستنى كۆنگرە، یان لیستى دەسەڵات لە رێگەى ئەو بریارەوە خۆى دەسەپێنێت و دەستەى باڵاى سەندیكا بۆ خۆى قۆرخ دەكاتەوە و درێژە بە گەندەڵكردنى كەرتى تەندروستى دەدات.
هاورێكەم باسى ئەوەى بۆ كردم كە سەرچاوەى بریارى بانگهێشتكردنى ئەم 35 كەسە لەوەوە هاتووە، لە پەیرەوى ناوخۆى سەندیكاى كارمەنداندا بەندێكی تێدایە، كە لیستى براوە بۆى هەیە بۆ كۆنگرە 35 كەس زیاد لە نوێنەرە هەڵبژێراوەكان بانگهێشت بكات، بەندى وا لە پەیرەوى ناوخۆى هیچ سەندیكایەكدا نییە، بەو شێوەیە ئاشكرا دەبێت كە سەندیكاى كارمەندان تەنها بە كار و چالاكى گەندەڵى ناكات، بە بەرنامە و پەیرەویش گەندەڵە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست