کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


با لە شاردنەوە و ناردنەوەى مدیرى ئەمنى سلێمانیشدا،دكتور فواد بابان بێتە سەرخەت

Friday, 02/12/2011, 12:00





پاش مردنى دۆستى گەلى كورد دانیال میتران،كاك قادر نادر و كاك دكتۆر سالار باسیرە دەربارەى هەوڵى تیرۆركردنى دانیاڵ میتران و لیسى شمیس،وە بەرێزێكى تر دەربارەى تیرۆركردنى دكتۆر فانسنت وتاریان نوسى،من وەك كەسێك كە لەو كاتەوە لە ناو روداوەكانى باشوردا دەژیم،هەرسێ نوسینەكەى ئەو بەرێزانەم خوێندەوە وبە راست و واقعیم بینین ،بەڵام كاتێك وتارى چوارەم لە لایەن كاك حەمە سوسەیى نوسەرى سایتى كوردستانپۆستەوە نوسرابو، بە ناونیشانى : (با لە پلانى تیرۆركردنى دانیال میتران ،دكتور فۆاد بابان بێتە سەر خەت) لە سایتى كوردستانپۆست بڵاوكرایەوە،نوسینەكەم بە راست و واقعى نەزانى،بۆیە بەم رونكردنەوەیە چەند لایەنێكى نوسینەكەى كاك حەمە سوسەیى رەخنە دەكەم و رونكردنەوەى لەسەر دەنوسم،
1.كاك حەمە سوسەیى ناوى دكتور فواد بابانى لەگەڵ دكتور فواد مەعسومدا تێكەڵ كردوە،دكتور فواد بابان ئەندامى پەرلەمانى كوردستان بو نەك ئەندامى پەرلەمانى عراق،ئەوە دكتور فواد مەعسومە ئەندامى پەرەلەمانى عراقە،دكتور فوادبابان ئێستە ئەندام پەرلەمانى خانەنشینە،دكتور فواد مەعسوم ئێستە ئەندام پەرلەمانى عراقە.بۆ ئەوەى كە خاتو میتران كاتێك لە هەڵەبجە گەرایەوە چوبێتە ماڵى دكتور فواد بابان یان ماڵى دكتور فواد مەعسوم،من لەوە دڵنیا نیم،بەڵام لەبەر ئەوەى دكتور فواد مەعسوم ئەندامى مەكتەب سیاسى ى ن ك بو،حمایەى هەیەبۆ پاراستنى گیانى ئەو خانمە، لوژیك ترە دانیال میتران بچێتە ماڵى دكتور فواد مەعسوم ، دەبێت لەو كاتەدا دكتور فواد مەعسوم بێتە سەرخەت،نەك دكتور فواد بابان،بەڵام من ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم خاتو دانیاڵ میتران نەچۆتە ماڵى دكتور فواد بابان.كاك حەمە سوسەیى دەنوسێت كاتێك قادرى حاجى عەلى پارێزگارى سلێمانى بو،هەمو كەس دەزانێت قادرى حاجى عەلى قەت پارێزگارى سلێمانى نەبوە،بەرپرسى بەرەى كوردستانى بوە،یەكەم پارێزگارى سلێمانى دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان و پێكهێنانى حكومەت مامۆستا جەمال عەبدول بوە.كاك حەمە سوسەیى دەنوسێت عماد ئەحمەد نوێنەرى حزبى زەحمەتكێشان بوە لە بەرەى كوردستانى،بەڵام ئەو كاتە نوێنەرى زەحمەتكێشان لە بەرەى كوردستانى شێخ ئەحمەد بەرزنجى بو كە ئێستە نوێنەرى تاڵەبانیە بۆ كاروبارى ئاینى.كاكە حمەمە سوسەیى جەبار فرمان بە تیسرۆریست دەناسێنێت و خاڵە حاجى و فواد بابان بە مەلائیكە،جەبار فرمان پاكترین سەركردەى ى ن ك بو،فایلى نەبو،گەندەڵ نەبو،ئازا بو،ئەگەر دواى راپەرینیش لە تاوان و كردەوەى خرابەوە گلابێت، ئەوە بەشێگ بوە لە سیستەمى جەلالى و تاڵەبانى و نەوشیروان پێیانكردوە،بەڵام با بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بكەین،جەبار فرمان پێش نەوشیروان و پێش نوسەرانى كوردستانپۆست دژى حوكمى رەهاى بنەماڵەى بەرزانى و تاڵەبانى وەستایەوە،ساڵى1993 وتى نا بۆ بنەماڵەى بەرزانى،ساڵى 1995 وتى نا بۆ بنەماڵەى تاڵەبانى،نەخۆشى و مەرگە سەیرو سەرمەرەكەشى،دەهێنێت دەسەڵاتى بنەماڵەى تاڵەبانى پێتاوانبار بكرێت.
2.خاڵێكى تر لە نوسینەكەى كاك حەمە سوسەیى ئەوەیە كە باس لە پاكى و دلسۆزى خاڵە حاجى دەكات،بەڵام نوسنەكەى قادر نادر و دكتور سالار،لە تااونى كوشتنى لیسى شمیس و هەوڵى كوشتنى دانیال میتراندا گومان لە سەر حزبەكەى خاڵە حاجی دەكەن، من واى بۆدەچم خاڵە حاجى ویستبێتى لە رێگەى(U N)یۆ ئێنەوە ئەو تاوانبارانە رزگاربكات،نەك وەك ئەوەى كاك حەمە سوسەیى تێگەیشتوە،من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم كەس تیرۆر بكرێت، تیرۆركردنى خاڵەحاجى تاوانە،بەڵام ئەگەر خاڵە حاجى تا ئەمرۆ لە ژیاندا بایە، دەبو یەكەم كەس كە نوسەرەكانى كوردستنپۆست داواى دادگاییكردنى بكەن لە لایەن دادگاى گەلەوە خاڵە حاجى بوایە، خاڵەحاجى بە ئاشكرا پێوەندى بە دام و دەزگا هەواڵگریەكانى وڵاتانى داگیركەرى كوردستانەوە هەبوە ،خاڵە حاجى لە سەردەمى پاراستندا چەندان تاوانى گەورەى ئەنجاداوە،كەچى كاك حەمە سوسەیى دێت و بە پیاوێكى پاكى دەناسێت؟؟
3.نوسینەكەى كاك حەمە سوسەیى بردمیەوە بۆ سەردەمى رۆژانى راپەرین،بۆ ئەو كاتەى پێش ئەوەى ئێمەبگەینە سلێمانى، خەڵكى راپەریوى شارى سلێمانى و رێكخستنەكانى سوپاى رزگارى كوردستان (سرك) دام و دەزگا سەركوتكەرەكانى رژێمى بەعسیان خستبوە ژێر كۆنترۆڵى خۆیانەوە،لە كاتى راپەرینى خەڵكدا هەندێك لە بەرپرسەكانى رژێمى بەعس كەوتبونە دەست خەڵكى راپەریو و زۆربەیان بە سزاى گەل و شۆرش گەیشتبون.یەك لەو كەسانە كە نەكەوتە ژێر دەستى خەڵكى راپەریو،بەرێوەبەرى ئەمنى سلێمانى بو،ئەم بەرێوەبەرە بۆ كوێ چو؟،كێ لە لاى خۆى گلیدایەوە و گەیاندوە بەغدا مایەى سەرسورمان و گلەیى خەڵك بو؟؟؟؟.یەك لەو كەسایەتیانەى شارى سلێمانى كە تاوانى ئەوەى دەدرایەپاڵ لە شاردنەوەى بەرێوەبەرى ئەمنى ئەوكاتەى رژێمى بەعسدا رۆڵى بوە، دكتۆر فۆاد بابان بو،هۆكارى یەكەم بۆ ئەوەى كە دكتۆر فۆاد بابان ئەو كارەى كردبێت پێوەندى باشى بو لەگەڵ بەرپرسانى (ى ن ك) وە بە تایبەتى نەوشیروان مستەفا و پارتى دیكموكراتى كوردستاندا،گوایەبە ئاگادارى و رەزامەندى ئەوان ئەو كارەى كردوە،خاڵێكى تر ئەوەبو خێزانەكەى دكتور فواد عەرەبە و خەڵكى بەغدایە،ئەوەش وایكردبو كە دكتور پێش راپەرین پێوەندى لەگەڵ مدیرى ئەمنى سلێمانیدا بوبێت،بەڵام لەبەر ئەوەى كارئاسانى كردن بۆ دەربازبونى بەرپرسانى بەعس لە تۆڵەى گەل، لە كاتى راپەرین و لە كاتى شەرە گەوەركاندا پیشەى ئاسایى بەرپرسانى هێزى پێشمەرگە بوە،دەربازبونى مدیرى ئەمنى ئەو كاتەى سلێمانى هێندە گرنگى پێنەدراوە،ئەوە نەبێت جارجارە ناحەزەكانى دكتور فواد بابان لە مەجلیسا مەسەلەى شاردنەوە و ناردنەوەى مدیرى ئەمنى سلێمانیان باس كردوە.
منیش وەك تاكیكى ناو ئەو كۆمەڵگا مافیایەى باشور، هێندە هەواڵى تاوانى لەوە گەورەتر و چارەنوسازترم داوە بە گوێى ئەم و ئەودا و تا ئەمرۆ هیچ كاریگەریەكى ئەوتۆى نەبوە،لە ژیانما باسى شلردنەوە و ناردنەوەى بەرێوبەبەرى ئەمنى سلێمانیم نەكردوە،واى بۆدەچوم ئەوە تاوانیكە ناحەزان، بۆ دكتۆر فواد بابانى دروستدەكەن، بەڵام كاتێك ئەو وتارەى كاك حەمە سوسیەییم خوێندەوە و بینیم ماڵى دكتۆر نوساوە بە بیناى ئەمنى سلێمانیەوە،منیش بیرم لەو دعایانەى دواى راپەرین كردەوە كە خەڵك دژى دكتور فواد بابان دەیانكردو دەیانوت مدیرى ئەمنى ساێمانى شاردۆتەوە دواتر گەیاندویەتیەوە بەغدا ،بۆیە بە كاك حەمە سوسەیى دەڵێم،با لە شاردنەوە و ناردنەوەى مدیرى ئەمنى سلێمانیشدا دكتور فودا بابان بێتە سەر خەت.
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە