داواكاریەك لە كوڕە ئەنفالێكەوە بۆ هەردوو بەڕێزان مام جلال و كاك مسعود
Wednesday, 26/08/2009, 12:00
بەڕێز سەرۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵ بەڕێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان ،ئەم داواكارى وپێشنیارە ئاراستەى بەڕێزتان دەكەم داواكارم لێم قبوڵ بفەرمون ،ئێوە كەدوو تێكۆشەرو دووسەركردەى دووحزبى دەسەڵات دارن لەكوردستان هەموو كوردو جیهان دەزانێت كەخودى بەڕێزتان و كەسو كارتان و حزبەكانیشتان گەورەترین وترسناكترین مەرگەساتى بەدەستى ڕژێمە یەك لەدواى یەكەكانى حكومەتى عێراق چەشتووەو چەندین هەزار پێشمەرگەى قارەمانتان بەدەستى ئەم ڕژێمە سەرسەختانە شەهید بووەو ئەنفالكردنى خزمو عەشیرەتەكانتان و نسكۆى شۆڕشەكانتان هەربەدەستى ئەم فاشى و دیكتاتۆرانەبووە ،دەربەدەرى وماڵوێرانى سەدان ساڵەى گەلى كورد هەربەدەست وپیلانى ئەوان بووە ،گەورەترین مەرگەساتى تراژیدى كەكوردى پێناسراوە لەهەموو جیهان هەڵەبجەو ئەنفالە كە سەرانى ڕژێمى گۆڕبەگۆڕ بەپێ ى پیلانێكى تۆكمە ئەنجامیان دا ،ئەنفال ئەو تاوانەى كەلە مێژووى مرۆڤایەتیدا بێ وێنەیە ئەگەر هەردوو شەڕى جیهانى وتاوانەكانى كەلێیان كەوتووە وەلانێین لەمێژووى تازەیدا هیچ تاوانێك لەتاوانى ئەنفال گەورەترو ترسناكترو ڕەگەز پەرستتر نەبووە ، چونكە ئەنفال، تاوانێكى دڕندانەى مرۆییە بۆ لەناوبردن وقڕكردنى میللەتێك كەدژى هەموو یاساوشەرعە ئاسمانى ویاسانێودەوڵەتیەكانە ، كە بەغدا دژى كوردوەكو پرۆسەیەك بۆ نەهێشتنى وتواندنەوەو بزر كردنى شوێنەوارى تاوانەكەى بەكارى هێنا كەوێنەى لەمێژوودا نەك هەردەگمەنە، بەڵكو بێ وێنەیە، دەسەڵاتێك بێت وبەسەدان هەزار لە هاووڵاتیانى خۆى لە منداڵ و ژن و لاو پیر لەناوماڵ وگوندو شارى خۆى بێ ئەوەى یەك تاوانیشیان هەبێ تەنها ئەوە نەبێت كە(كوردن) و خەڵكى كوردستانن ، بیان بات ولە قوڵاى بیابانەكان و لە (نوگرەسەلمان) و (عەرعەر)هەموان زیندە بەچاڵ بكات 0
بەڕیزان بەندە یەكێكم لە پاشماوەى ئەنفال و لەناو ئەو مەرگەساتە ڕزگارم بووەو ئێستا لەناو كەس وكارى ئەنفالكراواندا دەژیم و هەست بەو معاناتە زۆرەیان دەكەم هەرلەچاوەڕوانى بۆ كەس وكاریان و نەخۆشى و نەبوونى و كەمى دەرامەت وبێ جێگەى و نەخۆشى دەروونى وسەدان وهەزاران موعاناتى تر كە ڕەنگە نەتوانم وەك پێویست تەعبیریان لێ بكەم ، بەڵام بەڕێزان جەنابى سەرۆكى كۆمارو جەنابى سەرۆكى هەرێم ئەوەى زۆر بووەتە داخى دڵى هەموو كەس وكارو پاشماوەى ئەنفالكراوان لەكوردستاندا ،دەستگیر نەكردنى مستەشارو تاونبارانى كەیسى ئەنفالە دواى دەرچوونى بڕیارى دەستگیركردنیان لەلایەن دادگاى باڵاى تاوانەكان لە عێراق كە بەشێكى زۆر لەو تاوانبارانە ئێستا لەكوردستان بەئازادى دەسوڕێنەوەو وە زۆر بەداخیشەوە و هەزار حەیف ومەخابن زۆربەیان لاى هەردوو حزبەكانى بەڕێزتان دەسەڵات دارن وپلەو پایەیان هەیە بەڕاستى ئەمەش شوورەییەكى زۆر گەورەیە و گاڵتەكردنە بەشعورى كەسو كارى ئەنفالەكان ، من وەك كوڕەئەنفالێك وهەموو كەس وكارى ئەنفالەكانیش هەست بەمەترسیەكانى سەرگەلەكەمان دەكەین وحساباتى ووردمان بۆ كردووە ، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەى ئێوە و ئێمەیش لە گەورەترین تاوانبارى بەشەریەت ببورین لێیان خۆشبین بۆیە جارێكى تر داواكارین ئەگەر خۆتان بەباوكى ئەم میللەتە دەزانن و خەمى ئێمە بەخەمى خۆتان دەزانن ئەوا :-
1-هەمووموستەشارو ئەوتاوانبارانەى دەستیان هەبووە لەو پرۆسەیەدا ئەوپلەوپایانەى پێتان داون لێ یان وەربگرنەوە 0
2-هەموویان تەسلیم بەدادگاى باڵاى تاوانەكانى عێراق بكەن وبابەسزاى خۆیان بگەن وببێتە دەرسێكیش بۆ ئەوانەى كە بیانەوێ لەهەركات و وەخت وسەردەمێكدا خیانەت بەرامبەر بەمیللەتى خۆیان بكەن وببنە عیبرەت بۆهەتاهەتایە وئەمەش دەبێتە ساڕێژكەرى بەشێكى زۆرلەبرینى كەس وكارى ئەنفالكراون .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست