کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەنها پاڤێڵ و قوباد جگەرگۆشى جەلال تاڵەبانین وەڵامێك بۆ پەیامە ساختەكەى تاڵەبانى

Thursday, 17/03/2011, 12:00






پاش مانگێك بەسەر خۆنیشاندانە جەماوەریەكەى شارى سلێمانى و دەوروبەریدا و پاش ئەوەى هەندێ لەبەرپرسەكانى پۆلیس و ئاسایش بەعس ئاسا و بەفەرمانى دەزگا حیزبیەكان خوێنى لاوان و تەنانەت منداڵان و بەتەمەنەكانیان كردە كاسەوە و زۆر نامەردانە بەخوێنێكى ساردەوە بەدەستڕێژى گووللە و تفەنگ وەڵامدرانەوە ، جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى .. خائینان و جەردە و سەرە گوولەكانى دەسەڵاتى بنەماڵەى تاكڕەو هەریەكە و بەجودا چەند پەیام و وتارێكى ساختە و چەواشەكاریان ئاراستەى خۆنیشاندەرانكرد ، تاكە مەبەستى ئەم پەیامانەش ساركردنەوە و لەباربردنى ئەزموونە نوێكەى شەقام بوو كە لەپاش راپەڕینەوە بەمەزنترین مەترسى راستەقینە ئەژمار دەكرێت بۆكۆتایهاتنى دەسەڵاتى ناشەرعى بنەماڵە و كاسەلێسەكانیان .

جەلال تاڵەبانى بەخۆنیشاندەران دەڵێت (ئێوە جگەرگۆشى منن) ، ئێمەش دەڵیین رووت رەش بێت ... تاكە جگەر گۆشى نازدارى تۆ پاڤێڵ و قوبادن كە لــــەواشنتۆن و لەندەن و پایتەختەكانى ئەوروپا یارى بەملیۆنە دزراوەكانى قووتى بەتاڵانبراوى دەمى ئێمەوە ئەكەن و لەپاش راپەڕینەوە بەسەریەكەوە چوار مانگ لەكوردستانا نەماونەتەوە .

ئەگەر ئەو لاوانە جگەرگۆشى تۆبوونایە پرسەنامەیەكت پێ رەوا ئەبینین .. ئەگەر جگەرگۆشى تۆبونایە گڵۆپى سەوزت بۆ دەزگا سەركووتكەرەكانت هەڵنەدەكرد تاكو بوێرى ئەوەیان بدەیتێ كە راستەوخۆ تەقە لە لاوە خێرنەدیوەكانمان بكەن و تاكو ئیستاش تاكە یەك كەسیان لێ زیندان نەكرێ .

هەموومان ئەزانین كە دەزگاى دژە تیرۆر راستەوخۆ پەیوەندى بەخودى سكرتێرى گشتى (ى.ن.ك) وە هەیە و لەغەیرى جەلال تاڵەبانیەوە نەبێت لەكەسى ترەوە فەرمان و رێنمایى وەرناگرن و بەرپرسەكەشى خودى شێخ لاهورى ئامۆزاى خۆیەتى ، كاتێ ئەم دەزگا هاوڕێى تیرۆرە نەك دژە تیرۆرە لەژێر باڵى تاریكى شەودا دەزگایەكى راگەیاندنى تەمەن سێ رۆژە بسوتێنن ئەوا بەدڵنیاییەوە فەرمانێكى راستەوخۆ و روون و ئاشكرایان لەخودى جەلال تاڵەبانیەوە وەرگرتبوو بەسووتان و كوشتنى هەموو ئەوانەى لەو دەزگایەدان ، ئەمە رەوشت و رەوتى بیركردنەوە پیرێكى ئاخرشەڕى خڵەفاوى وێنەى جەلال تاڵەبانى بێت ئیتر چاوەڕێى كامى چاكسازى و پاكسازى لێدەكرێت .

جەلال تاڵەبانیەك ژنەكەى بكاتە ئەندامى مەكتەب سیاسى و بەرپرسى مەڵبەند و كوڕێكى بەنوێنەرى حكومەت و حیزب لەئەمریكا و كوڕێكى تریشى رۆژێ بەرپرسى دەزگا ئەمنیەكانە و رۆژێكى تر بەرپرسى دۆسیەیى بەتاڵانبردنى نەوت و حسابە نهێنیەكانێتى و بەمەش دەسەڵاتى بنەماڵە بكاتە سیتەمێكى پیادەكراوى بنەماڵەیى ئیتر ئەبێ كامە شەرعیەتێكى مابێ .

تاڵەبانى بەتەنها خەمخۆرى دەسەڵات وخانەوادە و جگەرگۆشەكانى خۆیەتى و هیچى تر ، ئەبێ زۆر تەواو ئەو راستیەش بزانێ كەزەمەنى خۆڵكردنە چاو و چەواشەكارى و درۆكردن زۆردەمێكە گوزەشتى كردووە و بەسەرچووە .

دووبارە و سێ بارە حاشا بە حاشا نەتۆ باوكى ئێمەیت و نەئێمە جگەرگۆشى تۆین .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە