خەیاڵێكی خۆش، بەڵام دابڕانێكی ناخۆشتر
Tuesday, 10/07/2012, 12:00
خەیاڵكردن توانای هێنانەپێشچاو یان دروستكردنی مەعنەوییانەی ئەو شتانەیە كە مرۆڤـ لە جیهانی ماددیات و بەرجەستەدا پێگەیشتنیان بە ئەستەم دەزانێ. خەیاڵ ئامرازێكە سنوورەكان یاخود بەربەەستەكانی بەردەم خەون و ئومێدەكانی مرۆڤ ڕادەماڵێ. خەیاڵدانی مرۆڤـ، دونیایەكی ئێجگار فراوانە، پانتاییەكە جێگەی هەموو ئەگەرێكی تێدا دەبێتەوە، سەرزەمینێك بەڵكو تاكە شوێنێكە تیایدا مرۆڤ هێندەی حەز بكا ئازادە و بەهیچ شێوەیەك دیلی هیچ كۆت و بەندێك، یان یاسا و ڕێسایەكی ئەم یان ئەو نابێت. دونیای خەیاڵات بەڕاستی دونیایەكی سەیرە! جیهانێكە مرۆڤ هیچ شتێكی لێ یاخی نیە؛ هەرچییەكی بوێ زۆر سانا و ئاسان لەبەردەمیدا ئامادە و فەراهەم دەبێ!
لە ڕوانگەی ئەو تایبەتمەندییانەدا كە لەسەرەوە ئاماژەم پێكردوون، دەشێ مۆرڤـ زوو زوو پەنا بەرێتە بەر ئەو دونیا ئەفسووناوییە، بۆ ئەوەی گەر بە خەیاڵیش بێت جار نا جارێ بگاتە لای هیوا و ئاواتەكانی، یان سەرێك بدات لە حەز و ئارەزووەكانی و كەم تا زۆر جۆرێك لە خۆشحاڵی و ئاسوودەیی لە پێگەیشتنی خۆشەویستانییەوە بەدەستبهێنێ!
بەڵێ، خۆشی جیهانی خەیاڵات- وەك لە ناوەكەیڕا دیارە- لەوەدایە كە جیهانی شتە ناواقیعی و خەیاڵییەكانە. چێژەكەی لەوەدایە دونیایەكی دوور و دابڕاوە لە دونیای واقیع و ئێش و ئازار و مەینەتی و ماندووبوون و ناخۆشییەكانی. تامەكەی ئەوەیە ئینسان دوور و، زۆر زۆریش دوورە لە جیهانی ماددیات و ئاوێتە و تیكەڵیشە بە جیهانی مەعنەوییات: جیهانی هەست و سۆز و بیر و ئەندێشەكانی.
بەم كلۆجە، دونیای خەیاڵ و ئەندێشەكان بۆ منێكی گەنج، گەنجێكی لەهیچ شوێنێك دانەمەزراو، تاكێكی بێ كارو كاسبی، كەسێكی بەدوای كاردا گەڕاو بەڵام ئەویش بەدەست نەهێناو، ئینسانێكی بێ ماف و بێ پشك لە 14 تریلیۆنی بودجەی وڵاتەكەی خۆی، بەڵكو بۆ هەموو گەنجانی هاوشێوەم، تەنانەت هەموو هاوڵاتی و خێزانێكی هەژار و هاوسیفەت و هاودەردم، تاكە شوێنێكە چارەسەری هەموو ئەو كێشانەی لێیە. ئێمەی بێدەرەتان و بێكەس، ئێمەی زوڵملێكراو و چەوساوەی دەستی نادادگەری و دزی و خیانەت و بێگانەپەرستیی دەسەڵاتدارانمان، جگە لە مەملەكەتی خەیاڵ شوێنێكی دیكە شك نابەین كە بتوانین ئاسمانەكەی تەی كەین و بەرەو لای ئامانجەكانمان، بە ئاڕاستەی خۆزگە و ئاواتەكانمان بفڕین! ئای خەیاڵات! ئای دونیای دڵڕفێنی ئەندێشەكان، گەر تۆ نەبای ئێمە چیمان بكردایە؟! چۆن و بەچ شێوەیەك بمانتوانیایە لە دونیای بێتام و ڕەزاقورسی گەندەڵەكان، شۆڕشگێرە درۆیینەكان، دیكتاتۆرە خوێنمژەكان ڕامان بكردایە؟! چـــۆن؟!!
بەڵێ، ئەو خۆشییەی كە من وەكو تاكێكی ئەو توێژەی كە لەسەرەوە باسم كردووە: ئەو توێژەی كە هیچ مافێكی پێ ڕەوا نابینرێ، دەیبینم، چوونمە بۆ ناو دونیای خەیاڵات و ئەندێشەكانم. لەوێدا، من و هاوڕێكانم هەموو ئەو ئامرازانە بەكار دەهێنین كە لە دونیای دەسەڵاتدارانی خۆمان و (دیموكراسییە بێ وێنەكەیاندا!) بە مەبەستی (پاراستنی ئەمنی قەومی و بۆ ئەوەی وڵات ئاژاوە و بێسەروبەری تێدا دروست نەبێ!) لێمان قەدەغە كراون. لەو جیهانەدا، ئێمەی توێژی ناوبراو، هەموو ئەو ڕێگایانە تاقیدەكەینەوە كە ڕێگەی شەرعین و مافی هەموو ئینسانێكی مافخوراوە كە ڕووەو سەندنەوەی ئەو مافە خوراوانەی پێیاندا گوزەر بكات، بەڵام دەسەڵاتی كوردی و (نموونە بێ وێنەكەی دیموكراسی و ئازادی بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!!) لێیانی زەوت كردووین!
من و هاوئازارەكانم لە جیهانی ناوبراودا بۆیە خۆشییەكی ئێجگار زۆر دەبینین، چونكە هەركاتێك بمانەوێ لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانماندا هەموومان بەیەكەوە ئەڕژێینە سەر شەقامەكان و زۆر ئازادانە و پڕ بە قوڕگمان هاواری مافەكانمان دەكەین و دەنگی بەرزی بەئاسمانداچوومان هیچ دامو دەزگایەكی بەرپرس لە مافەكانمان، هیچ كونج و كەلەبەرێك كە بچووكترین بەرپرسی مافەكانمانی لەخۆ گرتبێ، نامینێ نەیگاتێ! ئەمە بێ ئەوەی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیش لە هیچ كەس و لایەنێك بكەین!!
من و هاوخەمەكانم لەو جیهانی خەیاڵاتەدا دەبینین ئەندام پەڕلەمانەكانی داكۆكیكار لە مافەكانمان لەنێو پەڕلەماندا هەڵساونەتە سەرپێ و وەكو شێر دژی گەندەڵییەكانی بودجە هاتوونەتە دەنگ و نەڕڕەی شێرانەشیان ناو هۆڵی پەڕلەمان دەهەژێنێت. ئەمجار خۆشییەكە ئەوەیە: هەرچەندە ئەندام پەڕلەمانەكانی دەسەڵات (بە وێنەی ئەوەی لە دونیای واقیعدا دەیكەن!) دەیانەوێ دژی ئەو داواكارییانە بوەستنەوە، بەڵام ناوێرن و ناتوانن!! چونكە ئێمەی هاوڵاتیانی وشیار و بەئاگا، ئێمەی گەنجانی ئازاد، هەمیشە دەتوانین بۆ سەندنی مافەكانمان و بۆ پشتگیری لەو ئەندام پەڕلەمانانەمان بێینە دەنگ و هێزی كۆبوونەوە و ناڕەزایی بەكۆمەڵی خۆمان پیشانی دەسەڵاتداران بدەین!
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لەهەر جارێكدا، لەهەر چركەساتێكدا كە ئەم خۆشییانە و دەیەهای تر، كە لە جیهانی واقیعدا لێمان حەرام كراون، خەیاڵدەكەین؛ دەنگێك، هەواڵێك لەهەمان ئەو جیهانی بەرجەستەیەوە دێت و ڕاماندەچڵەكێنێ: (لە فڵانە شوێن كۆمەڵە گەنجێك بە تۆمەتی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت دەستگیر كران!)، (لە غیابی فڕاكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆندا، پەڕلەمانی كوردستان بودجەی ئەمساڵی پەسەند كرد!) و (ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم بودجەی ئەمساڵی واژۆ كرد!!).
ئەم دەنگە بەڕاستی داپڵۆسێنە، هێزپڕووكێنە، خەمهێنە، جەرگبڕە، بكوژە!! ئەرێ لەوە ناخۆشتر هەیە دەنگێكی ناسازو ناخۆشی ئاوەها بە كوتەكی ناخۆشیی و ناڕەسەنییەكەی و بەزۆر بەرۆكت بگرێ و دووبارە بەرەو ئەو جیهانە بێزراوەی دەسەڵاتی مافیایی بتگێڕێتەوە؟!! ئەرێ توخوا دابڕان هەیە لەم دابڕانە ناخۆشتر و بەئازارتر، بە تایبەت كە دەنگێكی وا نەخوازراو و قێزەون هۆكارەكەی بێ؟!!
بەڵام نەخێر، ئێمە لەبەرئەوەی بڕیارمانداوە نەكەوین و هەرگیز نائومێد نەبین، تەنانەت دوای بیستنی سەدای ئەو دەنگە ناساز و ناسروشتییەش، هەرگیز ئومێدبڕاو و بێهێز نەبووین و نابین لەوەی دەرفەتێك بێت و بتوانین ئەم ڕۆژگارە ڕەشە تێپەڕێنین. چونكە بێگومان دەتوانین لە خەیاڵی خۆماندا نەخشەی ئاسۆیەكی گەشتر و ڕوونتر بۆ خۆمان و بۆ داهاتووی وڵاتەكەمان بكێشێن. چارەشی نیە دەبێ ئەو ڕۆژە هەربێ كە تیایدا ئەو نەخشە و پلانانە بۆ سەر ئەرزی واقیع و كاریگەرێتی ڕاستەقینە تەرجەمە دەكەین!! كەواتە ئەی دەسەڵاتی لەگوێی گادا نوستوو وەرەوە هۆش خۆت، پێش ئەوەی ئەو (یوم الموعود)ەت بەسەردا بێ!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست