کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هه‌ژاری و گه‌شه‌ی فکری...!!

Wednesday, 27/02/2013, 12:00







هه‌موومان پێویسته‌ ئه‌وه‌ باش بزانین هه‌رکاتیک که‌ هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگا که‌ بژێوی ژیانی باش بوو توانی سه‌رکه‌وتوو بێت له‌ به‌ده‌ست هێنانی پێداویستییه‌کانی ژیانی ئه‌وکاته‌ شانازی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌کات و به‌خۆی سه‌رسام ده‌بێت،به‌مه‌ش بواری بۆ ده‌ره‌خسێت که‌ بیر بکاته‌وه‌و بایه‌خ به‌ فیکر و بابه‌تی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و ....هتد بدات.به‌ڵام کاتیک که‌ تاکێکی کۆمه‌ڵگا توشی شکستێک ده‌بێت و مایه‌پوچ ده‌بێت،ئه‌وا پشت له‌ ژیانی دونیا ده‌کات و ژیانی دونیا له‌لای هیچ مانایه‌کی نامێنێت و به‌ناچاری بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش ته‌نها بیر له‌و دونیا ده‌کاته‌وه‌.ئه‌وه‌ی بۆ تاکه‌که‌س ڕاسته‌ بۆ گروپ و میلله‌تانیش هه‌روه‌هایه‌.له‌ کۆتایی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست له‌ ئه‌وروپا ئه‌وروپییه‌کان به‌تایبه‌ت ئیسپانی و پورتوگالییه‌کان گرینگییه‌کی زۆریان به‌ بازرگانی ده‌دا،له‌مه‌شدا سه‌رکه‌وتوو بوون که‌ توانیان ڕێگه‌ی بازرگانی له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ ئه‌فریقا و ئه‌مریکا و ئاسیا بدۆزنه‌وه‌و به‌مه‌ش ته‌واوی ئه‌وروپا له‌ڕووی ژیارییه‌وه‌ گه‌شایه‌وه‌،ئه‌م گه‌شانه‌وه‌یه‌ش بووبه‌هۆی گه‌شانه‌وه‌ی فیکر و ده‌ستپێکردنی سه‌رده‌می ڕێسانس.
له‌ڕاستیدا هه‌موو ڕێسانسێکی ڕۆحی و فیکری پێویستی به‌ پاڵپشتییه‌کی ماددی هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بیپارێزێت و کۆمه‌کی بکات و له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت.نابێت زۆر میسالی بین و پێمان وابێت که‌ فیکر له‌ بۆشایدا وه‌ستاوه‌ و هه‌ڵواسراوه‌ یان به‌بێ پاڵپشتی ماددی گه‌شه‌ده‌کات.فیکر پێویستی به‌ هه‌ڵومه‌رجی گونجاو هه‌یه‌،ئه‌وه‌ی هه‌ژار و نه‌دار بێتنازانێت چۆن بیربکاته‌وه‌ و دونیای له‌به‌رچاو ڕه‌ش ده‌بیت و گاڵته‌ی به‌ ئازادی فیکری دێت.بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ که‌ بزاوته‌ توندڕه‌وه‌کان له‌ بارودۆخی هه‌ژارییه‌کی زۆردا به‌هێز ده‌بن و گه‌شه‌ ده‌که‌ن،هه‌رکاتێکیش که‌ بارودۆخی ئابوری بوژایه‌وه‌ و گوزه‌رانی خه‌ڵک له‌ ڕووی ماددیه‌وه‌ باش بوو ئه‌وا ئه‌م بزاوتانه‌ پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ن و بچوک ده‌بنه‌وه‌،که‌واته‌ له‌نێوان هه‌ژاری ماددی و نه‌داری فیکری و ڕۆحیدا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌.
هه‌روه‌ک ئێستا له‌ عێڕاقدا تاژماره‌ی هه‌ژاری زیاد بکات بزاوته‌ توندڕه‌وه‌کان زیاد ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش لای هه‌موومان ڕوونه‌.وه‌نابێت ئه‌وه‌ش له‌یاد بکه‌ین که‌ له‌ کوردستانی خۆشماندا له‌ ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کاندا به‌هۆی خراپ بونی باری ئابوری خه‌ڵکه‌که‌ی و ناجێگیر بونی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵومه‌رجی نائارامی سیاسی ئه‌وکاتی کوردستان،ڕێبازی سۆفی گه‌ری و ده‌روێشی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و له‌گه‌ڵیشیدا فکری زانستی و ئه‌قڵانی پاشه‌کشه‌یان کرد.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌مێک گه‌شه‌یان کرد و به‌هیز بوون،چونکه‌ هه‌روه‌ک پێشتر باسم کرد هه‌رکاتیک مرۆڤ له‌ڕوی ماددیه‌وه‌ مایه‌پوچ ده‌بێت و توشی شکست دێت ئه‌وا پشت له‌ ژیانی دونیا ده‌کات و ته‌نها بیر له‌و دونیا ده‌کاته‌وه‌.به‌مه‌ش خه‌ڵکه‌که‌ ڕویان له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان ده‌کرد.به‌ڵام دواتر له‌ کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان و سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌م که‌ هه‌ڵومه‌رجی ئابوری خه‌ڵکی کوردستان که‌مێک بوژایه‌وه‌و باشیه‌کی به‌خۆیه‌وه‌ بینی،ئه‌وا کوردستان له‌ ڕووی فکری زانستی و ئه‌قڵانی و ڕۆشنبیری گه‌شه‌ی کرد و چه‌ندین ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ڕێکخراوو سه‌نته‌ری چالاک دروست بوون که‌ئه‌مانه‌ هه‌موویان جێگه‌ی شانازین.به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا من مه‌به‌ستمه‌ باری ئابوری ئێستای کوردستانه‌ ئه‌گه‌ر تێبینی بکه‌ین له‌ کوردستاندا ڕۆژ به‌ ڕۆژ ژماره‌ی هه‌ژاران ڕوو له‌زیاد بونه‌،ڕاسته‌ بودجه‌یه‌کی زۆر دێته‌ کوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌غداد و ئه‌و کۆمپانیا ده‌ره‌کیانه‌ی که‌ له‌ کوردستان کار ده‌که‌ن،به‌ڵام ئه‌و بودجه‌ زۆره‌ش نه‌یتوانیوه‌ کێشه‌ی هه‌ژاری چاره‌سه‌ر بکات،چونکه‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و بودجه‌یه‌ ژماره‌یه‌کی که‌می کۆمه‌ڵگا سودی لێده‌بینێت وه‌ ژماره‌ زۆره‌که‌ی خه‌ڵکی کوردستانیش به‌شێکی که‌میان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌،وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و زیاد بونی هه‌ژارییه‌ له‌ کوردستاندا هه‌روا به‌رده‌وام بێت ئه‌وا به‌بێ دوودڵی ده‌یڵێم که‌ ڕه‌وته‌ توندڕه‌وه‌کان ژماره‌یان زیاد ده‌کات و وه‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌کانیش ئاستی جه‌ماوه‌ریان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ چونکه‌ وه‌کو ووتم ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌ژار و نه‌دار بوو چیتر دڵی به‌م دونیایه‌ خۆشنابێت و زیاتر بیر له‌و دونیا ده‌کاته‌وه‌.!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە