کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سیاسه‌تی کوردی له ‌نێوان ئه‌قڵانی و نائه‌قڵانیدا

Tuesday, 02/04/2013, 12:00







 
مرۆڤ بونه‌وه‌رێکی ئاقڵه‌. هه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له‌ بونه‌وه‌ره‌کانی تری جیاده‌کاته‌وه.‌ ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌و تێگه‌یشتنانەی که‌ له‌ سەردەمی ئه‌رستۆوه‌ تاکوو ئێستا باسی لێوه‌ده‌کرێت. هه‌ر له‌ سایه‌ی ئه‌م ئه‌قڵه‌، مرۆڤ توانیویه‌تی زۆر شت که‌ نه‌کرده‌ بوونه‌ بیکات. ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ مێژووی سیاسه‌ت بده‌ینه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و مرۆڤه‌ ئاقڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ی سیاسه‌تی نائاقڵانه‌ کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ سیاسه‌تێکی ئاقڵانه‌ی نه‌کردووه‌. هه‌روه‌کو مارکس ده‌ڵێت ئه‌قڵ به‌رده‌وام بوونی هه‌بووه‌، به‌س هه‌میشه‌ به ‌شێوه‌یه‌کی ئاقڵانه‌ نه‌بووه‌. مەبەست لە سیاسه‌تی نائه‌قڵانی سیاسەتێکە کە ئه‌و بڕیار و هه‌ڵوێستانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یده‌ن، له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ سه‌رچاوه‌ی بڕیاره‌کانه‌، یان دژه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک و نیشتیمان ناکۆکە.
سیاسه‌تی نائه‌قڵانی ده‌توانین به‌م سێ جۆرە پۆلین بکەین: جۆری یه‌که‌م سیاسەتکردنێکە که‌ نه‌ک ئێستا، به‌ڵکو هه‌ر له‌ کاتی خۆشیدا، سیاسەتی هەڵە هەڵبژێردراوە و پیاده‌ کراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، هه‌ر له‌کاتی خۆشیدا که‌سانێک هه‌بوونه‌ که‌ ڕه‌خنه‌یان له‌م سیاسه‌ته‌ گرتووه‌ و به دیوه‌ خراپه‌که‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یان زانیووه‌، باسیان کردووه‌ و وشیاریان له‌باره‌ی زیانه‌کانی ئەم چەشنە سیاسەتە داوە. ئه‌گه‌رچی زۆرن ئه‌و بڕیار و سیاسه‌تانه‌ی که‌ پاش ماوه‌یه‌ک هەڵەبوونیان دەردەکەوێ.
جۆری دووه‌می سیاسه‌تی نائه‌قڵانی، سیاسەتێکە که‌ ده‌سه‌ڵاتداران په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، بەدیلی درووستتری هەیە کە لە لایەن کەسانی ترەوە پێشنیارکراوە به‌ڵام به‌هۆی لوت به‌رزی و گوێ نه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتداران، پێڕەوکردنی سیاسەتە هەڵەکە درێژەی هەیە.
جۆری سێیه‌می سیاسەتی نائەقڵانی، بڕیاردانی سیاسی لە لایەن تاکه‌ که‌سێکه‌وه‌یە. ئەگەر سیاسەت، سنوری تاکه‌که‌سی نەبڕێت و زۆرینە بەشداری هەڵبژاردن و داڕشتنی نەبێت هەڵەیە.
بە پێچەوانە، سیاسه‌تی ئه‌قڵانی، سیاسه‌تێکه‌ که‌ هه‌ر له‌ کاتی پیاده‌کردنیدا، ڕه‌خنه‌ و پێشنیارانی کەسانی تر به‌ هه‌ند وەردەگیرێ و پێداچونه‌وه‌ی بەسەردا دەکرێ. لەم چەشنە سیاسەتکردنەدا، تەنانەت ئه‌گه‌ر به‌دیلێکی تری پێشنیار کراو، له‌لایه‌ن که‌سانی شاره‌زا هەبێت، جێی سیاسەتە هەڵەکە دەگرێتەوە و پیادەدەکرێ.
سیاسه‌تی کوردی ئه‌وه‌نده‌ی له‌ جۆری یه‌که‌میان نزیکه،‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ جۆری دووه‌میان نزیک نییه‌. واتە کورد زۆربەی کات، سیاسه‌تی نائه‌قڵانی پیاده‌کردووه‌ و سەرەڕای‌ ڕەخنەی نووسه‌ران و که‌سانی شاره‌زا و پێشنیارکردنی سیاسەتێکی بەدیل، ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ک هه‌ر گوێیان بۆ ئەو ڕه‌خنه ‌و پێشنیارانه‌ نه‌گرتووه‌، به‌ڵکو ئه‌و که‌سانه‌یان به‌ تێکده‌ر و ده‌ستی ده‌ره‌کی ناودێرکردووە. له ‌هه‌مووشی کاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه‌ که ‌له‌ کاتێکدا که‌ سیاسه‌ته‌که‌ی خۆیان فه‌شه‌لی هێناوه،‌ که‌سانێک هەوڵی بیانووهێنانەوە بۆیان دەدەن و‌ هەڵەبوونی ئه‌م چەشنە لە سیاسه‌تکردنە به‌ مه‌عسووم نه‌بونی مرۆڤه‌وه‌ دەبەستنەوە و به‌مه‌ش ده‌یانهه‌وێت ڕاستییه‌کان بشارنه‌وه. ‌
پاسکاڵ ده‌ڵێت "مرۆڤ به‌رده‌وام به‌دوای باشترین ناودا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی که‌ له‌ ڕابردوودا کردونی بۆیه‌ ناویان ده‌نێت ئه‌زمون". نابێت ئه‌وه‌مان لەبیربچێت که‌ ده‌ره‌نجامی سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌کانی حکوومه‌ت، کاردانه‌وه‌ی خراپی بۆ سه‌ر گشت کۆمه‌ڵگا و نیشتیمان دەبێت. هەر بۆیه‌ش سیاسەت ده‌بێت حه‌کیمانه‌ کار بکات و هه‌میشه‌ به‌ میکانیزمێک پارێزراو بێت تا ئەو جێگەی کە مومکینە لە هەڵە خۆ بەدوور بگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە