کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی هێشتا بەڵێنێکی جێبەجێ نەکردوە بەڵێنێکی تر دەدات.!

Monday, 21/03/2011, 12:00




 



 هاواری ئەمڕۆی گەلان بە تەنها بۆ گۆڕینی دەم و چاوی سەرۆکەکان نییە، بەڵکو هاوارە بۆ ئازادی
 
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوشێوە لەگەڵ سەرۆکەکانی تری وڵاتانی وەکو تونس و میسیر و یەمەن لەبەردەم ڕای گشتیدا ڕایگەیاند کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی کاندید ناکاتەو، ئەم بەڵێنەی بارزانی جێگەی هەڵوەسە لەسەر کردنەو دەکرێت لە بارزانی بپرسین، ئەرێ ئەوانەی کە پێشتر وەکو بەڕێزتان لەبەردەم گەل و ڕای گشتیدا بەڵێنیاندا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان کاندید نەکەنەوە توانیان باوەڕبەگەلەکانیان بهێنن و لەدەسەڵاتدا بمێننەوە؟، یان توانیان بەم کارەیان ڕابردووی خۆیان لەبەرچاوی دونیا و گەلەکەیاندا ئارایشت بکەن؟، بێ گومان نەک هەر نەیان توانی سەرنجی گەل بۆلای خۆیان ڕابکێشن بەڵکو توڕەی جەماوەریان زیاتر کردوو خەڵک بە گوڕێکی زیاترەوە هاواریان کرد بۆ ڕوخانی ڕژێمەکانیان، چونکە هاواری گەلان بەتەنها بۆ گۆڕینی دەم وچاوی سەرۆکەکان نەبوو و نییە، بەڵکو هاواری گەلان هاوارە بۆ ئــــــــــــــــازادی.
بەڵێ هەروەکو بینیمان لە تونس و میسیر هەرچەندە (بن علی و موبارەک) بەڵێنیاندا کە خۆیان کاندید نەکەنەوە، بەڵام گەل داوای ڕوخانی سیستەمی وڵاتیان دەکرد نەک بن علی و موبارەک، چونکە سیستەمەکەیان خاڵی بوو لە ئازادی و لێوان لیو بوو لە سەرکوتکردن و گەندەڵی، بەڵێ ئەوەتا ئەمڕۆ دوای رۆشتنی موبارەک گەلی میسیر لە ڕێگەی ڕاپرسیەوە دەستوری وڵات دەگۆڕن کە بنچینەی سیستەمی وڵاتە، هەرچی سەبارەت بە یەمەنیشە ئەوە بۆ مانگێک زیاتر دەچێت (علی عبداللە ساڵح) بڕیاری داوە خۆی کاندید نەکاتەوە بۆ خولی داهاتوو سەرۆکایەتی وڵات بەڵام گەل هێشتاش لەسەر شەقامەکان داوای ڕوخانی سیستەمی وڵات دەکەن نەک بە تەنها علی عبداللە ساڵح، خۆ ئەگەر سەرنجێکی خێراش بدەینە وڵاتی ئێرانیش دەبینین کە لە وڵاتی ئێراندا دەم و چاوی سەرۆک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بە بەردەوام دەگۆڕێت، بەڵام گەل هاوار دەکات بۆ ئازادی و ڕووخانی سیستەم نەک دەم و چاوی احمدی نەژاد.
لە باشوری کوردستانیش گەلی کورد هاوار دەکات بۆ ئازادی و داوای گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات دەکات نەک بە تەنها گۆڕینی سەرۆک، هاواری گەل لە باشوری کوردستان گۆڕینی دەم و چاوی سەرۆک نییە بەتەنها، بەڵکو هاواری گەل کێشەی بوونی سیستەمێکی نا دادپەروەری گەندەڵی ٢٠ ساڵەیە کە لێوان لیوە لە کەم وکوڕی و نقوم بووە لە گەندەڵی و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە ئەم دەسەڵاتە لە ڕەگ و ڕیشەوە هەرەسی هێناوە و هیچ بنەماێک تیادا نییە کە پێی بوترێت دەسەڵاتدارێتی حکومەتێکی دیموکراسی شەرعیەت وەرگرتوو لە پەرلەمان و پەرلەمانیش وەکو نوێنەری ڕاستەقینەی گەل، بەڵکو دەسەڵات لە دەست حکومەتێکی ناکارای شەرمنی بێ دەسەڵاتی بێ بەرنامەیەدایە وهەموو کارەکانی بە پێی زەوق و سەلیقەی حیزب و بنەماڵە دەچێتە ڕێوە نەک سیستەمێکی دیاری کراوی گونجاو لەگەڵ پێودانگەکانی ئازادی و دیموکراسی، بەڵێ ئەم حکومەتە خاوەنی سیستەمێک و ستراتیژێکی دیاریکراوی دوور مەودا نییە بۆ گەشەپێدانی وڵات، پەرلەمانیش نەک هەر ناتوانێت سیستەم بۆ وڵات دابڕێژێت بەڵکو ناتوانێت سیستەمێکی سەردەمیانە بۆ خودی خۆیشی دابڕێژێت و کاری پێ بکات، پەرلەمان و حکومەت بوون بە دوو (ڕۆبۆت) بە دەستی حیزب و بنەماڵە بۆ بە یاسای کردنی سەرجەم کارە نا یاساییەکانی حیزب و بنەماڵە و بە یاساکردنی دیکتاتۆریەت، هەرچی سەرۆکایەتی هەرێمیشە ئەوە دەتوانین بڵێن شتێک نییە لە کوردستان بە ناوی سەرۆکایەتی هەرێم و ئەوەی هەیە تەنهاو تەنها برێتی یە لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مسعودبارزانی لە (سەری ڕەش)و تەنانەت بیناێکیش نییە بە ناوی کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی هەرێم تیایدا دەوامی یاسای خۆی بکات وەکو چۆن لە هەموو وڵاتێکدا بیناێک هەیە بۆ سەرۆکی وڵات.
خوێنەری ئەزیز:
ئەگەرلە ناوەرۆکی بابەت دوورنەکەوینەوە و چڕ بینەوە لەسەر بەڵێنەکەی بارزانی دەتوانین بڵێین کە هێشتاش بارزانی لە داوای خۆ پیشاندەران نەگەیشتووە ! ، کە داوای گۆڕینی سەرۆک ناکەن بە تەنها بەڵکو داوای ئازادی و بە سیستەم کردنی دەسەڵات دەکەن، بارزانی یان ئەوەتا تێنەگەیشتووە یان نایەوێت تێبگات لەوەی کە هێشتا لە هەرێمەکەی ئەودا شتێک نییە بە ناوی ئازادی و سیستەمی حکومڕانی و یاساێکی یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیان، بەڵکو ئەوەی هەیە و دەکرێت تەنها بریتیە لە زەوقی سەرکردەوحیزب و بنەماڵە و تاکە کەس.
ئەزیزانم:
فەرموون با سەیر بکەین چ یاساێک هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگای کردنی تاوانباران؟ ئەوەتا تاوانبار لە جیاتی ئەوەی ڕاپێچی دادگا بکرێت و سزا بدرێن، دەپارێزرێن و چارەسەریان بۆ دەکرێت و تەنانەت ڕاوانەی دەرەوەش دەکرێن ! ئەگەر یاسا هەیە چۆن دەبێت ئەم تاوانەی بەسەردا تێپەڕ ببێت؟؟؟، یان ئەوەی کە بەڕۆژی ڕووناک تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و دەیانکوژێت، بۆچی ڕاپێچی دادگا ناکرێن و سزا نادرێن؟؟؟، ئەمانە و چەندین تاوانی تر لە وڵاتدا ڕوو دەدەن و هیچ یاسا و دەسەڵاتێک نییە بۆ سزادانی تاوانباران، ئەم نمونانەم بۆ ئەوە بوو بڵێم کە بارزانی ئەمڕۆ دەڵێت خۆم کاندید ناکەمەوە بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی هەرێم زەمانەت چییە بۆ ئەم بەڵێنەی لە کاتێکدا کە هیچ یاساێک نییە سبەی لێی بپێچێتەوە کە خۆی کاندید کردوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم؟، ئەمە لە لاێک لە لاێکی ترەوە ئەو خۆی هێشتا بەڵێنێکی جێبەجێ نەکردوە کەچی بەڵێنێکی تر دەدات!. ئەرێ چۆن دەبێت گەل بڕوای پێ بکات؟؟، ئەو لە بەرامبەر میدیای جیهانیدا بەڵێنیدا کە تەنها پەنجا هەزار کەس (واژۆ) بکەن بۆ دەست لەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتی هەرێم ئەو ئامادەیە دەست لە کاربکێشێتەوە، کەچی ئێستا زیاتر لەو ژمارەیە لەلایەن (کەمپینی سەرۆک تۆم قبوڵ نییە) واژۆ کۆکراوەتەوە و دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمیان لێ ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هێشتا دەستی لەکارنەکێشاوەتەوە.!
ئەمە دەربارەی بەڕێز بارزانی ئەگەر سەرنجێکیش بدەینە جلال تاڵەبانی دەبینین کە ئەویش بەر لە هەڵبژاردنی ٧ی ئازادی ٢٠١٠ بەڵێنی ئەوەی دابوو کە ئیتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید ناکاتەوە لە خولی داهاتوودا، بەڵام ئەمە نەک هەر ڕووی نەدا بەڵکو جلال تالەبانی و بارزانی گەورەترین سازشیان کرد لەبەرامبەر (بەعسیەکان)دا لە پێناوی کاندید کردنەوەی جلال تالەبانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بینیمان کە خودی جلال تاڵەبانی دەرگا نەما سەری پیادا نەکات لە پێناوی بوونەوەی بە سەرۆک کۆمار،بەڵێ هەموومان بینیمان کە چۆن سەری کرد بە دەرگای دورژمنانی کوردا لە پێناوی پۆستی سەرۆک کۆماردا لەدەرگای ئەو دوژمنانەی دا کە تاکو ئەمرۆش لاوانی کورد لە سێدارە دەدەن و گەلی کورد بە تیرۆرست ناودەبەن و کاکە هۆشیاری هاوپەیمانی جلالیش پشتڕاستی قسەکانیان دەکاتەوە!، لەهەموو ئەمانە خۆشتر ئەوە بوو کە جەلال تاڵەبانی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرایەوە حیزبەکەی و هاوپەیمانەکەی ئاهەنگی خۆشیان گێرا!، ئەرێ مامە گیان کە تۆ ئەوەندە حەز بە سەرۆکایەتی کۆمار دەهات بۆچی بەڵێنت دەدا کە ئیتر خۆت کاندید ناکەیتەوە؟!، یان بەڕێزبارزانی تۆ ئەگەر حەز بە سەرۆکایەتی ناکەیت بۆچی سەرۆکایەتی پارتەکەت نەدا بە کەسێکی تر لە کۆنگرەی ١٣ی پارتەکەت؟
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە : ئەرێ دوای ئەم بەڵێنانەتان تۆبڵێی جارێکی تر گــــــەل بڕواتان پێ دەکاتەوە؟؟ وڵامەکەی لای گــــــــــەل خۆیەتی.
خوێنەری ئەزیز:
نامەوێت زیاتر لەسەر ئەمە بنوسم چونکە هەروەکو ووتم کێشەی گەل لە باشوری کوردستان وەکو هەموو وڵاتانی تری خاوەن کێشەی نەبوونی ئازادی، کێشەی گۆڕینی دەم و چاوی سەرۆک نییە بەڵکو کێشە سیستەمی دەسەڵاتداریەتیە، کێشە نەبوونی ئازادیە، ئەگەرنا گرنگ نییە بارزانی یان هەرکەسێکی تر سەرۆکی هەرێم بێت، بەڵێ گرنگ بوونی سیستەمێکی تەواو دیموکراسیە و تیایدا تەواوی ماف و ئازادیەکانی خەڵک فەراهەم کرابێت و جیاوازی لە نێوان هیچ تاکێکی کۆمەڵگا نەکرێت لەسەر بنەمای فکری سیاسی و پلەو پایەی کۆمەڵایەتی،...تاد. خۆشەویستانم لێرەدا کە دەڵێم هێشتا بارزانی لە داواکاری خەڵک تێنەگەیشتووە و یان تێگەیشتووە و نایەوێت تێبگات، بێ هۆکار نییە، ئەوەتا دوای ساڵانێک لە نووسین و هاواری نوسەران و ڕۆشنبیرانی خەمخۆری کوردستان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵیەکان کەچی تازەبەتازە بارزانی دەڵێت:کێ دەزانێت گەندەڵی هەیە با بە پێشنیارم بۆ بنێرن.! وەکو بڵێیت سەرۆک لەسەر مەریخ دەژیت و گەل لە سەرزەوی، ئاخر سەرۆک خۆت باش دەزانیت گەندەڵی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە ئەگەر بتەوێت تێبگەیت.، یان کە بارزانی دەڵێت ئامادەم بە واژۆی پەنجاهەزارکەس دەست لە کاربکێشمەوە، ئەی لەبیرت چووە کە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەنگی نەدا بە بەڕێزتان و دەنگیان دا بە ڕکابەرەکەت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؟ ئەمە لە کاتێکدا ڕکابەرەکەت هەموو چەک و پارەی دەستی قەڵەمێک بوو وهیچی تر، نە هێزی میلیشیای هەبوو نە حیزب و بنەماڵە و چاوسورکردنەوە و نان بڕین، نە دەزگای ڕاگەیاندنی هەبوو نە ڕۆژنامەنووسی بەکرێگیراو و نە دەزگای هەواڵگری و نە پیاوکوژ و نە دەزگای بە ناو وەرزش و سەندیکاو قوتابیان و خوێندکاران و مزگەوت و قوتابخانەو زانکۆ و پەیمانگاو...تاد.
بەڵێ ئەزیزانم:
ئیستاش کە بارزانی دەڵێت:جارێکی تر خۆم کاندید ناکەمەوە یان ئەوەتا هێشتا لە ڕاستینەی قۆناغەکە تێنەگەیشتووە یان ئەوەتا تێدەگات و هەوڵ دەدات خۆی لە ڕاستینەی قۆناغەکە بشارێتەوەو هەوڵی یاریکردن بە هەستی گەل دەدات و دەیەوێت بەم جۆرە بەڵێنانە خەڵک لەسەر داواکانی سارد بکاتەوە درێژە بدات بە دەسەڵاتەکەی بۆ ماوەێکی تر، بەڵام ڕاستینەی دۆخەکە ئەوە نییە کە بارزانی خۆی بۆ خولی داهاتوو کاندید نەکردەوە،ئیتر هەموو شتێک تەواو بوو ئیترکوردستان دەبێت بەهەشت. نەخێر نەک لە خولی داهاتوو بەڵکو ئەگەر ئەمڕۆش سەرۆک دەست لەکاربکێشێتەوە کێشەکانی خەڵک چارەسەر نابن چونکە کێشەکان پەیوەستن بە سیستەمێکی سەقەت، سیستەمێک کە بە زەوقی سەرکردە و بنەماڵە وحیزب و دەسەڵاتداری گەندەڵ و سەرۆکی بازرگانەوە بەڕیوەدەچێت، سیستەمی حکومەتی حیزب و بنەماڵە و نەبوونی دەستوور و یاسا و دەست وەردانی حیزب و بنەماڵە لە کار و فرمانەکانی حکومەت و ئاڕاستە کردنی پەرلەمان و حکومەت بە ئارەزووی حیزب و بنەماڵە، وەکو ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان کە تەواو پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان وەکو ڕۆبۆت بە دەستی حیزب هەڵئەسوڕان و بە ئارەزووی حیزب یاسایان دەردەکرد و تێیان دەپەڕاند لەژێر پەردەی زۆرینە.
کەواتا بەڕێز بارزانی، کێشە خۆ کاندید کردنەوەی تۆ نییە بۆ سەرۆکی هەرێم، کێشە نەبوونی ئازادیە، کێشە سیستەمی (پەنجا بە پەنجا)کەی درێژکراوەی ساڵی ١٩٩٢تانە، کێشە کەڵەکەبوونی ئەو گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەیە کە ٢٠ ساڵە ئێوە کاری پێدەکەن، کێشە ئەو سیستەمە سەقەتەیە کە خۆت و هاوپەیمانەکەت کاری لەسەر دەکەن و هەموو شتێک لە کوردستان دەبێت بە زەوقی تۆ و هاوپەیمانەکەت بێت، بەڕێز بارزانی کێشە ئەوەیە کە ئێوە هەوڵی بە سیستەم کردنی وڵات نادەن، کێشە ئەوەیە ئێوە یان نازانن یان ناتانەوێت کاری (دەوڵـــــــەتــی) بکەن، بەڕێز بارزانی ئاخر لە کام وڵاتی دیموکراسیدا بینیوتە کە حیزب چەکداری هەبێت؟!، لە کام سیستەمی دیموکراسیدا هەبووە پیاو کوژ دوای مانگێک لە تاوان ڕاپێچی دادگا نەکرێت؟ یان لە کام وڵاتی دیموکراسیدا بیستوتە ڕێگە بە خۆپیشاندان نەدرێت؟ ئەی لە کام وڵاتی دیموکراسیدا هەبووە ڕێکخراوی حیزبێک زانکۆ دابخات؟ ئەی کەی هەبووە لە ناو وڵاتێکی دیموکراسیدا ڕێگە بە ئەندام پەرلەمان نەدرێت بە ئەمری سەرۆکی وڵات بچێتە پایتەخت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان؟ ئەی پێم ناڵێیت کەی لە دونیای دیموکراسیدا ڕوویداوە پاسەوانی ئەندام پەرلەمان پەلاماری پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن بدات و یاساش دەستگیری نەکات و سزای نەدات؟، ئاخر بەڕێز بارزانی دیموکراسی بەم جۆرە نییە دەزگای ڕاگەیاندن بسوتێت،بارەگای ڕادیۆ تاڵان بکرێت،منداڵی ١٢ ساڵ لەسەر شەقام بکوژرێت و کەسیش سزا نەدرێت.
سەرۆکی ئەزیزم ئایە تۆ پێت وایە کە تۆ خۆت کاندید نەکردەوە بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتی هەرێم ئەم کێشانەو چەندین کێشەی تر کە ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێن چارەسەر دەبن؟؟ هیوادارم سەرک تەنها وەکو تاکێکی کورد وڵامم بداتەوە.
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە