لە پەراوێزی سەردانەکەی ئەردۆغاندا
Sunday, 10/04/2011, 12:00
ئەردۆغان کە لەسەر خاکی کوردستان ئامادە نەبێت ناوی کوردستان بهێنێت، بەهەڵەداچونێکی گەوەرەیە بۆ سەرۆکی هەرێم یان هەر تاکێکی کورد کە وا بیر بکاتەوە ئەردۆغان دەیەوێت پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر بکات.
چەند ووشەێک بە خەیاڵی سەرۆکی هەرێم لە پێشوازی ئەردۆغاندا.
ئەم کاتەتان باش
بەناوی خۆم و خەڵکی کوردستانەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا دەکەم، هیوادارم ئەم سەردانەی بەڕێزتان بۆ کوردستان، هۆکارێک بێت بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیەوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، لە بوارە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و زانستیەکان و هەموو بوارەکانی تر کە پەیوەستن بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوانمان.
بەڕێزان ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان بەچاوێکی ڕێزەوە دەڕوانینە هەموو دەوڵەتانی دراوسێ و لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرژەوەندیەکانی هەردوو لا هەوڵ دەدەین پەیوەندیەکانمان بنیاد بنێین، وە هەروەها ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین لە پێناوی پاراستنی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی ناوچەکە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین کە دیموکراسی لە ناوچەکەدا بگاتە ئاستێکی باڵای ئەوتۆ کە هیچی کەمتر نەبێت لە وڵاتێکی وەکو سوید، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕێز لە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ دەگرین و تەواوی ئازادیەکان بۆ گەلی خۆمان دابین دەکەین، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی کە ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان ببێتە پردێک بۆ پەڕینەوەی تەواوی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکە بەرەو دونیان دیموکراسی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
بەڕێزان، ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی پێشوازی دەکەین لە بەڕێز ئەردۆغان و وەفدە یاوەرەکەی هاوکات بۆ یەکەمجار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکەینەوە کە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکان دروست کراوە، لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، هەلی کارمان ڕەخساندووە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت لە کوردستان کاری وەبەرهێنان بکەن، هەولیش دەدەین کە بەردەوام کارئاسنیان بۆ بکەین لە پێناو ئەوەی زیاتر ووڵاتەکەمان دەستی ئاوەدانی پێ بگات، ئەوەی کە لەسەر ئەو کۆمپانیا بەڕێزانەش پێویستە ئەوەیە، هەوڵی زیاتر بدەن ئیش و کارەکانیان بەشێوەێکی ڕێک و پێک و لە کاتی خۆیدا تەواو بکەن، بۆ ئەوەی هەلی کاریان زیاتر بۆ ڕێک بخرێت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
بەڕێزان دەمەوێت لەم بۆنەیەدا تیشک بخەمە سەر بابەتێکی هەستیار کە ئەویش چارەسەری پرسی برا کوردەکانمانە لە تورکیادا، هەموومان دەزانین کە گەلی کورد لە تورکیا ساڵانێک بوو نکوڵی لێ دەکراو بە هەموو جۆرێک دەچەوسایەوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا گەلی کورد ساڵانێکە هەوڵ دەدات و خەبات دەکات لە پێناو ئازادیدا و لەو پێناوەشدا هەزاران ڕۆڵەی گەلی کورد شەهید بوون، کە تاکو ئێستاش دەبینین لە چەندین ناوچەی کوردستانی تورکیا گۆڕی بە کۆمەڵی برا کوردەکانمان دەدۆزڕینەوە.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم پێویستە هەموو لاێکمان هەوڵەکانی خۆمان یەکبخەن لە پێناو هەرچی زووتر چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا، هەر لەبەر ئەوەشە بە پێویستی دەزانم کە بە بەڕێز ئەردۆغان و هەموو دەسەڵاتدارەکانی تورکیا بڵێم پێویستە لەگەڵ برا کوردەکانمان لە تورکیا دانوستان ئەنجام بدەن و چارەسەری گونجاوی پرسەکە لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا بکەن، چونکە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان وای دەبینین کە ئەم پرسە زیاتر پرسێکی ناوخۆی تورکیایە و دەبێت لەناوخۆی خۆیاندا چارەسەر بکرێت، ئەوەی کە پەیوەندیشی بە ئێمەوە هەیە ئێمە ئامادەین ڕۆڵی ئیجابی خۆمان بگێڕین لە پێناوی چارەسەی پرسەکە بە ڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانە، کە بێگومان ئەمە سوود و بەرژەوەندی هەردوولای تێدایە هەم بۆ برا کوردەکانمان کە خەونی لەمێژینەیان ئازادیە، هەمیش بۆ خودی دەوڵەتی تورکیا کە دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، کە خەونی لەمێژینەیانە و ئێمەش بە ئومێدی ئەوەین کە هەردوولا بگەنە ئاواتە لە مێژینەکانیان.
جارێکی تر خۆشحاڵین بە هاتنتان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
خوێنەری ئەزیز:
گومانی تێدا نییە کە مەبەستی سەردانی هەر سەرۆكێك و بەرپرسی ووڵاتێك بۆدەرەوەی ووڵاتەكەی خۆی، بۆسوودو بەرژەوەندی ووڵاتەكەیەتی و دەیەوێت زۆرترین سوود لە سەر حیسابی بەرامبەرەكەی بۆ ووڵاتەكەی خۆی دەستە بەر بكات، لایەنی خانە خوێش بە هەمان شێوە هەوڵ دەدات كە زۆرترین سوود بۆ ووڵاتەكەی خۆی لەسەر حیسابی میوان بەدەست بهێنێت، ئەمەش ڕووە ئاسییەكەی سەردانی هەر سەركردەێكە لە دونیای سیاسەتدا، جا کەواتا ئەگەرمیوان ئەمە مەبەستی سەردانەكەی بێت، ئەوا جێگەی خۆیەتی كە خانە خوێش بەو مەبەستە لە سەردانەكەی بڕوانێت و پێشوازی لێ بكات، نەك وەكو ئەوە لێی بڕوانێت کە هاتووە خێرو بەرەكەت بۆ ووڵاتەكەی بهێنێت، خانەخوێ ئەگەر وا لە سەردانەكەی نەڕوانێت ئەوە مانای وایە ڕووە نائاسییەكەی سیاسەتی وەرگرتووە، وەکو ئەوەی بینیمان سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو چاوە لە ئەردۆغانی دەڕوانی کەوا ئەردۆغان هاتووە بۆ کوردستان بۆئەوەی خێرو بەرەکەت بهێنێت بۆ گەلی کورد و چەندین جار سوپاسی کرد لە بەرامبەر دروست کردنی فڕۆکەخانەی هەولێر لە لایەن کۆمپانیا تورکیەکان، تەنانەت ئەوەندەش سوپاس گوزار بوو کە سەرۆک لە جیاتی بڵێت سوپاس بۆ دروست کردنی ئەم فۆکەخانەیە ووتی: سوپاس بۆ دروست کردنی ئەم فرۆکەیە.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم؛ پێویستە سەرۆک بارزانی و هەموو تاکێکی کورد ئەوە بزانێت کەوا هیچ پێویست نی یە سوپاسی ئەردۆغان بکەین لەبەرامبەر ئەوەی کە کۆمپانیا تورکەکان هاتوونەتە کوردستان، چونکە ئەوان بۆ ئەوە نەهاتوون خێر بە خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵکو ئەوان هاتوون قازانج لە خاکی کوردستان بە دەست بخەن، جا کەواتا پێویستە ئەوان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن کە ڕێگەیان پێ دراوە کاری وەبەرهێنان بکەن لە کوردستان، نەک ئەوەی کە سەرۆکەکانی ئێمە سوپاسیان بکەن و وا هەست بکەن لەسەر خاکی کوردستان، بەڵێ ئەزیزان بارزانی بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکولە ووتارەکەیدا وای پیشاندا کە ئەردۆغان هەوڵی چارەسەی پرسی کوردی داوەو دەیدات!. لێرەدا هەڵەکە گەورەترە لەوەی کە سوپاسی کرد بۆ دروست کردنی فڕۆکەخانەکە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی بارزانی پێی وایە ئەردۆغان فریادڕەسی گەلی کوردە لە باکوور زۆر لە ڕاستییەوە دوورە کە دوژمنی گەلێک بیەوێت چارەسەری پرسی هەمان ئەو گەلە بکات بە شێوەێکی تاک لایەنە!.
بەڵێ ئەزیزانم؛ سەرەڕای ئەوەی بارزانی وەکو قارەمانێک تەماشی ئەردۆغانی دەکرد و بە ڕزگار کەری گەلی کوردی دەزانی لە باکوری کوردستان، بەڵام جێگەی داخە هیچ باسی لەوە نەکرد کە گەلی کورد لە باکوری کوردستان ساڵانێکە خەبات دەکات و خوێن دەڕێژێت لە پێناوی ئازادیدا، باسی لەوە دەکرد کە ئەردۆغان هەوڵی داوە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام تیشکی نەخستە سەر ڕۆڵی سیاسەتمەدارانی کورد لە باکوری کوردستان کە شەو و ڕۆژیان کردوە بە یەک لە پێناوی بەرەو پێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، باسی لەو قۆناغە نەدەکرد کە پێش هاتنی(عبدالڵە ئۆجەلان) و خەباتی (پە کە کە) شتێک نەبوو بە ناوی گەلی کورد لە باکوری کوردستان.
خۆشەویستانم زۆر بەپێویست دەزانم ئەو ڕاستیە بۆ گەلی خۆمان ڕوون بکەینەوە کە ئەوە ئەردۆغان نییە خێر بە گەلی کورد دەکات و پرسەکەی چارەسەر دەکات، بەڵکو ئەوە فشاری ئەو یەکەم فیشەکەیە کە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ هەڤاڵ (عەگید) تەقاندی و تاکو ئەمڕۆش دەزرنگێتەوە لە کەلەی ئەردۆغان و هەموو تورکێکدا، ئەوە ئەو مانییفێستەیە کە عبدالڵە ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٧٨دا بە ناوی (ڕێگەی شۆڕسی کوردستان) بڵاوی کردەوە و تاکو ئەمڕۆش لە هزری تاکی کوردا گەشە دەکات، ئەوە ئەو گڕە سورەیە کە لە هەڤاڵ (مەزڵوم دۆغان)ەوە بەرز بۆوە و تاکو ئێستاش لە جەستەی (ڤیان) جاف و هەموو تاکێکی کوردا پڕشنگ دەدات، ئەوە ئەو نەبەردیەیە کە لە هەڤاڵ (زیلان)ەوە دەستی پێکرد و لە هەڤاڵ بریتانەوە گوازرایە بۆ هەموو ژنە ئازاکانی گەلەکەمان و ئەمڕۆش ڕۆچوە بە گیانی ئامینە ئاینە و ئاسەل توغلوک ...تاد، ئەمە ئەو هزرەیە کە لە (ئۆجەلان و جومعە و قەرەیلان)ەوە ئاوێتە بوو بە مێشکی (احمد تورک و عوسمان بایدەمیر و سلاح الدین دەمیرتاش)...تاد، ئەمە هەموو ئەو فیداکاریەیە کە لە خوێنی زیاتر لە ٣٠هەزار شەهیدەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەمڕۆ بووە بە مەرەکەبی سووری پێنوسەکانی هەموو ئەو مرۆڤە ئازایانەی کەلە ناو دڵی کوردستاندا دیاربەکر (ئامەد) فەرهەنگی (کوردی- تورکی) دەدەنە دەەستی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی شەرم بیگرێت و چاو بە ڕابردووی خۆیدا بخشێنێتەوە، ئەمە ئەو داستانە قارەمانەیە کە لە گوندی(سیڤەرک و حیلوان) دەستی پێکرد و لە داستانەکانی (زاپ و ئۆرەمەر)دا ڕەنگی دایەوە و بە سوپای تورکیایان ووت: ئەرچی ئەندامی ناتۆش بیت، بەڵام توانای شەڕی مێرخاسانی کوردت نییە. ئەمە ئەو قارەمانیەتیە کە ساڵی ١٩٩١دا (لەیلا زانا) هاواری بۆ کرد لە ناو پەرلەمانی تورکیا و ئەمڕۆش لە دار شەقەکانی (سهڤاهیر بایندر)دا خۆی دوبارە کردەوە، کاتێ لە ناو هۆڵی پەرلەماندا دارشەقەکانی بەڕووی پەرلەمانتاران و دەزگاکانی ڕاگەیاند بەرز کردووە و ووتی: دەوڵەت ئەمە بە گەلی کورد ڕەوا دەبینێت، ئەمە ناسنامەی منە. سەڤاهیر بایندەر له خۆپێشاندانێکدا له شاری (شەرناخ) له لایهن هێزهکانی پۆلیسی تورکیاوه بریندار کرابوو.
بەڕێزانم؛ نامەوێت لەمە زیاتر لە بابەت دوور بکەومەوە، ئەوەی كە لێرەدا مەبەستەمە بە ووردی ئاماژەی پێ بکەم، ئەو پەیوەندییە كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتی توركیادا هەیە، كە بەدرێژای چەندین ساڵی ڕابردوو هەڵكشان وداكشانی گەورە بە خۆیەوە بینیوە لە سەر حیسابی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و هەندێ جار كار گەیشتۆتە ڕادەی هاتنە ناوەی سوپای تورك بۆ هەرێمی كوردستان و بە بەردەوامیش بۆردوومانی فرۆكەو تۆپ و هەندێ جارێش هێرشی پیادەیی، بەڵام سەردانی ئەردۆغان بۆ هەرێمی كوردستان جیاوازێكی گەورەی هەیە هەم وەك ئەوەی بۆ یەكەمجارە كە بەرپرسێكی گەورەی توركیا لەم ئاستەدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەرچی سەردانەکەشی زیاتر لە سەردانی بازرگانێک دەچوو کە سەردانی پڕۆژەکانی بکات نەک سەرۆکی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر، کە خۆی بینیەوە لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی هەولێر و ڕوونتریش لە ووتارەکەیدا کە نەک هەروەکو بازرگانێک بەڵکو هەروەکو بەڵێندەرێکی خاوەن پڕۆژە قسەی دەکردو ئاماژەی دەکرد بە چۆنیەتی دروست کردنی فڕۆکەخانەکە و زانیاری دەدا دەربارەی چەند کرێکار کاری تیادا کردوە و لەسەر ڕووبەری چەند دروست کراوە و پاشانیش کەمێک باسی بازرگانی گەورە ابراهیم تاتلتساسی کرد، بەڵام هێشتاش پێویستە لێرەدا پرسیاری ئەوە بکەین ئەرێ ئەم سەردانە بۆ چ مەبەستێک بوو؟
بەبۆچوونی من سەردانەکەی ئەردۆغان هیچ سودی بۆ هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵام بۆ لایەنی تورکمان لە شاری (كەركوك) سودی گەورەی هەبوو کە توانیان سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی بدرێتە تورکمان بەو ڕێژە بچوکەیانەوە لە شارەکەدا، لێرەدا دەبێت بوترێت بە سەردانێکی ئەردۆغان ئەمە ڕوویدا، ئەی کە سبەی (عبدالڵە گیول) سەردانێکی تر بکات چی ڕوو دەدات؟ تۆ بڵێیت ئەوکاتە سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێریش نەدرێت بە تورکمان؟ خۆ لە هەولێریش تورکمان دەژین.
پارێزگای كەركوك ئەو شارەی كە چەندین ساڵە توركیا هەوڵی بۆ دەدات تاکو دایببڕێت لە بازنەی ئەو دەسەڵاتە فیدڕاڵیەی كە بەپێی دەستوور دراوە بە هەرێمی كوردستان، چونكە كەركوك وەك ناوچەێكی دەوڵەمەند بە نەوت بۆ هەرێمی كوردستان سەرچاوەێكی گەورەی هێزە بۆ داهاتووی دەوڵەتێكی گەورەی كوردی لە ناوچەكەدا كە ئەمەش بەلای توركیاوە هەرگیز قابیلی قبوڵ نی یە، نەك لەبەر ئەوەی چەند هەزار توركمان لە كەركوك و كوردستان دەژین بەڵكو ترسی ئەو لە دەمەزرانی دەوڵەتی كوردی خاوەن سەرچاوەی وزەی نەوتی كەركوكە كە بێگومان ئەمە دەسەڵات و گەورەێكی زیاتر دەدات بە دەوڵەتی كوردی لە ئایندە دا.
ئەمەو پرسی كەركوك و پرسی چەكدارانی PKKوكورد بوونی خەڵكی هەرێم خاڵە بەهێزەكانی ناكۆكی نێوان هەولێروئەنقەڕەن لەسەرووی هەمووشیانەوە خاڵی كورد بوون ، خۆ ئەگەر خەڵكی هەرێم كورد نەبوونایا ئەوا توركیا بەم جۆرە دەستی نەدەخستە ناوكارو بارەكانی ئەم هەرێمە فیدڕالی یە، بۆ نموونە كاتێ (شیعە)كان لە باشوور داوای هەرێمێكی فیدڕالی تایبەت بەخۆیان دەكەن توركیا هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە نادات، چونكە ئەو هەرێمە كوردی تێدا ناژیت كەواتا خاڵی هەرەبەهێزی ناكۆكی نێوان هەرێم و توركیا خاڵی كورد بوونی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، کە تورکیا ئەمە بە مەترسیێکی گەورە دەزانێت بۆ سەر ناوخۆی وڵاتەکەی، چونکە هەرێمی کوردستان وەك پاڵپشتێك بۆ كوردەكانی توركیا سەیر دەكرێت لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە و لەو ناوەشدا PKK وەك هێزێكی گەورەی نەیاری توركیا ڕۆڵ لە هاوكێشە سیاسی و ئابوری دیبلۆماسی یەكانی نێوان هەولێرو ئەنقەڕە دەگێڕێت چ بۆ گرژ بوون و چ بۆ باش بوونی ئەو پەیوەندییانە، بۆ نموونە لە ساڵی 1992 كاتێ پەڕلەمانی كوردستان بڕیاری فیدڕاڵی دا بۆ هەرێمی كوردستان دەوڵەتی تورك ڕازی نەبوو بەڕامبەر بەم بڕیارە و تەنانەت هەرەشەی هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستانی دەكرد، بەڵام دواتر هەم بە هۆی فشاری ئەمریكا و هەمیش بەهۆی ڕازی بوونی ئە و كاتەی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ هاوكاریكردنی سوپای توركیا بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی PKK لە ناوچە سنووریەکان، توركیا بێدەنگی نواند و چەند بنكەێكی سەربازیشی لە و ناوچانەدا جێگیر كرد كە تاكو ئەمڕۆش بوونیان هەیە، كەواتا ئەم فیدڕالیەتەش لەسەر حیسابی چەند هەزارشەهید گەریلای PKK بنیاد نراوە، نەک ئازایەتی و لێهاتووی بارزانی تاڵەبانی.
هەموومان دەزانین کە ئارامی نێوان هەرێم و تورکیا هەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمی (ێدام) گرژی زیاتری بەخۆیەوە بینی و تا كارگەیشتە ئەوەی كە چەندین جار توركیا هەڕەشەی هێرش كردنە سەر هەرێمی كوردستان بكات بە بیانووی لێدانی مۆڵگاكانی PKK ، بەڵام مەبەستی سەرەكی لە بەین بردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بوو نەك گەریلاكان ئەمە بەپێی قسەكانی بارزانی لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی (العربیە) لەو كاتەدا، هەرچەندە دواترئەم گرژیەش هێور بۆوەو جگە لە لێدوانی ناوە ناوەی سەرانی توركیا، تاكو ئەم دوایی یە و بەتایبەتیش نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی تورکیا كە لە حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام دەدرێت و پێدەچیت گەلی کورد لە باکور لەم هەڵبژاردنەدا مێژووێکی تر تۆمار بکات و بە دڵنیاییەوە نوێنەری زیاتر ڕەوانەی پەرلەمانی تورکیا دەکات بەتایبەتیش کە ئەم هەڵبژاردنە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاری ناوچەکەدا یە و جگە لەمەش ئاستی هۆشیاری تاکی کوردیش لە پلە باڵاکانی دا و تەڤگەری (پە کە کە) ش لە ئاستی پێویستی مەسەلەکان کار دەکات و زۆر بە ووریاییەوە تۆپەکە دەخاتە یاریگای تورکیا و هەمیشە دەیخاتە ژێر باری پەرپرسیارێکی قۆناغەکە، ئەمە جگە لەوەی کە خودی (عبدالڵە ئۆجەلان) بە خستنە ڕووی نەخشە ڕێگاکەی ئەوەندەی تر دەوڵەتی خستە ژێر بەرپرسیارێکی دۆخەکە.
بەڕێزان؛
ئەگەرچی ساڵێك بەر لە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەێكی ڕۆژنامە نووسی دا ڕاگەیاند كە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا وەرزی زستانی تێپەڕاندووە و پێی ناوەتە وەرزی بەهار و زۆرێك لە خەڵكی كوردستان وایان چاوەڕێ دەكرد كە ئەم ووتەیەی سەرۆكی هەرێم لە سەردانەكەی ئەمجارەی سەرۆک وەزیرانی توركیادا پشتڕاست بێتەوەو ئەم سەردانەی (ئەردۆغان) داننانێك بێت بە دەسەڵاتی فیدڕاڵی هەرێمی كوردستان و بەهاری نێوان هەولێرو ئەنقەڕە چرۆ بكات و ئاسۆی پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان(ئەنقەرە و هەولێر) ڕووناكی بەخۆیەوە ببینێ، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو بۆچوونەكان ئەم سەردانەی ئەردۆغان هیچ گۆڕانێكی لە سیاسەتی چەندین ساڵەی دژایەتی كردنی تورك بەرامبەر بەكورد بە خۆیەوە نەبینی، ئەمەش لە ووتەكانی ئەردۆغاندا دەركەوت و جارێكی تر ئەوەی سەلماند كە ئەوان دان نانێن بە فیدڕالیەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت ئەردۆغان ئامادە نەبووووشەی کوردستان بەدەمیدا بێت!.
کەواتا جێگای خۆیەتی هەموومان بڵێین: ئەردۆغانێک کە لەسەر خاکی کوردستان ئامادە نەبێت ناوی کوردستان بهێنێت بەهەڵەداچونێکی گەوەرەیە بۆ سەرۆکی هەرێم یان هەر تاکێکی کورد کە وا بیر بکاتەوە ئەردۆغان دەیەوێت پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر بکات.
ئەگەرچی هیچ لایەنێکی فەرمی لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە بەڵام کاتی گەیشتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر و دانانی کەسێکی تورکمان بە سەرۆکی ئەنجمونی شارەوانی کەرکوک لە یەک کاتدا، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێک کە (ئەردۆغان)ی میوان بەو ئامانجە گەیشتووە كە مەبەستی بوو لە سەردانەكەی بۆ لای بارزانی، ئەمە جگە لەوەی سەردانەکەی هاوکاتە لەگەڵ سەرو بەندی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی وڵاتەکەی و ویستی لەم سەردانەیدا ئەوە پیشانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بدات کە ئەوهەوڵ دەدات پرسی کورد چارەسەربکات، ئەمە لە کاتی ووتارەکەیدا دەرکەوت وەکو ئەوەی خێر بە گەلی کورد بکات ووتی : ئیترسەردەمی نکوڵی کردن لە بوونی کورد لە توکیا بەسەر چووە. منیش دەڵێم سەردەمی نکوڵی کردن لە کورد لە تورکیا زۆر لەمێژە بەسەرچووە نەک ئێستا، سەردەمی نکوڵی کردن لە بوونی کورد ئەو چرکەساتە بەسەرچوو کە (عبدالڵە ئۆجەلان) لە ناو زانکۆی ئەنقەرەدا بە مامۆستای ووت : دوو گەل لە تورکیادا دەژین ئەویش گەلی (تورک و کورد)ن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست