لە كابینەى حەوتەمدا بەرنامەى تواناسازى ئیفلیج دەكرێت
Thursday, 06/09/2012, 12:00
بەرنامەى تواناسازیى لەسەردەمى كابینەى شەش راگەیەنرا بۆ پێگەیاندنى كادرى لە بوارە جیاجیاكاندا و بۆ ئەو مەبەستەیش ناردنى خوێندكاران بۆ دەرەوەى وڵات بەمەبەستى تەواوكردنى خوێندنى ماستەر و دكتۆرا.
من لەلایەن ژمارەیك لەو كەسانەى كە لەبەرنامەى تواناسازیى ناویان هاتەوە و دەخوێنن پەیوەندیم پێوەكرا داوایان لێكردم كە وتارێك بنوسم لەسەر ئەو كێشەو سەرێشانەى كەلەلایەن حكومەتى هەرێم و وەزارەتى خوێندنى باڵاوە بۆیان دروست دەكرێت. ئەوەى جێگەى نیگەرانییە هەر كە كابینەى حەوتەمە هات بەهەموو شێوەیەك بەرنامەى تواناسازی فەرامۆشكرا و لە ئێستایشدا زۆرترین كێشە بۆ ئەو كەسانە دروست دەكرێـت كە ناویانهاتووەتەوە و بەهیچ شێوەیەكى لە ناو وەزارەت وەڵامى پرسیارەكانیان نادرێـتەوە و هەروەها كارەكانیان لەسەر قورس دەكرێت و منەتى دنیا دەكرێت بەسەریاندا لە بەڕێوەبەرایەتى تواناسازى و ناردنە دەرەوە.
لە راستیدا دكتۆر عەلى سەعیدییش زۆر سستە و بەهۆى ئەوەش كاروبارى وەزارەتى خوێندنى باڵا زۆر بە سستى بەڕێوەدەچێت واتا ئەوەى لەسەردەمى دكتۆر دلاوەر كرا لە ئێستا لەسەردەمى د. عەلى سەعید هیچ پێشكەوتنێكى بەخۆوە نەبینوە، بەڵكو كارەكان چەقیانبەستووە و خەریكە وەك سەردەمى پێش دكتۆر دلاوەرى لێ دێت.
بۆیە پێویستە حكومەتى هەرێم چیتر كێشە بۆ خوێنكاران دروست نەكات و كارى جیدى و كارئاسانى بكات بۆ ئەوانەى كە بۆ خوێندن لە چوارچێوەى بەرنامەى تواناسازى چوونەتە دەرەوە هەروەها ئەوانەشى كە ناویان هاتووەتەوە تا بچنە دەرەوە چونكە دواى شەونخونى و هەوڵ و ماندوبونێكى زۆر گەیشتوەنەتە ئەو ئاستەى كە ناویان بێتەوە.
بۆ نموونە ئەوەندەى كە بە من راگەیەنراوە حكومەتى هەرێم هەرجارەو كێشەیەك بۆ ئەو كاندادانەى توانسازى دروست دەكات كە لە فەرەنساو ئەڵمانیان و ئەوەندەى من ئاگادارم هەندێجار ئیهمالدەكرێن و هاوكارى ناكرێن. هەروەها ئەوانەى بەریتانیا و مالیزیا و میسر و ئەمریكا وڵاتانى دیكەن زۆر جار ئیهمال دەكرێن لەلایەن حكومەتى هەرێمى كورستان- وەزارەتى خوێندنى باڵاوە و كار ئاسانیان بۆ ناكرێت و بەهیچ شێوەیەك وەڵامى داواكارییەكانیان نادرێتەوە. كاتێكیش سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەكەن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى تواناسازى و ناردنەوە وەڵام نادرێنەوە.
بۆیە پێویستە حكومەتى هەرێم مادامەكى خۆى بەرنامەكەى راگەیاندووە پێویستە كارێكى وا بكات كە بەشێوەیەكى سەركەوتوو بەڕێوەبچێت نەك بەو شێوە خراپەى ئێستا. من دەمەوێ بڵێم ئەگەر بەرنامەى تواناسازى شكستى پێبهێنرێت ئەوا ئەو شكستە بۆ كابینەى حەوتە ئەگەر سەركەوتوویش بێت ئەوا هەر بۆ ئەو كابینەیەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست