چیرۆکی "فسفس پاڵەوانە" گوندییەکە
Saturday, 21/04/2018, 0:16
ژیان زۆر سەمەرەیە ...!
فسفس پاڵەوان، دەچێت بۆ شارێک، نەخەڵکی ئەوێیە نە مێژووی و نەڕەگەزیی دەیباتەوە ئەوشارە، بەڵام وا خۆی دەردەخات لەباوانەوە، بە بارە ترێوە هاتوون و لە شار "ترێ بە گەنمیان" کردوە، هەموو هاوینێک قەتارێک لە هێستر و ئەسپ و گوێدرێژ، بە بەرچنەی ترێ و هەڵوژە و شەمامەوە ڕوویان لە شار کردوە، ئەوان لەمێژە بنەچەیان لەوێ داکوتاوە و جارناجارێک کەبابی شاریشیان خواردوە.
هەموو ئەو چەکلانەی لەزەمانی بەعسدا هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندوە، یان بەدیوەکەی تردا تەنها وەرەقەیەکی جاشی سوکیان لە باخەڵ نابوو ، یان
تەنها لە فەوجێکی سوکدا ناویان تۆمارکردبوو لای خزمێک ناسیاوێک سەرەک عەشرەتێکی نەخوێندەوار ، ئەوا ئەمڕۆ هەست بە تێکشکان دەکەن و دەیانەوێت وەک پاڵەوان، یان وەک ئەو ڕۆژانەی کە بەڕاستی کۆمەڵێک خەڵکی پێشمەرگە هەبوون، شەو دەچونەوە ناوشار و چالاکیەکیان دژی بەعس و داگیرکەران دەکرد، ئەوانیش وا نیشان دەن کەشتن . بەڵام ئێستا فسفس پاڵەوانەکە ئەو مێژووەی نییە کە چیرۆکی ئازایەتی بگێڕێتەوە ، لەناخدا هەست بەتێکشکان دەکات چونکە هیچی نییە بۆ باسکردن.
بۆیە لەگەڕانەوەیەکدا دار و بەرد دەخاتە ژێر زومی کامێرای مۆبایلەکەی و فەیس بوک و تۆڕە مێدیاکان پڕ دەکات لە وێنە و قسە و دەڵێ : من وەک تارماییەک، وەک قارەمانێک خێرا و ئازاو قۆز و پیاوی بەهەڵمەت گەڕامەوە، گەڕامەوە تا لەناو تارمایدا دەستی خۆم بوەشێنم ، من هەموو ئەو جێگایانە چوم کە لێیان قەدەغەکردبوو. سەردانی چەند کەسم کرد بەنهێنی ، بەگرد و شاخەکاندا هەڵزنام، وێنەم گرت لەسەر گۆڕو مشایەخەکان ، لەسەیرانگاکان گوێم لەدەهۆڵو زوڕناگرت ، شایەرەکانم شاباش کرد تا چەند بەندم بەسەردا هەڵدەن . پاشان بە ئۆتۆمیل و چاویلکەی ڕەشەوە بەشەقامەکاندا گەڕام و سوڕامەوە . هەموو شتێک و هەموو کەسێکم خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆمەوە، نەدەزگای زانیاری، نە ئاسایش، نەپاراستن، بەهاتنەکەیان نەزانیم. ئەوان لەشیرین خەودا بوون .
حەزم دەکرد هەینی بچم گوێ لە ووتاری د. عەبدول لەتیف بگرم، حەزم دەکرد بچمە قوتابخانەی سیاسی و گوێداری پیاوی ٢٢کۆپتەرەکە و پیرەی فایلدار بم ، ئارەزووم بوو بچمە سەرگۆڕی تاڵەبانی و بارزانی دارجگەرە .
بەڵام ترسام پلانەکەم لێ تێکبچێت و ئەو کارەی بۆی چوم وەک خاڵە رەحیمی هاوڕێم جێبەجێ نەکەم . دواجار بەدڵ حەزم دەکرد ئەمیری خەوەکەش ببینم، تا بزانم ئەم جارە لەجیاتی ترێ و کاڵەک، سەر و پێی ژێرپردەکە یان کەڵەشێریان لەگەڵ پێغەمبەر نۆش نەکردوە؟
من "خاڵە رەحیمم" کەی بمەوێت دەڕۆمەوە ، دەڕۆمەوە ئەم جارەیان دەبێت دەست بوەشێنم، جاری یەکەم تەنها بۆ چاودێری کردن چووم، بەڵام جارەکانی تر واوەیلا بەحاڵی دەزگاکانیان؟
تێبگەن ئێوە و دەسەڵاتیش، "جیمس بۆنێک"ی کوردی سەردەمی هاتوە ، ئەوەمنم وەک تارماییەک کەی بمەوێت دەگەڕێتەوە، دەگەڕێتەوە لەچایخانەکاندا چا دەخۆمەوە ، لەمزگەوتەکاندا نوێژی بەکۆمەڵ دەکەم ، لەشەقامەکاندا پیاسە دەکەم ، شەق لە کارتۆنی بەتاڵ هەڵدەدەم ، تەزبێح بادەدەم مۆڕە لەخەڵک دەکەم ، تەنها چاوەڕێ بکەن ها کە ئۆتۆمبیلەکەی هاوڕێم "جیمس بۆند"م وەرگرت و گەڕامەوە، ئای چیتان لێبەسەر دێنم، دەبێت ئیتر نەوە دوای نەوە چیرۆکەکەم بگێڕنەوە. دەبێت هۆڵوید و بۆڵوید شەڕ بکەن لەسەر چیرۆکەکانم کامیان بیکەنە فلیم؟
من تائێستا خۆم پیشان نەداوە کەچیم لەباردایە ؟ بەڵام ئەم گەڕانەوەیەم تواناکانمی زیاتر ڕۆشن کرد ، ئێستا دەزانم دەتوانم لە خێرایدا حیزب و ڕێخراو دروست بکەم ، دەتوانم بچمە ناو پەرلەمان و لەژێر ڕکێفی وێنە زەبەلاحەکەی مەلامستەفادا دەستهەڵبڕم و دژی جگەرەکێشان بم لەمۆڵەکان ، بەڵام هەرگیز خۆم لەقەرەی ئەوەنەدەم باس لەدەرکردنی سوپای تورک بدەم ،چونکە ئەوە بفەیە ، دەتوانم لەماوەیەکدا ڕیش دەنێم و سمێڵم تەنک کەم و شەرواڵی کورت لەبەرکەم و هەرچی حەدیس و ئایەتە بەعەرەبیەکی قەواعیدی لەبەری کەم ، دەتوانم ببمەشاهیدی هەموو ئەو ئەمیرو مەلا گەورانەی ژن دوای ژن دەیهێنن .
ئاخر خەڵک ئازادە ژنێک خۆی بیەوێت ببێتە ژنی ئەمیر من بۆ بەرگری لێبکەم ؟ من "جیمس بۆند"ی کوردیم ڕاستە لەگوندا گەورەبووم ، بەڵام حەزم بەژیانی شارە هەموو خەڵکی مە گەڕەکێکیان ئاوەدان کردۆتەوە لەشار جار ناجارێکیش بۆ سەیران دەچنەوە گوند ، بەڵام تا بن ڕەزەکان بە ئۆتۆمبێل دەچن، چونکە لەشار کەس ئارەزووی پێ ڕۆشتنی نامێنێ .
دواجار من گەڕامەوە دەبوو گەڕانەوەکەم پیشان بدەم چونکە زۆرکەس نەیان دەتوانی باوەڕ بەوە بکەن کەمن چۆن ئاوا بڕیارێک دەدەم ؟ ڕاستە ترسام بەڵام ترسەکەم بەڵام چۆن شێر دوای هەموو پێنج هەنگاو سەیری دوای خۆی دەکات ، تادڵنیابێت کەس بەدوایەوە نی یە.
منیش وام کرد ، خوانەخواستە ناڵێم من شێرم ، بەڵام لەو پاشای دارستانەوە فێربووم کە ئاگام لەخۆم بێت ، چاوەڕوانی سەفەری جەهەنەمی تربن. ها کە سەفەرەکەم کرایە فیلیم . ئەوسا دەزانن ئێوە لەگەڵ کێ سەمادەکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست