نەقیب و عەقید و ئەفسەرە بێئەستێرەکان، چییان بردەوە و چییان دۆڕان؟
Monday, 21/05/2012, 12:00
ئەو کاتە بزانە کە تۆ شێتیت، کە ڕەفتارەکانت دژ بە بەرژەوەندی خۆت بێت (برنادشۆ).
خوێندەوەیەک بۆ هەندێک کەسایەتی تێکشکاوی کورد لە باشوردا، لەم بابەتەدا ڕووی دەمم لە چەند هەڵۆیەک دەکەم، کە خۆیان وانیشان دەدەن کەسانێکن مافخوراو هەڵخەڵەتێنراون. ئەم داماوانە تازە وشیاربوونەتەوە و لە کاتی خۆیدا دەستیان بە پریاسکەکەی دەسەڵاتدا نەکردووە، تا لەو غەنیمەیەی بەدەست پارتیی و یەکێتییەوەیە، لە سامان و نەوتی کوردستانەوەیە و بەسەر خەڵکانی تردا وەک سواڵ لە خانەی بەخشەندەیدا و لەژێر ناویی جیاواز جیاوازدا پێیان دەدەن. ئەم تازە هەست دەکات لێی بێبەش کراوە، بۆیە دەیەوێت لەگەڵیاندا ئاشت بیتەوە، تا بەشی لەو تاڵانییە بەر بکەوێت.
لای من ڕابردوو بۆ مسۆگەر کردنی ئایندە ناخوات. ڕۆژگاری دوای شۆڕش ئەو ڕۆژگارانە بوو کە هیتلەر ووتەنی: (
ئێوە شانازیی بەشتێکەوە دەکەن کە بەرهەمی خۆتان نەبووە) هەندێک لەم عەقید و نەقیبە بێئەستێرانە، هاوڕێی سەنگەرم بوون، بەڵام پارە و دۆلار، کەم کەس بەجوانی و بە ڕاوەستاوەیی دەهێڵیتەوە.
لەم ڕۆژگارانەدا کەسێک پێناسەیەکی سەر سنوری پیشان دام و ووتی:
- من چیم ماوە؟ خوا هیدایەتی داوم، کە بۆ ئەمڕۆ ئەم پێناسەیە هەڵبگرم!
پێناسەی سەر سنور لە دیوێکییدا بە زمانی فارسی نوسرابوو (اتحادی مهنی).
ئێمە وەک پێشمەگە، کە لە بەرەکانی شەڕدا بووین ئەو دەم پێناسەمان نەبوو، نەشمان دەویست، ئاخر کە تۆ خۆت بۆ شەهید بوون بڕازێنیتەوە چ پێویستیت بە هەڵگرتنی پێناسە هەیە؟ شتێک نەبوو پێناسەی بۆ هەڵگرین، ئێمە کارێکمان دەکرد پێناسەی نەدەویست. ئەودەم هەموومان پێشمەرگە بووین، پێشمەرگەش پێویستی بەناسینی شوناسی خۆی نەبوو، بەڵکو بۆ خۆی شوناسێکی ناسراوی ناو ئەو چیا و دۆڵانەبوو. ئەوانەی کە دەچوونە ئێران، لەو پێناسەیەیان پێ دەدان.
دوای ڕاپەڕین کە شەڕی ناخۆی دەسەڵاتدارەکان دەستی پێکرد. ئیتر زۆر لەو کەسانەی کە بەحساب لە چیاوە گەڕابوونەوە ڕوویان لە مەنفا کردبوو، بڕیاریان دا چیدی نەبنە سوتەمەنی شەڕێک کە کۆمەڵێ چاوچنۆک و مافیا و خیانەتکار بەڕێوەی دەبەن. لافاوی چۆڵکرنی نیشتمان دیاردەیەک بوو، ترسناک، لە ئەنفاڵ ترسناکتر، لە رەوکردن ناخۆشتر، خەڵکی هەموو شتێکی هەراج دەکرد و چارەنووسی خۆی دەدایە دەست قاچاخچییەکان کە لە هەموو بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی شۆرابوونەوە. هەموو ئەوانەی کۆچیان کرد هەر یەکە بە شێوەیەک چیرۆکێکی لەگەڵ خۆیدا دەخستە هەگبەکەیەوە نیشتیمانی جێ دەهێشت، لەوێ لە نیشتمانە پەمەییەکەی ئەوروپا و ڕۆژئاوای هێمن هەواری هەڵدەدا. زۆربەیان بۆ مانەوەی مۆڵەتی مانەوە بیروباوەڕیان تەڵاق دەدا و کەوتنە شکاندنی حیزب و شۆڕش و سەرانی کورد، هێندە چیرۆکی ناشرینیان هۆنیەوە بەوەشەوە نەوەستان خۆیان کردە، عەرەب و بەغدادی و بەسراوی، پاشان بێ ئابڕوو ترینیان ئەوە بوو کە دایک و خوشکی خۆیان دەکردە ژنی خۆیان، تا ئەوانیش بگەنە کەنارەکانی ئارامی، بەلێشاو پیرە خوشک و دایکەکانیان دەگواستەوە و بەناوی سەیرو سەمەرەوە دەیان منداڵی برا و خزم و کچ و کوڕی نیشتمانیان دەدایە دەست قەدەرەکانی ڕۆژ و ئەو ساڵانە کۆچبەرانی کورد بەشێکی زۆری مێدیایی ئەوروپی داگیرکردبوو.
بیرمانە هەر ڕۆژەی چیرۆکی نوقومبونی بەلەم و غەرق بوونی گەنج و پیرەکانمان دەبیست، کە لە ناو زەریاکاندا دەبونە خۆراکی ماسییەکان و دەشمان بیست پارتی چۆن لە ئاکرێ و زاخۆ و دهۆک گەنجەکانی کوردستانیان بەناوی جەلالییەوە لەزیندان دەخزاند، جەندرمەی تورکیاش ژمارەیەکی زۆری لە ناو دڕکە چانراوەکانی سنور دەکوشت و شارەکانی کوردستان هەر ماوە ماوە پرسەیەکیان لەخۆیان دەگرت.
ئەمەریکییەکان کە عێراقیان داگیرکرد، ڕژێمی بەعسی دەستکردی خۆیان ڕووخاند، ئیتر نیشتمانی ئێمەش ئاهێکی پیاهاتەوە، بەڵام یاسای جەنگەڵ خۆی لای ئێمە نمایش کرد.
ئەمڕۆ گەلێک هەمووی خانە نشینە، هەمووشی پێشمەرگەی کۆن و دێرینە، بۆ گاڵتەی مێژوو لە ئەنتیکەخانەکانی پارتی و یەکێتییدا دانراون. پێشمەرگەی ئەنتیک ئەو کەسانەن کە خۆیان هەرزانفرۆش کردوە و ئامادەن لەگەڵ ئەو هەموو خۆفرۆشەی زەمانی بەعسییەکاندا موچەوەربگرن. پێشمەرگە ئەنتیکەکان هێندە ناشرینن بیریان چۆتەوە، کە ئەوان کەسانێک بوون سەردەمێک لە ئەفسانە دەچوون و هەموو کەس لەسەر زاریان بوو. ئەوان بیریان چۆتەوە، کە بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە چۆن نەتەوەیەکیان ناشرین دەکرد؟
هاوڕێیەکم کە لەیەکێک لە ووڵاتە کانی ڕۆژئاوایە و کاری وەرگێڕانی دەکرد، توشی گەورەترین نەخۆشی بوو لە داخی هاوزمانەکەی خۆی بۆ هەتا هەتایە ئەو ووڵاتەی جێهێشت و ئیستاشی لەگەڵدا دابێت خۆی ووتەنی شەرم لە کورد بوونی خۆی دەکات، ئەو هاوڕێیەم هێندە چیرۆکی پەنابەری کوردی لایە، هەموو جارێک پێیانی ووتوە، برالە خراپ دەکەن بۆ مۆڵەتی مانەوە پەنا دەبەنە بەر ئەو هەموو کارە ناشرین و درۆیە، ئێمە ووڵاتمان نییە دەبێت هەر یەک لە ئێمە نمایەندەی نیشتمان بین، وەک کونسوڵی ووڵات ڕەفتار بکەین.
هاوڕێکەم ئەی ووت پێت وانەبێت هەمووی هەر خراپ بووبێت؟ نا بەڵام زۆری خراپ بووە و شتی وایان کردوە هەر مەپرسە. لێم پرسی بۆ ناینووسیتەوە و بیکەیتە کتیبێک، پێکەنی و وتی کامیان بنووسمەوە؟ سیخوڕی کردنەکەیان؟ قسە و قسەڵۆک و شيڕەکانیان؟ دزینی دەرپێکانیان، کە ژنە بەر پرس بوو؟ یان ئەوانەی ئەمڕۆ بەناوی پێشمەرگەی ئەنتیکەوە دێنەوە و زەوی خانەنشینی وەردەگرن و سەردەمێکیش بۆ مۆڵەتی مانەوەیان، خۆیان دەکردە عەرەب و تورکمان؟ ئیستاش لە سەرەی ئەوەدان و خانەنشینی وەردەگرن، پێشیان بڵێ تۆ چ پێویستت بەو خانەنشینییەیە!؟ لەوەڵامدا دەڵێت خۆ لە بەغدادەوە دێت بۆ وەری نەگرم، ئاخر برالە ئێمە چاکت دەناسین تۆ جاشی خەفیفەبووی.
- ئا ڕاستە بەڵام لە ڕێکخستنەکاندا بووم.
- کامە ڕێکخستن؟
- ئێوە هەژارن و غەدر لەخۆتان دەکەن. لێرە لە ئەوروپا گرانییە، منداڵەکان داوای ئایفۆن و پاسکیلمان لێدەکەن، بەچی بۆیان بکڕم، ئەی خۆ مافی خۆمانە نەوتی خۆمانە منەتی تێدا نییە. ئەمە وەڵامی ئەو پێشمەرگە ئەنتیکەیە، کە شەرم ناکات، غەدر لە رابردووی خۆی دەکات.
ڕۆماننووسێک دەڵێت: من ئیرەیی بە بانگدەر و بە منداڵی ساوا دەبەم، چونکە هەر ئەوان ماف و توانای هاواریان بەسەر ژیاندا هەیە. بەڕاستیش وایە، خۆزگە منیش وەک منداڵ لەبەر دەم یەکێک لەو جێگەی موچە بەخشینەوەدا دەمقیژان و هاوارم دەکرد و دەم ووت بەسە ئابڕووی نەتەوەیەکتان برد، ئێوە ئەی سووکینە تا مافی مانەوەتان لە ئەوروپا پێدرا، دەیان چیرۆکی دزیی و ژنکوشتن و سیخوڕیتان هۆنیەوە، نیشتمانتان ناشرین کرد، چونکە نمایندەیەکی هێندە قێزەوند بوون و خۆپەرست، ئیستاش لەوێوە دەگەڕێنەوە بۆ باوەشی بەر پرسە ناوگەڵپیسەکان و سواڵیان لێدەکەن و داوای موچە و بەراتیان لێ دەکەن. ئەوانیش دەزانن چۆنتان ناشرین دەکەن دێن و بە نەقیب و عەقید و ئەفسەری کارتۆنی خانەنشینتان دەکەن، وەک ئەو پەرلەمانتارەی لە دانمارک خۆی بە شێت خانەنشین کرابوو، ڕیسوایان کرد، سبەینێ ئێوەش کە گەندەڵی دەکەن ڕیسوا دەبن و دەبێ باجی ئەو ڕیسوا بوونەتان بدەن، ئەگەر نەشیدەن ئەی چی لە دەرونی ئاڵۆزتان دەکەن؟ ئەی بۆ لەو دوورەوە باسی گەندەڵی دەکەن؟
من قێزتان لێ دەکەمەوە، ئیستا ئێوە نەک هاوڕێم نین، بەڵکو ئێوە هەمان ئەو سوپا زۆرە بوون، کە لە فەوجەکانی ئاغا نەخوێندەوار و ئەنفالچییەکاندا خۆتان حەشار داوە.
دەک پیرۆزتان بێت، پارەی خانەنشینی و پاسکیل و ئایفۆنی منداڵەکانتان کە نایانەوێت لە ئێوە بچن.
ڕۆژێک دێ، خەڵکە بێ نەجمەکان، عەقید و نەقیب و ئەفسەرە قارەمانەکان، بزانن چیتان دۆڕاندووە و چۆن لە هەموو بەها جوانەکان ڕووت بوونەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست