کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕستانه‌کانی سلێمانی دوا ویزگه‌ی زیندووه‌کان!

Tuesday, 15/02/2011, 12:00


ڕووته‌ڵه‌یه‌ک کێلی گۆڕێک به‌شانی خۆیدا ده‌دا، مردووه‌که‌ ووتی: مه‌یبه‌ ناوی منی له ‌سه‌ره‌، با ون نه‌بم (ڕۆمان، ماچی یه‌که‌م)

به‌ر له‌هه‌ر شتێک ده‌مه‌ویت له‌ داره‌مه‌یته‌کانه‌وه‌ بڕوانمه‌ زه‌وقی زیندووه‌کان، داره‌ مه‌یته‌کان ئه‌و شته‌ گه‌له‌ به‌ نرخه‌یه‌، که‌ لاشه‌ ساربووه ‌بێ گیانه‌کانی تیا ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ گۆڕستان. داره‌مه‌یته‌کان له‌و شاره‌ زه‌به‌لاحه‌دا سره‌وتیان نییه‌، ئه‌وان وه‌ک دوومه‌ڵی سه‌ر روومه‌ت ڕه‌زا گرانن، بۆیه‌ له‌ سه‌ر ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌کان له‌ماڵی خوادا له‌نگه‌ر ده‌گرن، داره‌مه‌یته‌کان پێمان ده‌ڵێن: ئێمه‌ چۆن میلله‌تێکین و چه‌نده‌ ڕێزی مردووه‌کانمان ده‌گرین و چۆن ده‌یان گوێزینه‌وه‌ بۆ گۆڕستانه‌کان، تا به‌ئارامیی بخه‌ون.
داره‌مه‌یته‌کان هێنده‌ ناشرین و قیزه‌وند وبێنرخن، هه‌ر بۆیه‌ له‌ سه‌فه‌ری گۆڕستانه‌کان هاتنه‌وه‌ سزا ده‌درێن و له‌ سه‌ر ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌کان داده‌نرێن. کاتێک خه‌ریکی وێنه‌ی گرتنی دوو داره‌مه‌یت بووم له‌سه‌ر ئاوده‌ستی مزگه‌وتێک مامه‌یه‌کی پیره‌ تێی ده‌ڕوانیم، ووتی:
- ئه‌وه‌ چی ده‌که‌ی براله‌؟ ووتم:
- خاڵۆ وێنه‌ی ئه‌و داره‌مه‌یتانه‌ ده‌گرم، بۆچی؟ ووتی:
- من مجه‌وه‌ری ئه‌م مزگه‌وته‌م.



چه‌نده‌ دڵی خۆش کردم، ووتم:
- خاڵۆ گیان ده‌شێ بتوانم بپرسم حیکمه‌تی ئه‌مه‌ چییه‌، که‌ ئه‌و داره‌ مه‌یتانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئاوده‌سته‌ داده‌نێن؟ له‌م مزگه‌وته‌ گه‌وره‌یه‌دا جێگه‌یه‌کی پاکتر نییه‌ ئه‌م داره‌مه‌یتانه‌ی لێ دانێن ؟  ئاخر ئه‌وانه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی لاشه‌کانه‌ بۆ گۆڕستان. ووتی:
-  کاکه‌ جێگه‌ی چی هه‌وه‌ هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ هه‌ر وابوه‌ له‌وه‌ته‌ی من بیرم بێت هه‌ر ئه‌وانه‌ له‌وێ دانراون، ئیستاش به‌ناشکوری نه‌بێت خاوه‌ن مردووه‌کان ده‌بێ لێیان بپاڕێمه‌وه‌ تا بۆم ده‌خه‌نه‌وه‌ جێگه‌ی خۆی، نابینی هه‌ر باڵه‌خانه‌یه ‌و به‌حه‌وادا ده‌چێ که‌چی ده‌وڵه‌مه‌ندێک نییه‌ جێگه‌یه‌ک بۆ مردوو شۆردن دروست بکات و داره‌مه‌یته‌کانیش له ‌ژوورێک دابنرێت پاک و خاوێن بێت .




گۆڕستانه‌کان، ئه‌و جێگه‌یه‌ی که‌ بێ جیاوازی چینایه‌تی و ڕه‌نگ و شیوه‌ و بیر کردنه‌وه‌مان دره‌نگ یان زوو ده‌بینه‌ میوانی هه‌تاهه‌تایی، ئه‌و نیشتمانه‌ی تژی له‌ چیرۆکی مردووه‌کان . لێره‌دا له‌ناو ئه‌م گۆڕستانه‌ پڕ ئایه‌ته‌دا، که‌ رۆژگار هه‌مووی ژه‌نگاویی کردووه‌ له‌ناو کێله‌ بێ ناونیشانه‌کاندا ، گۆڕه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کاندا ، که‌ له ‌ڕۆژه‌کانی قڵیشانه‌وه ‌و ڕووداوه ‌چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کان ده‌چێت، ناو کۆڵانه‌ بێ سه‌ردابه‌کانی ‌گه‌ڕه‌که‌ داخراوه‌کان ده‌چێت ، مه‌حاڵه‌ بجوڵییته‌وه‌ و پێ به‌ ‌گۆڕه‌کانی تردا نه‌نێیت بۆ گه‌یشتن به‌گۆڕێکی تر، لێره‌ یاسای نێر و مێ په‌یڕه‌و نه‌کراوه‌. لێره‌ منداڵ و گه‌وره‌ به‌سه‌ر یه‌کدا ترشاوه‌ و که‌س به‌که‌س نییه‌.




زێوان و گۆڕهه‌ڵکه‌ن و گۆڕهه‌ڵبه‌سته‌کان حاکمی متڵه‌قن و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن چیده‌که‌ن له‌کوێدا مردووه‌ تازه‌کان به‌خاک ده‌سپێرن! چوونه‌ دنیای ئه‌مانه‌وه‌ هێنده‌ سانایی نییه‌، چونکه‌ کاتێک پرسیاریان ئاراسته‌ ده‌که‌یت واده‌زانن تۆ دێیت و ده‌بیته‌ برابه‌ش له‌گه‌ڵیاندا، چ یاسایه‌ک ئه‌م سیسته‌مه‌مان بۆ به‌ڕێوه‌ ده‌بات؟
ده‌سه‌ڵات له‌کوێی ئه‌م یاسایه‌دایه؟‌
خه‌ڵکی په‌یڕه‌وی ئه‌و تابلۆیه‌ ده‌که‌ن که‌ نرخه‌کانی له‌سه‌ر نوسراوه ‌و شاره‌وانی دایناوه‌،



گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌کان، زێوانه‌کانی گۆڕستان، ده‌ستوخه‌ت خۆشه‌کان، مه‌لاکانی ئایه‌ته‌ سه‌ره‌ و ژێره‌کان ده‌خوێنن ، خاوه‌ن مردووه‌کان، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌کان، بێکه‌سه‌کان، ئیستاش مۆدێلێکی تریش هاتووه‌ سه‌رۆک هێناوێتی ئه‌ویش هێنانی شاعیره‌ عه‌ره‌به‌کانه‌ بۆ گردی سه‌یوان، ئه‌و شاعیرانه‌ی دۆستی کورد بوون و له ‌ئه‌نفالی و جینۆساید کردنی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، ئیستا دێن له‌ سلێمانی به‌خاکیان ده‌سپێرێن لای 17 شه‌هیده‌که‌ی قڕگه‌وه‌ و سه‌ره‌ ترسنۆکه‌کانیش چه‌پکه‌ گوڵ له‌سه‌ر مه‌زاریان داده‌نێن و چه‌ندین مه‌تر زه‌ویشیان ده‌ده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی ئارام لێی بخه‌ون و بۆ دنیانی فانی بچن.



له‌باسه‌که‌دور ناکه‌ومه‌وه‌ ، له‌یه‌کێک له‌گۆڕستانه‌کان له ‌گۆڕهه‌ڵکه‌نێکم پرسی: ئه‌م گۆڕستانه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغه‌ ، داخۆ چه‌نێکی تر ده‌توانن لاشه‌کان لێره‌ به‌خاک بسپێرن؟
- برا ئیستاش جێگه‌ زۆر ماوه‌ زۆر به‌شی چه‌ند ساڵی تریش ده‌کات.
- ئه‌ی ڕووی داوه‌ گۆڕێک هه‌ڵکه‌نن و پلاشه‌ی مردویه‌ک به‌ده‌ر که‌وێ؟
- ئه‌رێ زۆرجاران ده‌توانم بڵێم هه‌موو جارێک، به‌ڵام مردووه‌کان بێ خاوه‌ن و ئیسکه‌کانیش ڕزیو و کۆنن .
- ده‌کرێ بزانین ڕۆژی چه‌ند گۆڕ لێده‌ده‌ن و خاوه‌ن مردووه‌کان مه‌رجیان چییه‌؟
- که‌م جار خاوه‌ن مردوو مه‌رج داده‌نێ، چه‌ند گۆڕیش لێ ده‌ده‌ین؟ - ئه‌وه‌ ڕسق به‌ده‌ست خوایه‌، خۆت باش ده‌زانی ڕۆژی وایه‌ گۆڕێک به‌خوا ڕۆژی واش هه‌یه‌ 4 گۆڕ کوره‌ پێنج گۆڕ، ڕۆژیش هه‌یه‌ هیچ .
- ڕویداوه‌ چه‌ند مردوویه‌ک به‌یه‌که‌وه‌ بێنن؟
- ئا به‌لام زۆر که‌م، مه‌گه‌ر به‌ ڕووداوی هاتوچۆ، یان شه‌ڕ، ئا دوو لاشه‌ پێکه‌وه‌ هاتووه‌، به‌ڵام که‌م جار ڕووده‌دات لای یه‌که‌وه‌ بیان سپێرین به‌خاک .
- ئێوه‌ چۆن ده‌زانن هه‌ندێ گۆڕ بێ خاوه‌نه‌؟
- چۆن نازانین؟ تۆ نازانی له‌ماڵه‌که‌تا چی هه‌یه‌ ، ئیره‌ش ماڵی ئێمه‌یه‌ ده‌زانین دار و به‌ردی ئه‌م گۆڕستانه‌ ده‌ناسین، ره‌نگه‌ به‌ ‌ناو نه‌زانین، به‌ڵام ده‌زانین کێ دێت و کێ نایه‌ت بۆ سه‌ر گۆڕی که‌سوکاری.
هه‌ستم کرد گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌کان هێنده‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌ ساردبووه‌کاندا ژیاون، خۆشیان ساردیی له‌چاوه‌کانیاندا به‌دی ده‌کرێت، ئیتر پرسیاره‌کانم پێچایه‌وه‌و ڕووم له‌ گردی سه‌یوان کرد.




ڕۆژی هه‌ینییه‌ و ئێره‌ هه‌فته‌ بازاڕه‌، ئێره‌ هه‌مووشتێک له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌وه‌، تا پێڵاو، نه‌علی ژنانه‌، ژێرکراس و رێحانه ‌و گوڵی نایلۆن و گسک و پێڵاو هه‌موو شتێکی تیا ده‌ست ده‌که‌وێت.. لێره‌ له‌م بازاڕه‌دا له‌نزیک ئه‌م گۆڕستانه‌دا مامه‌ڵه‌ ده‌کرێت و بۆته‌ عه‌لوه‌ ، له‌چ شوێنێکی دنیادا بووه،‌ گۆڕستانه‌کان بکرێته‌ جێگه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی کاڵا؟ ئه‌مه‌ به‌س له ‌حوکمه‌ته‌ خۆماڵییه‌که‌ی کورد ده‌وه‌شێته‌وه‌. کاتێکیش هه‌ڵبژادن بوو، هه‌مان ده‌سه‌ڵات هاتن لێره‌وه‌ له‌په‌نای گۆڕی شه‌هیده‌کانه‌وه‌ ده‌ستیان کرد به‌‌ پڕبووپاگه‌نده ‌و په‌یمانی درۆ به‌خه‌ڵک، ئه‌و ڕۆژه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بوو، نه‌یان هیشت عه‌ره‌بانه‌چییه‌کان و ده‌ستفرۆشه‌کان لێره‌ بوه‌ستن و کاڵاکانیان به‌خاوه‌ن مردۆکان بفرۆشن. ده‌سه‌لاتی کوردی هێنده‌ بێبه‌رنامه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌ری چه‌نده‌مین جاریانه‌، که ‌بڕیاریان داوه‌ ئه‌و هه‌فته‌ بازاڕه‌ بگوێزنه‌وه‌ بۆ جێگه‌یه‌کی تر، به‌لام چونکه‌ سلێمانی فره‌ کوێخایه‌، تا ئیستا ئه‌و بڕیاره‌ نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌.



براده‌رانی کوردستانپۆست بۆیان گێروامه‌ته‌وه‌، که‌ گۆڕستانه‌کانی دنیا ئارام ترین و خاوێن ترین جێگه‌یه‌، که‌ زیندووه‌کان زۆرجار بۆ گه‌رانه‌وه‌ی هه‌رمۆنی ده‌چنه‌ سه‌ردانی و له‌وێ له‌ناو گۆڕستانه‌کاندا کات ده‌کوژن، دوور له‌ ئیستا سه‌یوانی سلێمانیش وابوو دارئه‌رخه‌وانه‌کانی سه‌یوان ئیلهامی ده‌یان کۆپله‌ شیعر بووه‌، ئێمه‌ش ده‌هاتیین نامیلکه‌ قاچاخه‌کانمان له‌م گۆڕستانه وه‌ ده‌خوێنده‌وه‌. ئێره‌ قوتابخانه‌یه‌کی تری جۆشدانی شۆڕش بوو، شاعیرو هونه‌رمه‌نده‌کانی کوردستانی گه‌وره‌ خه‌ونیان به‌ گۆڕێکه‌وه‌ ده‌بینی له ‌سه‌یوان و وه‌سێتیان ده‌کرد بێن لێره‌ به‌ ئارامی بۆهه‌تا هه‌تایه‌ راکشێن، که‌چی ده‌سه‌ڵاتی کوردی چاکتره‌ بڵێم له‌ سایه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردی له‌ گردی سه‌یوان سوخمه‌ی مه‌مک و ژێکراسی ژنان له‌ هه‌فته‌ بازاره‌که‌یدا ده‌فرۆشرێت. به‌ڕاستی مردن لێره‌ له‌م شاره‌دا ناشرینترین شتێکه‌، که‌ که‌سمان نامانه‌وێت له‌ناو ئه‌و گۆڕستانه‌ بێ زه‌وقانه‌دا بۆهه‌تا هه‌تایه‌ بمێنینه‌وه‌.



مردن له‌ گۆڕستانه‌کانی کوردستان مانایه‌کی ڕۆحیمان ناداتێ ، لێره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ژیانی گۆڕستانه‌کانی ئێره‌شیان تێکداوه‌ ، چه‌رداخه‌ گران به‌هاکان، جێگه‌ پان و پۆڕه‌کان، به‌رپرسه‌کانیش به‌دۆنم زه‌وی بۆ گۆره‌کانیان زه‌وت ده‌کرێت. کاتێک که‌سێکمان ده‌چێته‌ گۆڕستانه‌کان ئیتر زه‌وق و سه‌لیقه‌ی زیندۆکان ده‌ناسینه‌وه‌. پێشتر له‌ ڕیپۆرتاژێکدا کوردستانپۆست باسی پرسه‌کانی کردبوو

.http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fd6038fe

پرسیار لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات: کامان به‌ر پرسین له‌ گۆڕی مردۆکانمان! ده‌سه‌ڵات یان ئێمه؟‌
گۆڕستانه‌کان وابمێنن یان شارستانییه‌ت جوانی ئارامی بگه‌ڕیته‌وه‌ ناو گۆڕستانه‌کان
رۆژێک ئێمه‌ش وه‌ک مردووه‌کانمان ماڵئاوایی له‌م ژیانه‌ ده‌که‌ین، ئێوه‌ ئاماده‌ن له‌ ناو ئه‌و گۆڕستانانه‌دا، که‌ هیچ خه‌یاڵیکی هارمۆنی تێدا نییه‌ بنێژرێن، یان ده‌بێ خۆمان و ده‌سه‌لاتیس بگۆڕین، تا جێگه‌یه‌کی شیاوتر بۆ لاشه‌کانمان فه‌راهه‌م بکه‌ین .
گۆرستانه‌کانی سلێمانی قسه‌ی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێ به‌هیوام که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕی ئه‌و بواره‌ به‌ گفتوگۆی چڕتره‌وه‌ بێنه‌زمان .

ئازاد فایه‌ق محه‌مه‌د
په‌یامنێری کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە