کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خانووی سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کان!

Sunday, 16/01/2011, 12:00


په‌یامنێری کوردستانپۆست/ سلێمانی:
له‌ کتێبی به‌ (قورس مه‌یگره)‌،  که‌ بریتییه‌ له‌ کۆمه‌ڵیک وانه‌ی فه‌لسه‌فیی ‌ نووسه‌ره‌که‌ی ناوی (ئۆشۆ)یه‌ له‌وێدا ده‌ڵێت: (مرۆڤ پێویسته‌ فێری بیرکردنه‌وه‌ بکرێت، نه‌ک هیچ شتێکی تر...) ئه‌م وانه‌یه‌ له‌ مێژه‌ منیش فێری بووم و به‌ پێی توانای خۆم هه‌وڵمداوه‌ کاری له‌سه‌ر بکه‌م.
ژیانی مرۆڤ پێویستی به‌حه‌سانه‌وه‌ و پشوودان هه‌یه‌، سروشت ئه‌و حه‌سانه‌وه‌یه‌ی بۆ دیاریی کردووین. ئه‌مه‌ مافی هه‌موو بونه‌وه‌رێکه‌ له‌ناو سروشدا ، جیاواز له‌وه‌ ده‌کرێ ناوی تری لێ بنێن.
که ‌باس له‌ خانووی سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کان ده‌که‌ین، ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی قوڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ ئه‌م کرده‌وه‌ ناشرینه‌ بکه‌ین، که‌ خودی تاڵه‌بانی پێی هه‌ستاوه‌. ئێمه‌ی مرۆڤ له‌ناو سروشدا و ته‌نها له‌یه‌ک شتدا یه‌کسانین، ئه‌ویش مردنه‌. گرنک نییه‌ تۆ له ‌کامه‌ چین، له‌ کامه‌ جێگه‌وه‌ هاتوویت! چۆن بیر ده‌که‌یته‌وه‌، باوه‌ڕت چیبووه‌، چیت کردووه‌ و چۆن ژیاویت هتد...، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سروشت پێمان ده‌ڵێت: ئێمه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ بمرین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو سروشت، به‌خۆمان و به‌ ڕه‌نگمانه‌وه‌.

تاڵه‌بانی، کاتێک زانی شه‌هیده‌کان (که ‌ده‌ڵێم شه‌هیده‌کان هه‌ندێک له‌سه‌رکردایه‌تییه‌کان) خه‌ڵکانێکن مێژوویه‌کی جوانیان له‌پاش خۆیان به‌جێ هێشتوه‌، هات له ‌ڕێگه‌ی به‌خشینه‌وه‌ی کلیلی خانوویه‌ک شه‌هیده‌کانی ڕووت کرده‌وه‌ له‌ڕابردویان، رووتی کردنه‌وه‌ له‌و جوانییه‌ی، که‌ خه‌ڵکی لێی ده‌ڕوانین، پاشان وه‌ک وتمان ئێمه‌ ته‌نها له‌ سروشتدا و  له‌ مردندا یه‌کسانین، تاڵه‌بانی هات له‌وێشدا شه‌هیده‌کانی له ‌یه‌ک دابڕان و خێزانی شه‌هیده‌کانی کرده‌ ناو دوو سه‌نگه‌ری جیاوازه‌وه‌، ئاخر شه‌هیده‌کان گوناهیان چی بوو؟
تاڵه‌بانی له‌ ڕێگه‌ی خزم و که‌سه‌ چاوچنۆکه‌کانیانه‌وه‌، کلیلی خانووه‌ رووزه‌رده‌کانیان وه‌رگرت.

ئێمه‌ ده‌زانین پێشمه‌رگه‌ی وامان هه‌بووه‌، که‌ شه‌هید بوو‌، ته‌نها فڵچه‌یه‌کی ددانی له‌پاش جێما، باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ سه‌رکرده‌م نه‌بێت؟
که‌سانی وامان هه‌بووه‌ له ‌گیرفانه‌کانیدا ورده‌ نان، هه‌ش بوو کۆپله‌ شیعرێکی له‌دوای خۆی جێهێشت‌، بۆ ئه‌وانه‌ سه‌رکرده‌مان نه‌بن؟

تاڵه‌بانی شه‌یتانه‌ ده‌زانێ چی کردووه‌ و بۆ وا ده‌کات! کاتێک ته‌رمی خاڵه‌ شه‌هاب گه‌ڕایه‌وه‌ سلێمانی، هه‌موو شار له‌گه‌ڵیدا چوون بۆ گۆڕستان، که‌ ئارام شه‌هید بوو هه‌زاران منداڵی کوردستان ناونرا ئارام، تاکه‌ که‌س بوو له‌ هه‌موو شته‌ پیرۆزه‌کان زیاتر سوێندی پێ ده‌خورا، ئێمه‌ که ‌ده‌مانگووت به‌گۆڕی شه‌هید ئارام، ئیتر ئه‌وه‌ بڕیاری دوایمان بوو، که‌چی که‌سوکاره‌که‌ی شه‌هید ئارام به‌ خانوویه‌ک ئارامیان زامارکرد.

ناوی سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کان قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ، هه‌یانه‌ به‌ وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمۆبێل مردووه‌، کاتێک پیاو ده‌چی بۆ سوریا شه‌هیدێکی پاڵه‌وانی تر ده‌بینێ، که‌ کوڕی حافز ئه‌سه‌د بووه ‌و له‌ ڕێگه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ به‌ ڕووداوێک ده‌مرێت، ئه‌ویش ده‌که‌نه‌ شامپویۆنی شه‌هیده‌کان و وێنه‌که‌ی به‌گه‌وره‌یی له‌ دار و دیواری دیمه‌شق و شاره‌کانی دیکه‌ی سوریا هه‌ڵده‌واسن. عه‌قڵی ته‌سکی دیکتاتۆر و تاوانباره‌ سیاسییه‌کان هه‌ر وه‌ک یه‌ک بیرده‌که‌نه‌وه‌، وه‌ک یه‌ک ره‌فتار ده‌که‌ن، ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت که‌ ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ له‌ ئاوده‌ستدا گیانی له‌ ده‌ستدا، که‌چی ئه‌ویش بۆته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی شه‌هید. کوڕه‌که‌ی کۆسره‌ت له‌ ئاوی دوکاندا خنکا، ئیستا ئه‌ویش شه‌هیده‌. شه‌هید هیچ مانایه‌کی نه‌ماوه‌. ئه‌مڕۆ مردن یان تێداچوون به‌ نه‌خۆشیی، به‌ خنکاندن، به‌ هه‌ر کاره‌ساتێکی تر  بۆ که‌سوکاری ئه‌م به‌رپرسانه‌ ناوێکی تری هه‌یه‌، ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید و سه‌رکرده‌ی شه‌هیده‌، کاتێکیش ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ راسته‌قینه‌کانیشدا تێکه‌ڵ ده‌کرێن، ئیتر پێشمه‌رگه‌ راسته‌قینه‌ و شه‌هیده‌کانیش هیچ مانایه‌کیان نامێنێت. بۆیه‌ کاتێک یه‌کێکی تووڕه‌ له‌م ده‌سڵات و حیزبانه‌، که‌ له‌‌ داخاندا له‌ ده‌می هه‌زار قسه‌ و جنێو دێته‌ ده‌رێ، شه‌هیده‌ جوان و پێشمه‌رگه‌ راسته‌قینه‌که‌ش ده‌گرێته‌وه‌، ئا لێره‌دایه‌ ده‌ڵێم تاڵه‌بانی، ته‌نانه‌ت بارزانیش له‌مه‌دا شه‌یتانن، زانیویانه‌ چۆن مێژووه‌ ناشرینه‌که‌ی خۆیان تێکه‌ڵ به‌ جوانی ئه‌و مێژووه‌ بکه‌ن که‌ پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیده‌کان نووسیویانه‌ته‌وه‌.


تاڵه‌بانی بۆ ئه‌مه‌ی کرد و که‌سوکاری شه‌هیدانیش بۆ ئه‌مه‌یان لێ وه‌رگرت؟
تاڵه‌بانی ویستی به‌ کورد بڵێ: من ده‌توانم هه‌موو که‌سه‌ مردۆکانیش بهێنمه‌ ژێر ڕکێفی عه‌رشی خۆمه‌وه‌، که‌ گردێکمان بۆ خه‌زوورم زه‌وت کردووه‌، ئه‌وه‌تانێ ماڵێکی 600 مه‌تریش ده‌ده‌مه‌ سه‌ر کرده‌کان، شه‌هیده‌کانی تریش هیچ نین و سه‌رکرده‌ نه‌بوون.
ئه‌وان شه‌هیدی ده‌ستی دووهه‌من. بیرتانه‌ به‌ر له‌وه‌ی گۆڕان و ده‌زگای ووشه‌ بچێته‌ بواری کارکردنه‌وه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا پێشنیارێکی خسته‌ به‌رده‌م تاڵه‌بانی، که‌ حیزب له‌ حوکمه‌ت جودا بکاته‌وه‌؟ تاله‌بانی به‌ هه‌ڵه‌داوان له‌په‌ڕه‌یه‌کی ره‌نگ زه‌ردا کۆمه‌ڵێ خاڵی نووسی، ئیتر مێدیا ڕه‌نگ زه‌رده‌که‌ی یه‌کێتی کردیانه‌ هه‌را و ووتیان، ئه‌م خاڵانه‌ له‌وانی باوه‌ لینین گرنگتره‌، ئه‌وه‌تا حیزب له‌ حوکمه‌ت جودا ده‌که‌ینه‌وه‌. سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ووتی: پارتیش پابه‌ندی ئه‌و خاڵانه‌یه‌، که‌ تاڵابانی دایناوه‌.
کاتی خۆی حه‌مه‌ی مه‌لاقادر ووتی: پارتی هیچ پلانی نییه‌ په‌یڕه‌وی ئه‌و خاڵانه‌ بکات، ته‌له‌فیزۆن و ڕادیۆی هه‌رێمی سه‌وز یه‌ک مانگدا ده‌یان به‌رنامه‌ی کرچ و کاڵیان له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌ پڕ مه‌هزه‌له‌یه‌ی تاڵه‌بانی دروست کرد، که‌چی تاڵه‌بانی بیری چۆوه‌ حیزبی له‌ حوکمه‌ت جیا کردۆته‌وه‌، کاتێک کلیلی خانووه‌کانی دا به ‌که‌سوکاری سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کان، ووتی: خزمینه‌ چی ترتان پێویست بوو ڕاسته‌وخۆ وه‌رن بۆ لای خۆم.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کتێبی (په‌نجه‌کان یه‌کتر ده‌شکینن) ڕه‌خنه‌ی له‌ تاڵه‌بانی گرتووه‌ و ده‌ڵێ: ئه‌م پیاوه‌ هێنده‌ قسه‌ ده‌کات هه‌میشه‌ ده‌که‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌، ئه‌مڕۆ له ‌دژی قسه‌که‌ی دوێنێی ڕه‌فتار ده‌کات.
خانووی سه‌ر کرده‌ شه‌هیده‌کان تاوانێک بوو کرا به‌رامبه‌ر به‌ چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌ک، که به‌مانا زانستییه‌که‌ی شه‌هید بوون و سه‌رکرده‌ ، له‌ ڕووی مێژوویشه‌وه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌بوو، که‌ شه‌هیده‌کان له‌کاتی مه‌رگیاندا پله ‌و پایه‌یان بدرێتێ،‌ به‌داخه‌وه‌ ‌ده‌یان و سه‌دان شه‌هیدی وه‌ک: (شه‌هید فه‌ره‌یدوونی حه‌جی عه‌لی، شه‌هید ئارامی وه‌ستا شه‌فیق، شه‌هید حه‌مه‌ بی که‌ی سی، شه‌هید عومه‌ری ساڵه‌ ورگه‌، شه‌هید شوانه‌ی کادێر، شه‌هید دارای سه‌عدی به‌گ، عومه‌ر چاوشینی که‌له‌کنی، شه‌هید هیوا فایه‌ق فارس، هاوڕێ جه‌بار، ئاسۆی ده‌لاک، بێستونه‌ سوور کوڕی برایم سه‌نده‌ویج، جه‌مال عه‌لی باپیر، ناسحی کوێخا عه‌زیز، عه‌به‌ی مه‌لا؛ که‌ ئه‌م شه‌هیده‌ ده‌ڵین کاتی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ تاڵه‌بانی تووڕه‌ بووه‌ و قسه‌ی لێ نه‌خواردۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌دان سه‌دان شه‌هیدی تر)، که‌ له‌سه‌رکرده‌ سه‌رکرده‌ تربوون و ئه‌مڕۆ په‌راوێز خراون. ده‌بوو که‌سه‌کانی ناو یه‌کێتی ئه‌م تاکڕه‌وییه‌ی تاڵه‌بانیان قبوڵ نه‌کردایه‌ ، ده‌کرێ سبه‌ینی راپه‌ڕینێ بێت و خانوی سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کانیش به‌ر نه‌فره‌تی خه‌ڵک بکه‌وێت، شه‌هیده‌کان له ‌هه‌موو جوانی و به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی داماڵن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ و تێڕامان بوو، بۆچی که‌سوکاری ئه‌م سه‌رکردانه‌ هیچیان نه‌وت؟ ده‌تگووت له‌سه‌ره‌ی بایه‌عیدا وه‌ستاون و به‌و شێوه‌یه‌ رمێکی ژه‌هراویان کرده‌ ناو جه‌رگی شه‌هیده‌کانیانی خۆیان. خانووی سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کان ته‌نها به‌فیتی تاڵه‌بانی نه‌خشه‌ی بۆ کێشرا و شه‌هیده‌ سه‌رکرده‌کانی وه‌ک خۆی له‌به‌ر ده‌م مێژوویه‌کی ئاڵۆز و ته‌ماویدا دانا، ئه‌مه‌ش پرسیارێکی لادروست کردین: داخۆ شه‌هیده‌کان بمانایه‌ ئه‌م کاره‌یان قبوڵ ده‌کرد؟ یاخود وه‌ک زیندۆکانی ئیستا، ئه‌وانیش گردێکیان بۆ خۆیان داگیرده‌کرد؟ یان هه‌موو به‌یانییه‌ک که‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستان سه‌ریان له‌بۆیاخی ڕه‌ش ده‌نا، وه‌ک ئه‌مانه‌ی ئیستا ده‌ستدرێژی له‌ نامووس و شه‌ره‌فی کچ و ژنانی وڵاته‌که‌م ده‌که‌ن، بڵێن ئێمه‌ش ده‌سه‌ڵاتدار و پاره‌دار و به‌تواناین؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌وانیش  بمانایه‌، ئایا ده‌یانگووت :پیری به‌ئێمه‌دا هه‌ڵنازنێ و ناگاته‌ هه‌واری ئێمه‌؟ ئا ئه‌م گومانه‌یه‌ که‌ تاڵه‌بانی له‌سه‌ر مێژووی هه‌موو شه‌هیده‌کان دروستی کرد‌.
خانووی سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کان قسه‌ زۆرتر هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام که‌مترین بابه‌تی له‌سه‌ر کراوه‌. هیوادارم له‌ پاشه‌ڕۆژدا ئه‌و خانووانه‌ له‌و هه‌موو که‌سانه‌ بسه‌ندرێته‌وه‌، ته‌نها له‌به‌ر حه‌یا و حورمه‌تیی خۆیان، بکرێته‌ مۆزه‌خانه‌ بۆ گشت شه‌هیده‌کان بێ جیاوازی، چونکه‌ ئێمه‌ به ‌یاسای سروشت هه‌موومان له‌مردندا یه‌کسانین، ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ ‌یاساکانی سروشت ده‌بات، مێژوو ڕیسوای ده‌کات.

چاوه‌ڕوانی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ سلێمانی بکه‌ن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە