گۆڕان، بە عەقڵی ئەدهەم بارزانی گۆڕان دەکات؟
Friday, 29/07/2011, 12:00
چۆن دەچیتە پرسەی دایکی تیمساحێک، کە کەڵبەی لە نیشمان و تاک بە تاکماندا گیرکردووه؟(
نیشتمان له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌کانی خۆی و له‌گه‌ڵ ستهمکارهکانییدا له هاوپه‌یمانیی دایه).... ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه قسه‌ی فاروق ڕەفیقه، که وەها دەڵێت.
ئێمەش دەڵێن: مەگەر هەر لەو نیشتمانەدا ڕووی دابێ، که ڕۆشنبیرێک، شەست ڕۆژ بە پێوە بە شاقامەکانی شاردا هاوار بکات، دەرگا بە دەرگای ماڵان بگەڕێ، له ژێر کوتەک و دانەجیڕەی چەک بەدەستە مافیاکانی دەستەڵاتدا و بەناو سێبەری هەڕەشەکانی خێڵێک لە دڵڕەقیید بڕوات، که‌سیش گوێی لێ نه‌گریت و بە ناو (نیشتمانی داستانی مه‌رگه راگه‌یه‌ندراوه‌کان)دا بانگەوازی گەڕانەوەی عەقڵ و گەڕانەوەی ئازادیی و گەڕانەوەی بەهاکانی مرۆڤی بکات. که‌سیش گوێی لێنه‌گریت.
ئەوەی ئەو پیاوە لەم دوا نووسینەشیدا لە یادی سۆرانی مامە حەمەدا دەیڵێت، موناجاتی عەقڵێکە دڵشکاو، ڕەنجاو لە ناماقوڵییە سیاسییەکان، لە بێ حەیایی و بێ شورەیی سەرکردەکان، لە دوو ڕوویی قەڵەمە بێ هەڵوێستەکان، لە مرۆڤە لاواز و قسە زل و بێ کردارەکان.
دروست ئەوەی لە سەر نیشتمانی ئێمەدا دەگوزەرێت و ئێمە دەیبینین، شتێکە لە دەرەوەی هەموو چاوەڕوانییەک، لە ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی سیاییه‌کان، له ده‌ره‌وه‌ی ئازایه‌تیی و راستگۆیی، له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نیشتیمانپه‌روه‌ریی، که له مێژووی هیچ گەل و نەتەوەیەکدا ڕوونادات، به‌ڵام لە نیشتمانی ئێمەدا بە ئاسایی و به ئاسانی دێتەدی و بۆشیان ده‌چێته سه‌ر.
دەشێت ئەم نیشتمانە نیشانەیەک بێت بۆ هەشتەمین سەرسوڕهێنەری دنیا، بەڵام لە داهێنانی ژیریی و شارستانییدا نا، بەڵکو لە داهێنانی رەفتار و هەڵوێستی سیاسیی و حیزبایەتییدا.
ئاخر لە مێژووی چ میللەتێکدا بووە، تۆ له ساڵی 1974دا سەدان هەزار پێشمەرگە و دەیان سەرکەوتنی سەربازیی، پاڵپشتی هەموو گەلیشت له‌گه‌ڵدا بێت، کشه له میلله‌تێک بکه‌یت و چه‌کیان پێ دابنێیت، تۆ بێیت و ئاشبەتاڵ بکه‌یت، ئەو ئاشبەتاڵەش بە قارەمانێتی بۆت حساب بکرێت؟
لە کوێی ئەم دنیایەدا ڕووی داوە، که سێ ملیۆن مرۆڤی ئاوارە و پەڕاگەندە لە ترسی سەدام رابکات، بداته شاخ و کێوەکانی سنوور و رای گشتی هەموو جیهانت لە پشت بێ، که‌چی سەرکردە ناموبارهکهکانی بچنەوە نێو باوەشی ئەو سەدامە، پێشبڕکێ بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بده‌ن کامیان زیاتر ماچی بکەن؟
چ میللەتێک دەتوانێ لەو سەرکردە، له‌و پارت و چەکدارانەی خۆش بێت، کە لە 31ی ئابدا پێشڕەوی تانکی دوژمنیان کردبێت، ئەمڕۆش ئەو یادە بە ڕۆژێکی پیرۆزی مێژوویی ئه‌و نەتەوەیە پێناسه بکرێت؟
زۆربەی گەلانی دنیا، دووچاری شەڕی ناوخۆ بوون، پێم بڵێ ئه‌وه چ گەلێکه جگه له کورد، لە پاش ئەو شەڕانه، هێشتا لە حاڵەتی نائارامییدا بێت و ناوی بنرێت ئاشتبوونەوەی ڕاستەقینە، که‌چی میللەت خەتابار بکرێت و سەرکردە ناپاکه شەڕبازهکانی بڵێن: ئێمه بێگوناهبارترین کەسی ئەو جەنگە ماڵ وێرانکارهین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه میلله‌تی خۆیان تاوانبار بکه‌ن؟
ئاخر چ گەلێک هێندەی گەلی کورد، نەهامەتی دیوه بەدەست سەرکردەکانییەوە و لە بەغدا ملکەچ و مفاوەزاتچی بن، له کوردستانیش خەڵکه‌که داوای ماف و حەقی خۆی بکات، وەک 17 شوبات، که‌چی بە (بی کەی سی) گوللە بارانی بکه‌ن؟
کام کۆمەڵگا، کە ویستی بگۆڕێ، به دڵسۆزیی و دڵپاکیی خۆیه‌وه، له سه‌رکرده‌یه‌کی شه‌رانی شاخ خۆش ببێت و ئیرادەی گۆڕانی خۆی بداته ده‌ست، که‌چی ئه‌و بێت و ئیراده‌ی ئه‌و خه‌ڵکه لاواز بکات و سووک و ریسوایان بکات؟ ئەدهەم بارزانی لە گەرمەی شوباتدا پێی دەگوت: دەبێت نەوشیروان بێتە بەردەم بارزانی و پەشیمانیی بنوێنێ، دەنا کتومت بەو دەستەواژەیە گوتی: (
شەق دەزانێ قۆناغ لە کوێ یە)، ئێستاش ئه‌و سەرکردەی گۆڕانە به بێ شه‌ق، قۆناغه‌که‌ی بۆ ده‌دۆزێنه‌وه، وا ده‌چێته پرسەی دایکی بارزانی و لە حزوری ئەو ئەدهەمەدا، ده‌ستی ده‌گوشێت، وه‌ک سه‌رکرده‌ی کۆیله‌کان خۆی نمایش ده‌کات؟ له ناو چ میلله‌تێکدا سه‌رکرده‌ی گۆڕانه‌که‌ی ئاوا زه‌لیل و ترسنۆک بووه؟ لێ ئه‌م که‌سه هەموو شتێک بێ و هەرچی بنوێنێ، ناتوانێت بەس ئیرادەی ڕاستە قینەی گۆڕان و ده‌نگی توڕه‌ی گه‌نجه‌کان بنوێنێ.
دروستە پەیڕەوکردنی ئاداب و عورفی کۆمەڵگا لە کاتی وادا لە بەرامبەر دوژمنیشدا بەشێکە لە جوامێریی، بەڵام ئەو جۆرە دوژمنە، تەنیا دوژمنێک نییە لە سەر کێشه‌ی دەستەڵات، به‌ڵکو دوژمنە بەجەستەمان، دوژمنه بە گیانمان، بە نەتەوە و به مێژوومان، دوژمنه بە مرۆڤبوون و بە مافمان، بە سامان و بە داهاتمان، دوژمنێکە تا سەر ئێسقان لە هەوڵی تێکشان و کۆیلەکردنماندایە.
چۆن دەچیتە پرسەی دایکی تیمساحێک، کە کەڵبەی لە نیشمان و تاک بە تاکماندا گیر کردووه؟به‌ڵێ راسته ئه‌و کاته لە سەر نەوشیروان مستەفا ئه‌وه‌نده نەدەبوو به ماڵ و بەر تانەی ئه‌مڕۆ و دوارۆژی مێژوو نەدەکەوت، ئه‌گه‌ر بەهەمان شێوە بچوایە بۆ پرسەی یەک بە یەکی شەهیدەکانی 17 ی شوباتیش.
به‌ڵێ ئاساییە لەم نیشتمانە سەیر و سەمەرەی ئێمەدا، گۆڕان بە عەقڵی ئەدهەم بارزانی بکرێت و کۆمەڵگای کوردی و سیستەمی سیاسیی به عه‌قڵی ئه‌وان بگۆڕێت؟
دروست قسەکەی فاروق ڕەفیق راسته، که ده‌ڵێت: (نیشتمان له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌کانی خۆی و له‌گه‌ڵ ستهمکارهکانییدا له هاوپه‌یمانیی دایه).... بۆیە سیمای ئۆپۆزسیۆنیش لە ئاست دەستەڵاتدا کۆیلەیه و به ملکه‌چیی خۆی دەنوێنێ.
تێبینی: به داوی لێبوردنه‌وه ئه‌م نووسینه به هه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناوی نووسه‌رێکی تر بڵاوکرایه‌وه، ئه‌میش به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌کی ته‌کنیکییه‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست