با یادی شه‌هیدانی کاره‌ساتی سه‌رده‌شت هه‌موومان به‌ ته‌بایی کۆبکاته‌وه‌

Sunday, 04/07/2010, 12:00


کۆمه‌ڵێک رێکخراو ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست
نوێنه‌رانی پارت و ڕێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان
كه‌س و كاری قوربانیانی شاری سه‌رده‌شت


وه‌ک هه‌موومان ئاگادارین 23ساڵ پێش ئێستا , له‌ به‌رواری 28/6/1987 فڕۆكه‌ مه‌رگهێنه‌ره‌كانی به‌عس , كاتژمێری 4,30 سه‌ر له‌ ئێواره‌ ژه‌هری قینی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی شه‌هید په‌روه‌ر و كورد په‌روه‌ری شاری سه‌رده‌شتی قاره‌مان و گوندی ڕه‌شه‌ هه‌رمێ و ده‌وروبه‌ریدا باراند, 4 فڕۆكه‌ی مه‌رگهێنه‌ر , به‌م تاوانه‌یان , زیاتر له هه شت هه‌زار هاووڵاتی سڤیلی ئه‌م ده‌ڤه‌ر و شاره‌یان شه‌هید و برینداركرد, چه‌ندین خێزانیان له‌ بنه‌چه‌وه‌ قه‌ڵاچۆکرد, تاكو ئێستا زیاتر له‌ 1000 هاووڵاتی بونه‌ته‌ قوربانی ئه‌و تاوانه ‌ نامرۆڤانه‌. ئه‌وه‌ی له‌م تاوانه‌وه‌ زیاتر و زۆرتر بۆمان ئاشکرا ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌، که‌ دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان به‌لایانه‌وه‌ که‌ کورد بکوژن، جا له‌ هه‌ر به‌شێکی کوردستان و شار و گوندێکی نیشتمانه‌که‌ماندا بێت، ئه‌وان دوژمنی هه‌موو گه‌له‌که‌مانن، جا له‌ باشور بێت یان باکور، ڕۆژهه‌ڵات بێت یان رۆژئاوا، جیاوازی و فه‌رقێکی بۆ ئه‌وان نییه‌.
.
له‌ كاتێكدا ئێمه‌ یادی 23 ساڵه‌ی ئه‌و تاوانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ , هێشتا مه‌رگه‌ساتی سه‌رده‌شت نه‌بۆته‌ دۆزێك بۆ تاوانبارانی به‌غدا , هێشتا برینداره‌كانی ئه‌م شاره‌ له‌ ئێش و ئازاردا ده‌ژێن و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ نه‌كراوه‌ , هێشتا ونبوه‌كان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ , هێشتا له‌ لایه‌ن ڕه‌وه‌ندی كوردی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ گرنگی به‌م مه‌رگه‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ نادرێت، هێشتا سه‌رده‌شتییه‌كان به‌ ته‌نها یادی قوربانییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ شیندا بێكه‌س و بێ هاوڕێن .
رژێمی ئیسلامی ئێرانیش وه‌ک داگیرکه‌رێکی دڕنده‌ و دڵڕه‌قی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌کو پێویست چاره‌سه‌ری برینداران و پاشماوه‌ی به‌رکه‌وتوانی ئه‌و کاره‌ساته‌ی نه‌کردوه‌، رۆژانه‌ به‌ گرتن و زیندانیکردن و شه‌هید کردنی ڕۆڵه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌‌ گشتی و ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌تایبه‌تی، سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری جاره‌های تر شه‌هید ده‌کاته‌وه‌، به‌ جۆرێک له‌به‌ر ئازار و سه‌رکوتی ئه‌م رژێمه‌ دژ به‌ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه‌، خه‌ڵک تا راده‌یه‌ک ئازاره‌کانی کاره‌ساتی سه‌رده‌شتی بیر چووه‌ته‌وه‌.

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ ئێمه‌ له‌ چاودێری كوردۆساید و چه‌ند حزبێکی تری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و سازمانی خه‌بات گرنگیمان به‌م یاداوه‌رییه‌ داوه‌و هه‌وڵمانداوه‌ , ساڵانه‌ یادێک له‌ قوربانیانی سه‌رده‌شت بکه‌ینه‌وه‌ , له‌ یادی 23 ساڵه‌ی ئه‌م تاوانه‌دا , داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین , که‌ بۆساڵانی داهاتوو یادێكی گه‌وره‌و شکۆمه‌ندانه‌تر له‌و تاوانه‌ و و له‌و قوربانیانه‌مان بكرێته‌وه‌ ,که‌ شایانی گه‌وره‌یی یاداوه‌ری ئه‌و كاره‌ساته‌كه‌ بێت, ڕۆژی یاداوه‌رییه‌كه‌ بكرێته‌ ڕۆژێك بۆ ڕسواكردنی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان و به‌كارهێنانی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی كیمیاوی و هاوپشتی له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ و پاڵه‌په‌ستۆكردن بۆ كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌و تاوانه‌ له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كان .
جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا یادی کیمیابارانی گوندێکی ره‌سه‌نی شه‌هیدی تریش هه‌ر به‌ کیمیابارانی رژێمی سه‌ددام بکه‌ینه‌وه‌، ‌که‌ گوندی (زه‌رده‌)ی سه‌ر به‌ شارستانی کرندی پارێزگای کرماشانه‌، له‌ به‌ره‌به‌ێانی ڕۆژی 31ی پۆشپه‌ڕی ساڵی 1367دا فرۆکه‌ مه‌رگوه‌شێنه‌کانی سه‌ددامی دیکتاتۆر کیمیابارانی ئه‌م گونده‌ جوانه‌یان کرد و له‌ ئه‌نجامدا 275 که‌س له‌ خه‌ڵکی سیڤیلی گونده‌که‌ شه‌هید و 1146 که‌سیش بریندار بوون.

تاوانی كییاباراكردنی شاری سه‌ره‌شت وه‌ك له‌دادگای تاوانباری بازرگانی مه‌رگ فرانس ڤان ئانرات له‌ وڵاتی هۆڵه‌ند دیاریكرا به‌تاوانی جه‌نگ ناونرا, هه‌ردوو تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی جه‌نگ وتاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی له‌خۆ ده‌گرێت, سزا نه‌دانی بکه‌رانی ئه‌م تاوانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ تاوانێكی دیكه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی ئه‌مشاره.

ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی لامانه‌ (لێره‌دا به‌ڵگه‌نامه‌که‌ نیشانی ئاماده‌بووان ده‌درێت)، که‌ بۆ یه‌که‌مجاره بڵاوبکرێته‌وه‌، راپۆرتێکی ئیستخباراتی عێراقییه‌ و بۆ به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی ئیستخباراتی ئێراقی له‌ 2 ی ئابی 1987 دا به‌رزکراوه‌ته‌وه‌، راپۆرته‌که‌ زۆر تایبه‌تی و نهێنییه‌ و باس له‌ لێدانی شاری سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری له‌ لایه‌ن رژێمی عێراقه‌وه‌ ده‌کات،هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ زیانه‌کان ده‌کات. ده‌کرێت به‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا یان دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی که‌یسی سه‌رده‌شت لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت و تاوانبارانی به‌ دادگا بگه‌یه‌نرێن تا سزای ره‌وای خۆیان وه‌ربگرن.

خۆشبختانه‌ له‌كاتێكدا به‌ره‌و یادی 23 ساڵه‌ی ئه‌م تاوانه‌ ده‌ڕۆین ,له‌كۆنگره‌ی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌شاری كه‌مبالای ئۆگه‌ندا "31.5 بۆ 10.6",به‌كار هێنانی چه‌كی كیمیاوی له‌ململانێ ناوخۆییه‌كان وه‌ك تاوانی جه‌نگ په‌سه‌ندكرا، ئه‌مه‌ش به ‌هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌زانین، بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیاوی له ته‌واوی ‌جیهاندا، هه‌نگاوێكی مه‌زنه ‌بۆ دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی (هه‌ڵه‌بجه‌كان و سه‌رده‌شته‌كان, شێخ وه‌سانانه‌كان وگۆپته‌په‌كان و زه‌رده-‌كان ,سوێیسنانه‌كان و.....هتد له‌ئاینده‌دا)).

هه‌ر لێره‌وه‌ گله‌یی خۆمان له‌ هه‌ندێک له‌ پارت و ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانمان ده‌رده‌بڕین، که‌ وه‌کو پێویست گرنگی به‌م کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌ دادگاگه‌یاندنی تاوانباران و گه‌یاندنی دۆسییه‌که‌ی به‌ دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ به‌غدا یان دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی ناده‌ن. له‌ راستیدا بێده‌نگی ئه‌وان له‌ ئاست ئه‌م دۆزه‌ گرنگه‌ و گرنگی نه‌دانیان به‌م كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه, مایه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌و خه‌ڵكی شاری سه‌رده‌شت و گوندی ڕه‌شه‌ هه‌رمێ و ته‌واو قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان, بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین با هه‌موومان یه‌كگرتووانه‌ ساڵانه‌ به‌ره‌و یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی قوربانیانی شاری سه‌رده‌شت, یادێكی وای ئه‌و تاوانه‌ بكه‌ینه‌وه, له‌ ئاستی گه‌وره‌یی تاوانه‌كه‌ و ژماره‌ی قوربانیانی و تێكۆشه‌ری و مێژووی پڕ له‌ شانازی شاری سه‌رده‌شتدا بێت.

به‌رێزان ئێمه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ له‌خواره‌وه‌ ناومان هاتوه‌ و به‌ سازدانی ئه‌م مه‌راسیمه‌ هه‌ستاوین، له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ کوردی و ئێرانی و مرۆڤدۆسته‌کان، به‌تایبه‌تی رێکخراوه‌کانی مرۆڤدۆست و ژینگه‌پارێزی جیهانی داواکارین، که‌:

1/ دۆسیه‌ی ئه‌م کاره‌سات و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ بگه‌یه‌ننه‌ دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی. بۆ سزادانی تاوانکاران و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ گه‌وره‌یه‌.
2/ هه‌وڵدان بۆ کردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رکردنی برینداران و به‌رکه‌وتوانی ئه‌و کاره‌ساته‌وه‌ له‌ شاری سه‌رده‌شت، که‌ تا ئێستاش به‌ده‌ست پاشماوه‌ی برین و ئازاره‌کانی ئه‌و تاوانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
3/ دروستکردنی مۆزه‌خانه‌ و مۆنۆمێنتێک بۆ یاده‌وه‌ری ئه‌و کاره‌ساته‌ له‌ نێو جه‌رگه‌ی شاری سه‌رده‌شت،
که‌ شایانی گه‌وره‌یی و رێزی شه‌هیدان بێت.
4/ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی گیانی و دارایی (ماڵی) ئه‌و که‌س و خێزان و بنه‌ماڵانه‌ی که‌ که‌سوکاریان له‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌دا تێداچوونه‌.
5/ برینه‌وه‌ی موچه‌ بۆ که‌سوکار و بریندارانی کاره‌ساته‌که‌ و دابینکردنی ژیانێکی شایسته‌ و گوزه‌رانێکی باش بۆیان.

هیوادارین ساڵێکی تر له‌ ڕه‌وشێکدا یادی ئه‌م کاره‌ساته‌ بکه‌ینه‌وه‌، که‌ هه‌موو کوردستان به‌ گشتی و ناوچه‌ی سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری به‌ تایبه‌تی له‌ که‌شێکی ئازادی و ئاشتی و ئارامدا قه‌راری گرتبێت. ده‌ با یادی کاره‌ساتی سه‌رده‌شت و ره‌شه‌ هه‌رمێ و زه‌رده‌ و شوێنه‌کانی تر هه‌موومان به‌ جیاوازی بیرو بۆچون و ره‌نگ و ئایدۆلۆژیاوه‌ به‌ ته‌بایی و برایه‌تیی کۆبکاته‌وه‌، تا ببێته‌ هانده‌رێک بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی و ناکۆکییه‌کانمان وه‌لا بنێین و له‌ پێناو چاره‌نوسی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بۆ یه‌ک ئامانج، که‌ ئازادی و سه‌رفرازی کورد و کوردستانه‌، تێبکۆشین، ته‌نها به‌مه‌ش رۆحی شه‌هیدانی کورردستان شاد ده‌که‌ین.

نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی سه‌رده‌شت و ته‌واوی شه‌هیدانی کوردستان.
مردن و سه‌رشۆڕی بۆ ئه‌نجامده‌رانی کاره‌ساتی سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری.


کۆمیته‌ی سویسی هه‌ر یه‌ک له‌:
حزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمه‌ڵه‌ی زه‌‌حمه‌تکێشانی کوردستان
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
چاودێری کوردۆساید چاک
27.6.2010

تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ یادی 23 ساڵه‌ی کیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت له‌سویسرا له‌ به‌رواری 27.6.2010 دا خوێنرایه‌وه‌...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە