توانجێكى دۆستانە لە سەر رونكردنەوەكەى سەركردایەتیە كاتیەكەى بزووتنەوەى دیموكراسیخوازان .
Thursday, 28/01/2010, 12:00
هەر كە ئەو رونكردنەوەیەم خوێندەوە چەند شتێك سەرنجى راكێشام و خۆم پێڕانەگیرا لە گەیاندنى تێبینیەكانم بە و مەخلوقە داماوەى لە پشت نوسینى ئەو رونكردنەوەن و لەو حزبەدا كار دەكەن ، چونكە زۆر بێئاگایانە كورد واتەنى شەرعى حاڵى خۆیان كردوەو هێڵنج بە ئینسان دێنى ئێمەوەمانانیش وا بە ئاگا ئەهێنێتەوە كە ئا ئەمەیە وێنەى راستەقینەى ئەو حزبانەى لە كاتى هەڵبژادندا داوا دەكەن دەنگیان پێبدەین ، متمانەیان پێبكەین حوكمڕانیمان بكەن! من لەو بەڕێزانە دەپرسم ئە و هەموو ژمارەو رێژەو بارەگایانە چین كە ریزتان كردوون ؟ ئەمە خۆتان گێل دەكەن یا خەڵك بە گێل تێدەگەن ؟ ئەگەر خاوەنى ئەو هەموو رێژەو بارەگاو خەڵكەن رۆڵ و كاریگەریتان لە گۆڕەپانى كوردستان كوا ؟ هەر ئێوە نەبوون لەگەڵ حزبى شوعى و زەحمەتكێش و چوار پێنج حزبى تر بەشدارى هەڵبژاردنتان كردو بە هەمووتان بە نقە نق بایى كورسیەكتان نە هێناو وەك خوێندكارى تەمبەڵ بە (قرار) بە كورسیەك دەرچون ؟ ئیتر لە 97% ى چى ؟ هەر كەسێ رونكردنەوەكەتان بخوێنێتەوە تێدەگا كە سەر لە بەرى كێشەكانتان لە كێشەى پارەو پول بەو لاوە هیچى تر نیە . ئەو هەموو خاڵەى بە دواى یەكدا ریزتان كردووە لە سەر ئەو برادەرەى كە ناوى شكراللە یە ئەگەر وایە ئەى چۆن لە 97% ى حزبى هەڵخەلەتاند ؟ ئەو ماوە دورو درێژە لە كوێ نوستبوون ؟ ئەو سەركردایەتیە ئەگەر هێندە زیندو وشیارە ئەو ماوە دورو درێژە چۆن ئەو هەموو شتەتان بەسەر دا تێپەڕى ؟ ئەى ئەگەر ئەو رێژە زۆرە تان لەگەڵ بوو چۆن كەسێك بە تەنیا توانى رێگە بە گۆنگرەو كۆنفراستان بگرێ ؟ من لەبەر گومانى زۆرم لە ناوەڕۆكى رونكردنەوەكەتان و لە فزولیەتى خۆم هەستام بە پرسیار كردن لە راستى و ناراستى ئەو مەڵبەندو بارەگایانەى كە ناوتان بردون بە داخەوە زۆربەیان درۆ بوون وە گەیشتمە ئەو بڕوایەى كە رونكردنەوەكەتان ئەوەندە درۆى تیایە نەك من و خوێنەرانى تر تەنانەت خۆشتان برَواتان پێینیە . بۆیە لە بەر رۆشنایى ئەو روونكردنەوەتان گەیشتمە ئەو بڕوایەى كە ئاسۆیەكى رۆنتان نیەو مانگەشەویش سەر لە ئێوارە دیارە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست