ئەگەر مەسعود بەرزانى بمرێت؟!
Friday, 02/06/2017, 23:37
نەخۆشکەوتنى جەلال تالەبانی، یەکیتى نیشتمانى کوردستانى دووچارى لیوارى مەرگ کردۆتەوە، خۆ ئەگەر سیاسەتى قاسم سولەیمانی و شەڕى داعش و دزینى سەروەت وسامانى خەڵکى هەرێمى باشور نەبوایە، ئێستاکە شتیک نەمابوو بەناوى یەکێتى نیشتمانییەوە!. بەرلەمردنى نەوشیروان مستەفا بۆ ماوەى دووساڵ خۆى لەگۆران کەنارگیرکرد و بەهۆى نەخۆشییەکەیەوە سەرکردایەتى پارتەکەى دایەدەست ئەوشتەى ناوى لێنابوو جڤاتى نیشتمانى ، بەڵام لەو ماوەیەدا ئەوان نەیانتوانى تەنانەت بڕیار لەسەر ئاودانى دارێکیش بدەن لە گردەکە، هەر هاوار هاورایان بوو بۆ گەرانەوەى نەوشیروان مستەفا"هەرچەندە خودى نەوشیروان مستەفا و زۆریک لەسەرکردەکانى گردەکەش متمانەیان بە هەموو ئەندامانى ئەو جڤاتە نەبوو"، دواى گەرانەوەى جڤاتەکە رایانگەیاند کە نەوشیروان مستەفا بە پڕۆژەوە هاتۆتەوە، بەڵام هەر ئەو کارەکتەرەى ئەو لێدوانەیدا لەپەنجەرەى ماڵەکەى نەوشیروان مستەفاوە جاڕى مردنى ئەو سەرکردە خاکییەی دا؟! کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش کەسلێمانى بەناوچەى قەڵەمڕەوى خۆی دەزانێ پێش هەمووکەس بروسکەى ماتەمینى ئاڕاستەى سکرتێرە نەخۆشەکەى یەکێتى کرد؟ گۆڕان جگە لە یەکگرتن لەگەڵ یەکێتى هیچ شانسێکى تری نەماوە دواى مردنى سەرکردە کارزمییەکەى ، کە دەکرێت یەکێتیش بۆماوەیەک سود لەمەرگى ئەو پیاوە وەربگرێ کە وەک ئیمام خومەینى و ئیمام عەلى خاکى بوو!.
هەرچەندە عەزیز محەمەدى سکرتێرى پێشوترى پارتى کۆمۆنیستى عێراق وکوردستانیش لەماڵى خۆیدا مرد، بەڵام ئەویش بێکاریگەر نەبوو، بەتایبەت کە سەرکردایەتى ئەو پارتەى کردووە لەسەردەمى هاوخەباتى لەگەڵ بەعس و سەردەمى شەڕى ناوخۆى کوردستان و سەردەمى بەرەى کوردستانى" گومرک"!
با لەو چیرۆکانە بگەڕێین و پرسیارێک بکەین ئەگەر مەسعود بارزانى بمرێ چى روودەدات؟ ئایا بەمردن یان نەخۆشکەوتنى سەرجێگاى مەسعود بەرزانى چى بەسەر باشورى کوردستان و بنەماڵە و پارتیدا دێت ؟ خۆ ئەگەر وەک خەویش بێت مافى خۆمانە بیری لێبکەینەوە و راڤەی بکەین!
ئەگەر نەخۆشکەوتنى جەلال تالەبانی و مردنى نەوشیروان، نەخۆشکەوتن و مردنى کەسى یەکەمى دوو پارتى گرنگى ناوبزوتنەوەى کوردایەتى باشور بووبن و نیوەى ئەو هەرێمەیان دووچارى شەلەل و راوەستانى سیاسى و قەیران کردبێت ، ئەوا بەمردنى مەسعود بەرزانى مردنى کوڕى باوکى رۆحى ئەو کوردایەتییەیەکە جەلال تالەبانی خۆى بە قوتابى دەزانى و نەوشیروانیش هەوڵى چاکسازى تیادەدا؟!چى رودەدات؟
پارتى وەک حزبى بنەماڵەو مەسعود
هەرچەندە زۆربەى پارتە سیاسییەکانى باشورى کوردستان لەخانەى ئەو پارتانەدا جێگایان دەبێتەوە، کە لەفەرهەنگى سیاسیدا ناویان پارتى کەسایەتییەکانە و، هەڵگرى هیچ فکر و ئایدۆلۆژیایەک نین جگە لەملکەچى و پابەندبوون بەخودى کەسایەتى سەرکردەکەوە، تەنها عەقڵى سەرکردە بەخواستى خۆى پارتەکە ئاراستەدەکات و پرۆگرامى بۆ دادەنێت، ئەمەش لەفەرهەنگى سیاسیدا زادەى دوو دووفاکتەرە.
یەکەم: ئەو سەرکردەیە خاوەنى توانایەکى سیاسى و دیبلۆماتى و سەربازى گەورەیە .
دووەم: سەرکردایەتى لە خێزان و بنەماڵە و تائیفەکەیەوە بۆماوەتەوە" ئەوەى مەسعود ئەمەیانە" .
ئەم جۆرە پارتانەش لەدونیاى مۆدرینى سەرمایەداریدا وجودیان نییە، بەڵکو زۆرتر لەو وڵاتانەدا هەن کە لە روى کۆمەڵایەتی وئابوری و ... دواکەووتون و بەجیهانى سێیەم ناسراون، کە پەیوەندى خۆێن و هۆزگەرای و تایەفەگەراى تێیاندازاڵە و، تائێستا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان نەچونەتە ناو جیهانى سەرمایەوە، کە بەرژەوەندى بنەماى پەیوەندییەکانە. باشورى کوردستانیش لەم دۆخە کۆمەڵایەتییەدایە، ئەم جۆرە پارتانە سودیش دەبینن لە ناهۆشیارى سیاسى کۆمەڵگا و دواکەوتوى ئابوری و بەردەوامى زاڵبوونى ئۆرۆستۆکراتییەت و ئەوچیننانەى مالکەچیانن، بەو هۆیەشەوەکە هەموو ئینتماکان بۆکەسى سەرکردە و چالاکی و جوڵەکانێتى ئەوە بە لەناوچوونى ئەو سەرکردەیە پارتەکە کۆتایی دێتو مەرگى دەبینرێت، شڵەژانێکى سیاسیش لەدواى خۆیان جێدەهێڵن.
مەرگى مەسعود
بەڵام ئایا مەرگى مەسعود بەرزانى لەباشورى کوردستان هەروا بە سانایسى تێدەپەڕێت وەک مەرگى ئەو سەرکردانەى دیکە کە جگە لەفرمێسکەکان خەڵکە هیچى دیکەیان بۆلەدەستنەدا؟ ئایا تەنها مەرگى پارتەکەیەتى یان مەرگێکە بەرەنگێکیتر؟ ئایا بۆمەرگى مەسعود لێوەکان زەردەخەنەدەکەن یان چاوەکان فرمێسک دەڕێژن ؟یان لولەى تفەنگەکان دەکەونەکار؟ ئایا بنەماڵەوپارتى دواى مەرگى مەسعود چیان بەسەردێت ؟ ئایا بنەماڵە دەتوانن خێرا کەسێکى دیکە لە شوینى مەسعود دابنێن وهەموویان کۆبکاتەوە، یاخود دووچارى پەرتەوازەى وململانێ دەبن ؟ ئەو ململانێیە چ کاریگەرییەکى بۆسەر کۆى کایەى سیاسى و ئابورى و ئەمنى هەرێم دەبێت؟
ئەگەر مەسعود بەرزانى بەو پێناسەیە وەربگرین کە پولبریمەرى حاکمى پێشوى ئەمریکا لە عێراق لە یاداشتەکانیدا ئاماژەى پێداوە، کە پیاوێکى گوندى، دەمارگیرى چاوبچووکەو سەرۆکى عەشرەتێکە، ئەوا وەک دابونەریتى باوى گوندى و عەشرەتى دواى مردنى سەرۆک عەشرەت ، لە کۆبونەوەیەکدا عەشیرەت یەکێک لە جێگاى سەرۆکە مردووەکە دادەنێن و هەمووان ملکەچیدەبن ، بەڵام لە حاڵەتى ماڵى بەرزانیدا ئەم هاوکێشەیە بەو شیوەیە نییە، چونکە ئەوان جیا لەو پێناسەگوندى وعەشیرەتییە لەئێستادا هەموو جومگەکانى دەسەڵاتیان لەهەرێمى باشورى کوردستان بەدەستەوەیە و خاوەنى چەندین پەیوەندى ئابوری و سیاسی و ئەمنى ئاشکرا و ژێربەژێرن لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە و دەرەوە، سەرەراى ئەوەش وەک بنەماڵە ناکۆکییەکى گەورە لە نێوانیاندا هەیە بۆ شوێنگرتنەوەى مەسعود کە هێشتا لە ژیاندایە ، کوڕەکەى " مەسرور" و برازاکەى "نێچیرڤان: کوڕى ئیدریس کە تەمومژێکى زور لەسەر مردنەکەى هەیە" بە توندى رکابەرى یەکدی دەکەن بۆ شوێنگرتنەوە مەسعود ، رکابەرى ئەم دوو بەرزانییە گەیشتۆتە ئاستێک کە دووکەناڵى راگەیاندیان بەرامبەر یەکدى داناوە، بەدەیان لایەنگرى یەکتریشیان لەپۆستەکانیان دورخساۆتەوە و تیرۆریان کردوون ، بۆیە دواى مردنى مەسعود ، بنەماڵەى بەرزانى وپارتى ئایندەیەکى خراپ چاوەڕوانیانە، ململانێى مەسرور و نێچیرڤان کە هەردوولایان خاوەنى ئابوری و هێزى سەربازی و ئەمنی و دەیان پەیوەندى ژێربەژێرن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانى وڵاتانى ناوچە و دەوروبەر، ململانێیەکى سەختە، کەنەک چارەنوسى بنەماڵەو پارتى دەخاتە مەترسییەوە بگرە مەترسى گەورەشە بۆ سەر ئاسایشى هەرێمى باشورى کوردستان، ئەوململانییە وەک ململانییەکانى ناو یەکێتی وگۆران نییە بۆ پڕکردنەوەى ئەو جێگایەى کەسە یەکەمەکانیان جێیان هێشتوە، کە تائێستا بە ئارامی و بێ خوێنڕشتن بەرێوەدەچێت، رکابەرى ئێستاى مەسر و نێچرڤان و رابردووى پڕلەخوێنرشتنى نێوخۆى بنەماڵەى بەرزانى ئەوە نیشان دەدات کەدواى کردنى مەسعود ململانێى نێو بنەماڵە و پارتى رەهەندى گوندی و عەشیرەتی و تۆڵەى باوکى لەگەڵدا دەبێت کە خوێنێکى زۆرى تیادەڕژێ، لەمردنى مەسعود بەرزانیدا فرمێسکەکان نین کەدەڕژێن بەڵکو خوێن دەڕژێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست