گۆڕان و حکومەتى ئیسلامى
Friday, 13/09/2013, 12:00
گۆران هەر لە سەرەتاى دروست بونییەوە، هەوڵیدا ئاین و بە تایبەتى ئاینى ئیسلام بەکار بهێنێت بۆ فراوانکردنى دەنگەکانى ، ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانى پێشودا ئایەتەکانى قورئانى بەکارهێنا بۆ راکێشانى هەستو سۆزى خەڵکە مسوڵمانەکەى کوردستان، لە بەرنامەى گۆرانیشدا ئاینى ئیسلام وەک تاکە ئاینى خەڵکى کوردستان ئاماژەى پێدراوەولە بڕگەى ئامانجە دیموکراتییەکاندا هاتووە کە پێویستە رێز لە ئاینى ئیسلام وەربگیرێت وەک ئاینى زۆرینەى خەڵکى کوردستان، ئەمەش بەواتاى باڵادەست کردنى ئاینى ئیسلام بە سەر هەموو ئاینو بیروباوەڕەکانى دیکەدا(هەرچەندە ئەم بڕگەیە لە بەرنامەى هەڵبژاردنەکەیاندا لابراوە). بەڵام ئەو راستییە دەردەخات کە ئەم حزبە هەموو ئیدیعاکانى بۆ کۆمەڵى مەدەنى و عەلمانییەت جگە لە خۆڵکردنە چاوى خەڵکەوە هیچى دیکە نییە. هێزێکە ئەیەوێت هەم سود لە جوڵاندنى هەستى ئاینى وەربگرێت هەم سودیش لە خەڵکى دیکەش وەربگرێت بە مەبەستى چونە سەر دەسەڵات و سیاسەتى بانێکەو دووە هەواى گرتۆتە بەر وزۆر ئینتیهازیانە مامەڵە دەکات.
لە دیدارێکیشدا بەر پرسى ژورى هەڵبژاردنى ئەم حزبە لە سایتى شار پریس ، ئاماژە بەوە دەدات کە حزبەکەى لە دواى هەڵبژاردنەکەى 21ى ئەم مانگەوە حکومەت لە گەڵ دوو لایەنە ئیسلامییەکەى دیکەى ئۆپۆزسیۆندا پێکدەهێنێتن ئەمەش بە بەهێزترین گریمانە دادەنێت، دیارە لێرەدا من قسە لەسەر ئەوە ناکەم کە ئایا کێ چەند دەنگ دەهێنێت وکێ دەتوانێت حکومەت دروست بکات؟!، با لێگەڕێین بۆ دواى هەڵبژاردن ، بەڵام پرسیارێکى گرنگ کە پێویستە لە گۆڕان بکرێت ئەوەیە ئایا جۆرى ئەو حکومەتە چى دەبێت کە بە نیازن لە گەڵ قوتابییەکانى مورسى و ئەردۆغان و بنلادندا لە کوردستان دروستى بکەن، لەو حکومەتەدا کە بە نیازن دروستى بکەن و لایەنە ئیسلامییەکان وەک ئێوە باڵادەستبن تێیدا ئازادییەکان بەرەو کوێ دەڕوات ؟ ئەو دوو لایەنە ئیسلامییە بە ئاشکرا لە بەرنامەى هەڵبژاردنەکانیاندا داواى ئەوە دەکەن سەرجەم یاساکانى کوردستان هەموار بکرێتەوە و بە پێى بنەماکانى شەریعەتى ئیسلام دابڕێژرێنەوە ، مافەکانى ژنان، ئازادى بیرورا دەربڕین ، ئازادى نوسینو رەخنەگرتن ، ئازادى دیندارىو بێدینى ، ئازادى کەمایەتییە ئاینییەکانى دیکە، چیان لێ بەسەر دێت؟! لاى کەس شاراوەنییە کە ئەو هێزە ئیسلامیانە لە هەرکوێى دنیا هاتبێتنە سەر دەسەڵات ئازادییەکان بەر تەسک بونەتەوە یاخود نەماون، نمونە زۆرن هەر لە ئەفغانستانەوە تائێران و دواجار میسر بینیمان کە ئیخوانەکان چۆن هەوڵیاندا کۆمەڵگاى میسرى کۆنترۆڵ بکەن و گەل لێیان راپەڕى و دەیان بینین کە ئاراستەى راپەڕینى خەڵکیان بۆ ئازادى لە سوریا بەرەو تیرۆر گۆرى ، بەرەو دەرهێنان وخواردنى جگەرى مرۆڤ گۆڕى و لەکوردستانیش لە دەیەى نەوەدەکاندا ئەو ئیسلامیانەمان بینى چۆن فتواى کوشتنى روناکبیرانیان دەدان بینیمانن چۆن پارەى سعودیەو وڵاتانى کەنداو تاریکیان بڵاودەکردەوە.
لە گۆڕان دەپرسین ، ئەو حکومەتەى کە بە نیازن لە گەڵ ئیسلامییەکان دایبمەزرێنن لە سەر ئاستى مەسەلە نەتەوایەتى و نیشتمانییەکان هەڵوێست وسیاسەتەکانى چۆن دەبێت؟! ئاشکرایە ئینتماى ئیسلامییەکان بۆ ئۆمەتى ئیسلام لە سەروو هەمووشتێکەوەیە. بینیمانن وەلائیان بۆ براکانیان لە میسر چۆن بوو، بینیمانن گەنجانى کوردستانیان بۆ جیهاد رەوانەى سوریا کرد، لە رابردوشدا بینیمانن چۆن پێشمەرگەکانى دیموکراتیان تەسلیمى ئێران کردەوە. بینیمان لە ناوچەى هەورامان ئیسلامییەکان باڵادەست بوون، چۆن دەسەڵاتێکى هاوشێوەى دەسەڵاتەکەى تاڵبانی ئەفغانى لەو ناوچەیە دامەزراندو ژیانیان تێدا حەرام کردوو بە عەقڵیەتى سەدەکانى ناوەراست حکومیان کرد. لە گۆڕان دەپرسین ؟ چما ئەم ئیسلامیانەى هاوپەیمانى ئێوە کە بە نیازن حکومەتیان لە گەڵ دروست بکەن لەو نمونانە جیاوازترن؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست