یەکێتى و بەشدارى لە حکومەتى داهاتوو
Tuesday, 05/11/2013, 12:00
ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى لە کۆبونەوەیەکدا لە کۆتا رۆژى مانگى رابردودا ئەوەى پەسەند کرد کە یەکێتى لە کابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێمدا بە شداریبکات کە بە پێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان پارتى دیموکراتى کوردستان سەرۆکایەتى دەکات ، ئەنجومەنى سەرکردایەتى لەو کۆبونەوەیەدا جەختى کردۆتەوە کە لە حکومەتێکى یەکریزى نیشتمانیدا بەشداریدەکات و ئەم جۆرە حکومەتەشى بە دەلاقەى دەربازبوون لە وەزعى ئاڵۆزى هەرێم وەسف کردوە و دواتریش لیژنە یەک بۆ دانوسان لە بارەى پیکهاتنى حکومەتەوە پیکهێنراوە.
کەس نییە ئەو راستییە نەسەلمێنێت کە ئێستاکە یەکێتى لە قۆناغێکى قەیراناویدا دەژى ، بە تایبەت دواى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى مانگى ئەیلولى رابردوو کە قە یرانە شاراوەکانى زیاتر دەرخست، ئێستا ئەولەویەت بۆ یەکێتى دەرباز بوونە لەم قەیرانە کە بە پلەى یەکەم قەیرانەکە لە کەمبوونەوەى متمانەى خەڵکى کوردستانەوە بە یەکێتى ییەوە سەرچاوەى گرتوە،ئەویش بە هۆى خراپى بەڕێوەبردن و ئەداى یەکێتییەوەیە لە حکومڕانى چەندساڵى رابردودا، هەربۆیە بڕیاردان لە بەشداریکردنى کابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێم بابە تێکى زۆر حەساسە بۆ دیاریکردنى ئایندەى یەکێتى، بە تایبەت ئەم جارە یەکێتى لە بارودۆخێکى باشدا نییە وبە پێى ئەزمونى چەند ساڵى رابردووش هیچ زەمانەتێک نییە کە پارتى بە پێى رێکەوتنەکان مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا بکات (ئەگەر لە رابردودا سەرەڕاى بە هێزى زیاترى یەکێتى لە ئێستا پارتى هەوڵى دەدا کە تاکڕەوى لە حکومڕانیدا بکات لە زۆرێک لە جومگە سیاسى و ئابورییە گرنگەکاندا ، ئەوا لە ئێستادا ڕەنگە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە نەکرێت لە گەڵ دۆخەکەدا پارتى دەرفەتى زیاترى هەبێت) ، هەربۆیە حەقوایە بڕیارى بەشداریکردن لە حکومەتى داهاتودا هەروا بڕیارێکى سەرپێیانە نەبێت و بەرنامە بۆداڕێژراو بێت و یەکێتى بە بەرنامەیەکى تۆکمەو بەرێکەوتنى کۆنکرێتى بەشداربێت، کەمکردنى کورسییەکانى پەرلەمان و دۆخى ناوخۆى یەکێتى نابێت وا بکات کە یەکێتى بە لاوازى بەشدارى لە حکومەتدا بکات و هەندێک لە سەرکردەکان لە بەرمەرامى بە دەستهێنانى پۆست بۆ خۆیان و دەوروبەریان بە بێ حەق و حیساب لە گەڵ پارتى بەشدارى لە حکومەتدا بکەن . هەروەک ناشبیت خسوسیەتى خۆى لە دەست بدات و ببێت بە بەشیک لە ئۆ پۆزسیون.
تابلۆى سیاسى ناوخۆى و دەوروبەرمان ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکێتى ئێستا دەتوانێت گەمەکەرێکى باش بێت و دۆخى سیاسى بە ئاراستەى سودى خۆى بشکێنێتەوە ، نە پارتى بەبێ یەکێتى و نە بەرەى ئۆپۆزسیۆنیش بە بى َ یەکێتى ناتوانن هەنگاو بنێن ، هەموان چاویان لە سەر یەکێتییە ، هەربۆیە یەکێتى یەکلاکەرەوەیە و نابێت بە بێ دەسکەوت لەم پڕۆسەیە بێتە دەرەوە، ئەگەر یەکێتى بەسەر کێشە ناوخۆییەکانى خۆیدا زاڵ بێت و هەموو باڵەکان لە سەر ئەوە کۆک بن کە یەکێتى بپارێزن و دەسبەردارى دەسکەوتە شەخێییەکان ببن و یەکێتى بەملاو لادا پەلکێش نەکەن ، دەرفەتەکان لە بەردەم یەکێتیدا بۆ چونەوە لوتکە کراوەن ، پێویستە ئەم جارە یەکێتى لە پێناو خزمەتکردن وئەنجامدانى پرۆژەدا پۆست لە حکومەت وەربگرێت نەک لە پێناوى ئەوەدا کە فلان کاک و فیسار کاک ببێتە وەزیر و کاکەکانى سەرەوەش بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆیان پۆستەکان دابەش بکەن بە سەر باڵەکانیاندا ، بەڵکو پێویستە خەڵکى دڵسۆز و دەموچاوى نوێ لە پۆستە حکومییەکاندا دابنرێ کە پرۆفیشناڵ و خزمەتگوزار بن و بە راستیش یەکێتى بن، یەکێتى نابێت ئەم جارە لەوە بێدەنگ بێت کە مافەکانى لە حکومەتدا پێشێلبکرێت ولە سەر هەر هەڵوێستێکیش بێدەنگ نەبێت کە لە خزمەتى خەڵکدا نەبێت یاخود نانیشتمانى نا نەتەوەى بێت ، نابێت ئەمجارە یەکێتى ببێت بە قوربانى ، ئیتر قۆناخى قوربانیدان تێپەڕیوە بەواتایەکى دیکە بەشداریکردن لە حکومەت نابێت ئەو مافە لە یەکێتى زەوت بکات کە بە رامبەر گەندەڵى و ناشەفافى وقۆرغکارییەوە بێدەنگى هەڵبژێرێت ، پێویستە یەکێتى بەرنامەیەکى چاکسازییەوە لە هەموو بوارەکاندا بە شداریبکات لە حکومەتى هەرێمدا و لەداڕشتنى بەرنامەى کارى حکومەتدا چاکسازى بکاتە ئەولەویەت و مانەوە و کارکردنیشى لە حکومەتدا بەو بەر نامەیەوە گرێبدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست