کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تا هەنوكە دەرەنجامە سیاسییەكانی 31ی ئاب تێنەپەڕیوە !

Saturday, 31/08/2013, 12:00







لەبەیانییەكی زوودا حەڤدە ساڵ لەمەوبەرجارێكی دیكە كورد بوە مانشێتی هەواڵی ئاژانسەكان ، بەڵام ئەمجارە هەواڵی شۆرش ‌ومەزڵومیەتی خەڵكی كوردستان بڵاونەبۆوە، بەڵكو داوەتنامەی یەكێك لە سەركردە كوردەكان بۆیەكێك لە خوێنمژترین دووژمنەكان بڵاوكرایەوە كە بەخۆی‌و سوپاكەیەوە بێتە كوردستان. 
ئەگەر چی لە بارەی 31ی ئابی 1996وە قسەگەلێكی زۆر كراوە،بەڵام دیسان قسەكردن لە سەر ئەم روداوە دوای 17 ساڵ تێپەڕبوون، گرنگی خۆی لەدەست نەداوە، چونكە تا هەنوكە دەرەنجامەكانی سایەی بە سەرجەم كایە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكانەوە ماوەتەوە‌و بەدیدەكرێت، ئەو نەخشە سیاسییەی ئەو روداوەش هێنایە كایەوە لە جێگای خۆیدایە.ئەم رووداوە تاڕادەیەك ململانێی دەسەڵاتداری لە نێوان پارتی‌و یەكێتی بەقازانجی پارتی یەكلای كردەوە (بەپشتیوانی دەوڵەتانی ناوچەكە)، دوای ئەم روداوە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بوو بە دوو بەشەوە (هەرێمی زەرد، كە دهۆك‌و هەولێر)لە خۆدەگرێت كەوتە دەست پارتی دیموكراتی كوردستان‌و دەسەڵاتێكی تاك لایەنەی تێدا پەیڕوكراو ئازادی سیاسی‌و رادەڕبڕین‌و حزبایەتی تێیدا قەدەغەكرا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بنەماڵەی بارزانی دەستیان بە سەر هەموو كایەكانی سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی ئەو دوو شارەدا گرت، هیچ دەنگێگ ‌و هیچ رەنگێك جگە لە پارتی لەو دوو شارەدا بوونی نەما، هێزە نەیارەكانی پارتی لەو دووشارە دەركران‌و خەڵكەكەشی بە دەبابەكانی بەعس چاوترسێنكرا، تەنها ئەو هێزانە مانەوە كە بە جۆرێك لە جۆرەكان ملكەچی پارتی بوون، یەكێتی نیشتمانییی كوردستان ئەگەر چی دووچاری شكستێكی گەورەی سەربازی‌و سیاسی بوەوە ، توانی دەسەڵاتێكی ئیداری لە پارێزگای سلێمانی دابمەزرێنێت،كە بە بەراوردبە توانا ئابوورییەكەی دەڤەری زەرد ‌و ئەو داهاتەی لە دەستبەسەرداگرتنی گومرگی ئیبراهیم خەلیل‌و ئەو پشتیوانییەی لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوبەعسەوە لێی دەكرا ، دەسەڵاتێكی لاواز تر بوو، ئەگەر چی شەڕی ناوخۆ راوەستا، بەڵام ململانێكانی ئەم دوو هێزە كۆتاییان نەهات، باڵادەستی پارتی لە كوردستان چ لە پرۆسەی ئاشتی‌ودوای روخانی حكومەتی بەغداو تائێستاش درێژەی كێشا، ئەوە حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگرەكە باڵادەستی پارتی بەخشیشێك نەبوە كە یەكێتی پێشكەشی پارتی كردبێت وەك هەندێك لێكی دەدەنەوە، بەڵكو ئەو باڵادەستییە دەرەنجامی روداوەكەی 31ی ئاب‌و وابەستەی پارتییەوە هاتۆتە كایەوە بە وڵاتانی دراوسێوە.
پەیوەندی پتەوی پارتی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەكە ‌و سڵنەكردنەوەی ئەو هێزە لە پەلكێشكردنی داگیركەرانی كوردستان بۆ ناو هاوكێشە سیاسییەكان ،جا چ بە شێوەی سەربازی وەك ئەوەی لە 31ی ئابی 1996دا رویدا چ ئێستاكە كە دەرگای بۆ هێزی ئابوری توركیا كردۆتەوە وبەهەموو شێوەیەك سەرقاڵی جێبەجێ‌ كردنی سیاسەتەكانی توركیایە لە ناوچەكەدا ،تائێستا ئەو چانسەی بەو هێزە بەخشیوە كە باڵادەست بێت.
تێپەڕاندنی دەرەنجامەكانی 31ی ئاب كە خۆی لە باڵادەستی پارتیدا دەبینێتەوە،لە ئێستادا تەنها بەوە دەكرێت پەیوەندییەكانی ئەم حزبە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ لاواز بكرێت، بەتایبەتی رێگە لەوەبگیرێت، بەرژەوەندییە نەوتی و ئابورییەكان زیاتر لەگەڵ توركیا پەرەپێبدات، سەندنەوەی كارتی دەرەكی لە پارتی كارێكی هەروا سانا نییەو پێویستی بە لێكۆڵینەوە‌و سیاسەتی ورد هەیە،بەڵام سەندنەوەی دۆسییەی نەوت لە ئَێستادا لەو حزبە لە رێگەی پارلەمانی داهاتووی كوردستانەوە كە چاوەرواندەكرێت نەخشە سیاسییەكەی جیاوازبێت، بە تایبەتی یەكێتی نیشتمانییی كوردستان دەتوانێت رۆڵی گرنگ بگێڕێت لەم بارەیەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە