کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


منم حیزب..!!

Friday, 15/04/2011, 12:00




ئەوە منم، حیزبم حیزب:
تەنها خۆم و هەر خۆم و خۆم..
ئەوە منم، حیزبم حیزب:
هیچ شتێكیتر شك نابەم جگە لە خۆم..
نە گەل، نە خاك و نیشتیمان..
نە هەڵەبجە، نە كەركوك و ئەنفالستان..
نە یەكێتی نەتەوەیی و نە بوونی كورد،
نە هەر چوار پارچەی كوردستان..
ئەوە منم، حیزبم حیزب:
خەمی گەورەم، خەمی خۆمەو
هەر خۆم و خۆم..
رەنگم، بیرم، ناوچەی بوونم
هەر شوێنێك بێ..
خولیاو خەمم هەر جۆرێك بێ..
هەر خەمی خۆممەو خۆم و خۆم..
خەیاڵیان خاوە ئەوانەی پێیانوایە:
من ماڵی خۆم تێكبدەم و
ئەوانەی كە ئەنفالیان كرد،
دەسگیر بكەم بەرەو دادگا؟
موستەشارە حەیاتەكان..
ئاغاو بەگە ئەنفالچێكان..
جاشەكانی پێش سوپای بەعسی داگیركەر،
لەخودی خۆم بڕەنجێنم:
لەبەر دڵی گەرمیانییەكی گۆڕ بزر..
لەبەر دڵی بادینییەكی شوێنبزر..
یان خۆم بێم و بەدەستی خۆم:
بڕەنجێنم، موستەشارێكی ئەنفالچی..
بتۆرێنم، گەورە جاشێكی ئەنفالچی..
ئەی دوایی كێ دەنگم پێداو
چۆن ببمەوە بە خوای خەڵك؟
ئەی دوایی كێ چەپڵەی پاشاییم بۆ لێداو
بمكاتەوە بە خوای خەڵك؟
ئاخر من حیزبم و حیزب..
من ئامادەم:
هەرچی بوونی ئەنفال هەیە بسڕمەوە..
هەرچی گیانی ئەنفال هەیە،
لە بیری تاك بەتاكی خەڵكیدا بسڕمەوە،
تەنهاو تەنها من ناتوانم:
دڵی كەسێك بڕەنجێنم،
كە ئێستا بۆتە پاسەوان،
یان پیاوماقوڵی دیوەخان،
هەر بەخۆی نا،
خێڵ و تیرەو هۆزەكەیشی
بەكوشت دەدا، بۆ مانەوەی بوونی
منی یەكەمین حیزبی نیشتیمان..
من چیمداوە لە سەربەستی،
لە ئازادیی مرۆڤەكان؟
چۆن رێ دەدەم دەنگ هەڵبڕن:
بڵێن نا بۆ دەسەڵاتێك،
رێز لە مافی مرۆڤ نەگرێ و
هاوخاكیی خۆی بەر گوللەدا..!!
بڵێن نا بۆ دەسەڵاتێك:
كێڵگەی سەوزی هیوای گەشی
منداڵەكان بسووتێنێ و
ببێ بە دێوەزمەی مەرگ و
هەموو شت بۆخۆی پاوان كا..!!
منم حیزب، جگە لە من بۆ كەس نییە،
بڵێ من هەم..
منم بڕیار لە مانەوەی خەڵكی دەدەم،
منم بڕیار لە لەتێك نان، لە قومێك ئاو،
هەتا بڕیار لە هەناسەیەكیش دەدەم
بۆ هەمووتان..!!
بەڵام رۆژێك، تەنها رۆژێك
تەرخان دەكەم بۆ ساڵیادی ئەنفالەكان..
نەوەك بڵێن: حیزب دژە، یان دوژمنە
بە بوونی كورد، بە كوردستان..!!

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە