ستەمی خانەنشین كردنی پێشمەرگە دێرینەكان... (هاوڕێ دڵشادی كۆیە)ی پارتیزانی دوای ئەنفالەكان بە نموونە..
Friday, 07/01/2011, 12:00
من وەكو خۆم تاكو ئێستا زاخی ئەوەم نەكردووە، روو لە كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان بكەم و پێیان بڵێم: ئەرێ براینە خۆ منیش پێنج و دوو رۆژێك و لە ناسكترین و ترسناكترین رۆژە سەختەكانی ساڵانى هەشتاكان، وەكو زۆرێك لە ئێوە پێشمەرگە بووم، نەك تەنها پێشمەرگە، بەڵكو پێشمەرگەو رۆژنامەنووسیش، دەزانن بۆ زاخی ئەوەم نەكردووە؟ زۆر بە راشكاوییەوە ئەم بەسەرهاتەتان بۆ دەگێڕمەوە: یەكێك لەو بەڕێزانەی كە بەیەك رۆژ بووینە پێشمەرگەو كۆتایی هەشتاكانیش بە ناچاری پێكەوە هاتینەوە، دۆسییەی پێشمەرگایەتیی خۆی بردبووە لقی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان لە پارێزگاكەی، لەوێ بەهۆی مامەحەمەیی كەسێكەوە گومانیان لە خەباتی ئەو برادەرەم كردبوو و رەپوڕاست پێیان وتبوو: كێ دەڵێ تۆ پێشمەرگە بوویتە؟!، برادەرە پێشمەرگە دێرینەكە تووڕە دەبێ و دوای دڵدانەوەیەكی زۆرو شایەتحاڵی ئەندامی حزبێكی ناو كۆمەڵەكە كە بە رێكەوت كاتی خۆی پێكەوە لە دەڤەری بادینان پێشمەرگە بوو بوون، بڕوای پێدەكەن، كە فەقیرە پێشمەرگە بووە، ئەویش لە ڕقا هەر بەناوی حزبە بچووكەكەوە خۆی تۆمار دەكات!!. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بەپێی ئەو زانیاریانەی لای زۆرێك لە خودی پێشمەرگە دێرینە خانەنشینكراوەكانیش هەیەو زۆرجار باسی دەكەن، بەوەی فڵانە كەس (هین) بووە، كەچی ئێستا بە پلەی (هین) خانەنشین كراوە!!، هەرچەندە من وەكو (رابەر رەشید) هیوادارم ئەم قسانە وا نەبن و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان لەوجۆرە هەڵوێستانە بەدور بێت، چونكە ئەگەر وابێت، ئەوە كارەساتە، لەبەرئەوەی چەندان پێشمەرگە هەیە، كە لە سێ ساڵ كەمتر پێشمەرگە بووە، كەچی بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان، بۆی نییە ناسنامەی بۆ بكرێت و لە خانەنشینیش بێبەش بووە كە ئەمەشیان هەر جێگای داخە!!. هەرچەندە ئەم پێشەكییەم بۆ ئەوەبوو كە راستییەكی ستەمی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان بخەمەڕوو كە لە پێشمەرگەیەكی قارەمان و دێرینی (حشك) كراوە، ئەویش هاوڕێ (دڵشادی كۆیە)یە كە پێشمەرگەیەكی سەردەمی هەشتاكان و دوای ئەنفالەكانەو دانەبڕاویشەو یەكێك بووە لەو پێشمەرگە پارتیزانانەی حزبی شیوعی كە لە چیای كۆسرەت لە (5/3/1989) لەلایەن جاشەكانی قاسم ئاغای كۆیەوە هێرشیان كرایەسەرو بە موعجیزە رزگاریان بوو، كەچی لەبەرئەوەی تا ئێستاشی لەگەڵدابێ كەسێكی هێندە رەوشتبەرزە، تەنها لێرەو لەوێ و بە شەرمەوە باسی ستەملێكراوی خۆی بۆ هاوڕێیان و خودی پێشمەرگە دێرینەكان كردووە. سەیرە كەسانی وایش هەیە، نیوەی ئەوی خەباتیان نەكردووە، یان لەسەردەمی ئەنفالەكاندا تەسلیم بە ڕژێم بوونەتەوەو هەتا دەستیان چۆتە خوێنی پێشمەرگەی لایەنەكانی دیكەو شەهیدیشیان كردوون، كەچی بە پلەی بەرزتر لە پلەكەی (هاوڕێ دڵشادی كۆیەی شیوعی) خانەنشین كراون. ئەمە پرسیارێكەو پێویستی بە وەڵامێكی راستگۆیانەو بێ پاساو و پێچوپەنا هەیە، كە هیوادارم وەڵامێكی شایستەو گونجاوی ئەم پرسیارەمان بدرێتەوەو تێكۆشەرو قارەمانێكی وەكو هاوڕێ دڵشادی كۆیە كە وەكو وتمان بە نائیب زابت خانەنشین كراوە، چیتر خۆی بە ستەملێكراو نەزانێت، بەڵام تكایە وەڵامێكی پێشمەرگانەی راستەقینە بێت، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزو خۆشەویستیم بۆ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست