رۆڵی نووسەرو رۆشنبیران لە هەمبەر پرسە چارەنووسسازەكاندا، دەبێ چۆن بێ؟
Tuesday, 01/02/2011, 12:00
لەوانەیە كەم نەبن، ئەوانەی لە سەنگەری راستەقینەی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوە داگیركراوەكەیاندا، خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەو لۆژیكیانەو واقعیانەبن، چونكە هەمیشە لاپەڕە پرشنگدارەكانی مێژوو، ئەوەیان سەلماندووە كە كەسە هۆشیارو دڵسۆزو خەمخۆرە راستەقینەو خاوەن هزرە پێشكەوتنخوازەكانی گەل، سەرقافڵەی كاروانی درێژخایەنی بەدەستهێنانی دەسكەوتە مێژووییەكانی گەلەكەیان بوون، نەك ئەوانەی هەر رۆژەو بە قەوانێك و لەگەڵ هەر شنەبایەكدا، دەكەونە شەنەباكردنی خەرمانی نیمچە كوتراویان. ئێمە ئەوانەی هەر لەسەرەتای هەڵگرتنی قەڵەم، وەكو چەكێكی بەرگری لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان و تا ئێستاشی لەگەڵدا دابێ، نە لە شاخ و نە لە شاریش، نە گوللەیەكی ئاگرینمان بە جەستەی پێشمەرگەیەكەوە ناوەو نە زمانی زبریشمان كردۆتە لێزمەی بارانی رقی قەڵەمەكانمان، ئەمەش وەنەبێ لەو نێوەندەدا كڕی و بێدەنگیمان هەڵبژاردبێ و چاوەڕوانی قەزاو قەدەر بووبین، چونكە چ لە شاخ و چ لە شاریش، هەڵوێستە فیكری و چینایەتی و نەتەوایەتییەكانمان گەواهی ئەو رابردووەمان بۆ دەدەن. هەربۆیە لەم قەیرانەی كە ئێستا لەنێوان دەسەڵاتی حزبی كوردی و ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزیسیۆندا هاتۆتەئاراوەو خەڵكانێك زۆر بەداخەوە لە هەردوو رەخەكە، زۆر كینە لە دڵانە كەوتوونەتە وێزەی یەكتری و چەند رۆژێكە كەشێكی نائاسایی و نایاسایی ئەوتۆیان بەسەر باشووری كوردستاندا سەپاندووە كە مرۆڤ قێزی لە خودی خۆیشی دەبێتەوە.
نە ئەو گەندەڵی و مشەخۆرییەی پیاوانی حزبی دەسەڵات، ساڵانێكە سامانی ئەم نەتەوەیە حەپەلووش دەكەن و نە ئەو هاتوهەرایەی بزووتنەوەی گۆڕان و، نە ئەو داكۆكیكردنە كوێرانەو نانەتەوەییە دوژمنكارانەیەی كە دەسەڵات لە كەسانی ئەنفالچی و رابردوو خەراپی نێو ریزەكانی خۆی دەیكات و نە ئەو كوێركردنەوە یەكجارەكییەی كە بزووتنەوەی گۆڕان داوای دەكات. نە ئەو برابەشییەی نێوان یەكێتی و پارتی و پشتكردنە جووتیارو رەشوڕووت و بەشمەینەتەكانی ئەم گەلەی ئەو دوو حزبەی دەسەڵات و نە بەو شێوەیە لەباربردنی خەباتی دیموكراسیانەو شارستانییانەیەی كە پێی دەوترێت (ئۆپۆزیسیۆن)و بە حیساب بزووتنەوەی گۆڕان رابەرایەتی دەكات. نە ئەو پاوانكارییەی هەردوو حزبی دەسەڵات لەسەرجەم جومگە هەستیارو چارەنووسسازەكانی ئەم باشووری كوردستانە كە هەندێ جار پاوانكارییەكەیان دەچێتە خانەی گورزوەشاندنە جەستەی ئاساییشی نەتەوەیی ئەم نیشتیمانە چەند پارچەیەی كوردستان و نە ئەو بە سووك تەماشاكردنەی هەموو دەسكەوتێكی دوای راپەڕینی ئەم باشووری كوردستانە لەلایەن برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە. (نە) و دەیان و سەدان (نە)ی دیكە كە پێویستە نووسەرو رۆشنبیرە راستگۆو بوێرو خاوەن هەڵوێستەكانی دەرەوەی ئەو دوو چوارچێوە سەقەتە (دەسەڵاتی حزبیی پەرلەمان و حكومەت و بەناو ئۆپۆزیسیۆنەی هەیە)، هەڵوێست وەربگرن و روو لە هەردوو لا بكەن و (بە رەشیان بڵێن رەش و بە سپیشیان بڵێن سپی). چونكە زۆرێك لەو كارو كردەوانەی دەسەڵاتی حزبی كوردی دەیكات، بە ئاشكرا دەچنە خانەی دژایەتیكردنی ئایندەو دابینكردنی دواڕۆژێكی پرشنگدار بۆ سەرجەم چین و توێژە هەژارو بەشمەینەتەكان و دەوڵەمەندبوونی بێئەندازەو لە خەیاڵبەدەری دەسەڵاتداران و بێئاگابوون لە پرسە چارەنووسسازەكان و دەستبەرداربوونی بەشێكی فراوانی خاكی داگیركراوی باشووری كوردستان. هەندێك لەو هەڵوێست و بانگەشانەی كە ئەمڕۆكە بزووتنەوەی گۆڕانیش دەیكات، دەچنە خانەی لەباربردنی دروستبوونی بەرهەڵستكارییەكی راستەقینەی دوور لە كۆنەڕقی ساڵانێكی پێكەوەژیانی برایانە!!، چونكە بەهەر پێوەرێك رەوشەكە پێوانە بكەیت، هەروای لێدێتەوە، چونكە ئەوانەی هەتاكو دوێنێ بەرژەوەندییەكانیان لەیەك سەرچاوەوە فیچقەی دەكرد، برای پاڵپشتی یەكتری بوون و زاخاویان بە گەرووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی پێشمەرگایەتیی سەردەمی شاخ و دواتریش شاردا كردو بە سەدان رۆڵەی ئەم گەلەیان كردە قوربانی بەرژەوەندیی تەسكی، نەك تەنها حزبایەتیی خۆیان، بەڵكو هەتا خزمایەتی و گەڕەك گەڕەكێن و شارشارێنی خۆیشیان، كاتێكیش وەكو چیرۆكەكەی عەزیز نەسین (مشكەكان یەكتر دەخۆن!!)ی لێهات، ئیتر ئەوەی دوێنێكە لە پەڕاوی بەرباخەڵی ئەوەیتریان یەكە شۆڕشگێڕو زەورورەتی مێژوویی گەل و نەتەوەیەك بوو، بوون بە كەسانێكی رابردوو نەشیاو و ئەوەی نەشیا بەیەكتریان وت و كرد!!.
سینگكوتانەكەی ئێمەو مانان، نە لەبەرچاوی كاڵی ئەو دەسەڵاتەیە كە هەر لە ساڵی (1992) بەدواوە، بزووتنەوە رزگاریخوازییەكەی كردۆتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی و نەلەبەر چاوی كاڵی ئەو بەناو ئۆپۆزیسیۆنە هەرزەكارانەیەشە كە دڵنیام بۆ ماوەیەكی دیكەش هەلی لە دایكبوونی بەرهەڵستكارییەكی ئەكتیفی جەماوەرییانەی دوور لە بەرژەوەندی حزبی و كۆنەقین و شەڕە گەڕەك، دوا دەخات و گورزێكی كوشندەش لەو رەوتە بەرهەڵستكارە دەدات كە دەیەوێ بە شێوەیەكی ئاسایی و یاساییانەی خۆی لە منداڵدانی كۆمەڵگای كوردەواریی باشووری كوردستاندا فۆرمۆڵە ببێت و گەشە بكات و بەوپەڕی لۆژیك و واقعبینانەوە، خاڵە پەڕیوەكان بخاتەوە سەر ئەو پیتانەی كە پێویستییان بە خاڵ لەسەروژێربوون هەیە، بۆ ئەوەی لە پیتەكان وشەو لە وشەكانیش رستەو لە رستەكانیش دروشمی گۆڕانكارییەكی راستەقینەو هەتاهەتایی بخاتە نێو خەیاڵدانو هزری رۆڵەكانی ئەم گەلە ستەملێكراوەوە. ئەگەرنا بارودخۆی تونس و میسر لە كوێ و ئەم شڕە پەرلەمان و حكومەتەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو ئەوانەیتر لە كوێ؟. خۆزگە گەمە سیاسییەكە بە ئاقارێكی نا لۆژیكیدا نەدەبراو وەكو كوڕە سەركێشەكەی گەڕەك، دەستەواژەی (یان ئۆینەرەم، یان زیفلەرەم) نەكرایەتە دروشمی ئەم واقیعی حاڵە، چونكە هەرگیز بەمجۆرە گەمەیە، نە گۆڕان لە پێكهاتەی هزری هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو نە لە پێكهاتەی جەماوەرەكەیشیاندا دەكرێت، لەبەرئەوەی گۆڕان، ئەگەر گۆڕانێكی رەگوڕیشەیی نەبێت و لەهۆشوبیرەوە سەرچاوە نەگرێت، دووبارە گۆڕینەوەی ئاراستەكەی وەكو جاری جاران زۆر ئاسان دەبێ، وەك ئەو بە دەرزەن رۆیشتن و گەڕانەوەیەی هەوادارانی حزبەكان بۆ ناو یەكتری. گرنگ ئەوەیە، ئەو نووسەرو رۆشنبیرو كەسایەتییانەی لە دەرەوەی چوارچێوە لە قاڵبدراوەكەی دەسەڵاتن و دەرەوەی ئەوەی ئەمڕۆكە بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، جگە لە خۆی كەسیتر نابێ، رێگەی ئەوەی پێبدرێت بەخۆی بڵێ ئۆپۆزیسیۆن، خۆڕاگربن و نە دەمچەوركردنی دەسەڵات و نە (رستە شۆڕگێڕانە) كاتییەكانی خەڵكانیتر، لە راستەڕێی خۆیان لایان بدات و بەملا، یان بەولادا بكەون، چونكە كەوتنیان هاوسەنگییەكە لەبار دەبات و زمانێك نامێنێت بۆ گفتوگۆو لەیەكتر حاڵی بوون.
- كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست