لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لەنێوان حزباندن و ناڕەزایی رۆژنامەنووسانی توركمان و عەرەبدا
Tuesday, 15/11/2011, 12:00
لە بەراییدا پیرۆزبایی لە سكرتێرو یەكەكەی ئەندامانی لێژنەی نوێی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم كە بڕیار وایە لە رۆژی شەممە (19/11/2011) لە شاری كەركوك لە سێیەمین كۆنفرانسی لقدا دابنرێن، هەر لە ئێستاشەوە، هیوای كارو چالاكیی بەردەوامی پیشەییانەیان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەوەی كە ئێمە وەكو لێژنەی ئێستای لقی كەركوك لە كارنامەماندا بوو ئەنجامیان بدەین و نەمانتوانی، لێژنەی نوێ ئەنجامیان بدەن و پیشەییانە لە خزمەتی تەواوی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكارانی كەركوكیدا بن، دوور لە هەموو بەرژەوەندییەكی نەخوازراو. ئەوەی جێگای داخ و نیگەرانیی ئێمەی رۆژنامەنووسی شارەكەیە، ئەو دەستێوەردانە حزبایەتییە ئاشكرایەی هەردوو حزبی (یەكێتی و پارتی)یە لە پێكهاتەی ئەمجارەی لێژنەی لقی كەركوك، چونكە بەپێی ئەو دەنگۆیانەی لە ئارادان لێژنەی ئەمجارەی لقی كەركوك، سكرتێرەكەی بۆ پارتی دەبێ و لە یەكێتی دەسێندرێتەوە كە ئەمەیان بەپێی رێككەوتنی نێوانیان تا رادەیەك ئاساییە، هەر یەكەو ئەندامێكی یەدەگیشیان بۆ دانراوە كە ئەم دانانی ئەندامە یەدەگە دەستێوەردانێكی ئاشكرای حزبە لە لقی كەركوك، چونكە بەپێی مادەی (23) لە (پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان) بە هیچ جۆرێك ئاماژە بە ئەندامی یەدەگ نەكراوە. سەبارەت بەوەی كە لێژنەی لق بە لانی كەمەوە لە (7) ئەندام پێكدێت، هەروەكو لە هەمان مادەی یاسای ناوبراودا هاتووە، كەواتە لێژنەی لقی كەركوك بە سكرتێرەكەیەوە رێك (7) ئەندام دەردەچن، بەمجۆرەی خوارەوە: (سكرتێری لق: نوێنەری رۆژنامەنووسانی پارتی، نوێنەری رۆژنامەنووسانی یەكێتی، نوێنەری رۆژنامەنووسانی شیوعی، نوێنەری رۆژنامەنووسانی زەحمەتكێشان، نوێنەری رۆژنامەنووسانی توركمان، نوێنەری رۆژنامەنووسانی عەرەب، نوێنەری رۆژنامەنووسانی كلدۆئاشوور). ئیتر تێناگەم ئەم ئەندامە یەدەگە چییەو بۆچی و بە بڕیاری كێ دانراوە؟، خۆئەگەر لە خەمخۆرییە بۆ شاری كەركوك و بۆ ئەوەی ژمارەی لێژنەی ناوبراو زیاتر بێت، ئەوا دەكرێ ئەندامێكیش بۆ نوێنەرایەتی ئەو رۆژنامەنووسانە دابنرێت كە سەر بە هیچ حزبێك نین و تا ئێستاش ئەندامی سەندیكان و وەك دەڵێن سەربەخۆن، بەمەش پێویست بە دانانی ئەو دوو ئەندامە یەدەگە ناكات. هەڵبەتە ئەم پێكهاتەیە دوای پاشەكشێی نوێنەرانی رۆژنامەنووسانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی هاتوونەتە ئاراوە كە پێشتر نوێنەریان لە لقی كەركوكدا هەبوو. ئەگەر بێت و دانانی ئەم ئەندامە یەدەگانە سەربگرێت، ئەوا لقەكە زیاتر دەحزبێندرێت و زیانیش بە ناوبانگی سەندیكاكەو كارو چالاكییەكانیشی دەكەوێت، كە هیوادارم پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بكرێت و بەرژەوەندیی باڵای پیشەیی رۆژنامەنووسانی كەركوك و لقەكەیان ببێتە جێگای متمانەیان، نەك زیاتر مۆركی حزبایەتی پێوەبنرێت.
دەستێوەردانێكی دیكەی حزب لە چۆنییەتی پێكهاتنی لێژنەی ئەمجارەی لقی كەركوك، دابەشكردن و دانانی نوێنەرانی رۆژنامەنووسانی هەردوو نەتەوەی توركمان و عەرەبی شاری كەركوكە بەسەر هەردوو حزبداو دانانی دوو رۆژنامەنووسی ئافرەت كە نە خاوەن ئەزموونێكی ئەوتۆی رۆژنامەنووسین وێڕای رێزی زۆرم بۆیان- و نە لەلایەن رۆژنامەنووسانی هەردوو نەتەوەوە جێگای قەبووڵ كردنن، بەڵگەش بۆ ئەم قسانەم لە رۆژانی 14و15ی 11ی 2011 چەند رۆژنامەنووسێكی هەردوو نەتەوە بە ئاشكرا هاتوونەتە لقی كەركوك و گلەیی ئەوەیان لێكردووین كە ستەمیان لێكراوەو بەم دانانە حزب رێگەی نەداون لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا، نوێنەری شایستەی خۆیان بۆ لێژنەی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەڵببژێرن، تا حاڵ گەیشتە ئەوەی برایەكی رۆژنامەنووسی یەكێك لەو دوو نەتەوەیە راشكاوانە وتی: ئێوە بەم كارەتان شەڕ لەگەڵ مانەوەی ئێمە لە لقی كەركوكی سەندیكاكەتان دەكەن و ئەگەر بەم شێوەیە رەفتارمان لەگەڵدا بكەن، ئەوا زۆربەمان روو لە لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق دەكەین و لەوێ دەبینە ئەندام. بۆیە پێموایە ئەگەر ئەمە سەربگرێت، ئەوا وەكو كورد- پاش چەند ساڵێكی دیكە، ئینجا هەست بەم هەڵەیەی خۆمان دەكەین و چۆن دوای زیاتر لە (7) ساڵ فەرمانڕەوایەتیی كەركوك، بە ناچاری و بۆ دڵڕازیكردنی برا توركمانەكان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی كەركوكمان پێبەخشین، بێئەوەی لە هەڵبژاردندا توانیبێتیان ئەو پۆستە بەدەستبهێنن. جێگای ئاماژەیە كە بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی رابردوو، بەتایبەتیش لەدوای كۆنفرانسی دووەمی لقی كەركوكەوە كە لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقی دروست بوو، ئێمە لە لقی كەركوكی رۆژنامەنووسانی كوردستان دووچاری چەندین كێشە هاتووین لەوەی كە هەندێك لە رۆژنامەنووسانمان ویستوویانە روو لە سەندیكا عێراقییەكە بكەن، بە پاساوی نەبوونی (ئیمتیازات)و حیساب نەكردن بۆ رۆژنامەنووسانی كەركوك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە. بۆیە باشتر وایە ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە بێتەدەنگ و خەسڵەت و رووخساری پیشەییانەی خۆی بپارێزێت و رێگەش بۆ ناووناتۆرەی دیكە خۆش نەكات كە بە سەندیكاكەمان بوترێت، چونكە بەرئەنجامی دەستێوەردانی حزبایەتی لە رێكخراو و سەندیكا پیشەییەكان ئاشكراو دیارەو ئەزموونێكی تاڵیشمان لەو بوارەدا هەیەو زیاتریش لە قاڵبدانی ئەو رێكخراوانەیە كە بەم شێوەیە لقی كەركوك ئەو رووخسارە جوانەی خۆی لەدەست دەدات كە لە هەردوو كۆنفرانسی پێشووداو هەردوو لێژنەی پێشووش دوور لە دەستێوەردانی حزبایەتی كارو چالاكییەكانی خۆیان ئەنجامداوە، بەجۆرێك كە متمانەی نێوان ئەندامانی لێژنەكە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی نوێنەری رۆژنامەنووسانی كۆمەڵی ئیسلامی لە جیاتی نوێنەری رۆژنامەنووسانی شیوعی واژۆ لەسەر نووسراوەكان بكات و بە پێچەوانەوەش، هەروەها نوێنەری لایەنەكانی دیكەش بەهەمان شێوە. كارو چالاكییەكانی پێشووش بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەم قسانەن، بۆیە جارێكی دیكە تكام وایە خودی نەقیبی سەندیكا بێتە ناو كێشەكەوەو بەرلەوەی كار لەكار بترازێت، ئەو ئەندامە یەدەگانەی هەردوو حزب نەهێڵدرێت و نوێنەری رۆژنامەنووسانی توركمان و عەرەبیش كە وەكو وتم ناڕەزایی زۆری لەسەرەو بە نووسراویش برا توركمانەكان لقی كەركوكیان ئاگاداركردۆتەوە كە بەو دانانە حزبییە ناڕازین و لەوانەیشە لەناو كۆنفرانسدا كێشەی لێبكەوێتەوە. نووسینی ئەم چەند دێڕەش تەنها لە دڵسۆزیمە وەكو رۆژنامەنووسێكی كەركوكی و خۆشەویستیمە بۆ لق و سەندیكاكەم وێڕای كەموكووڕییەكانیش.
*بەرپرسی كارگێڕی و راگەیاندنی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست