بۆ (24) سەربازی داگیركەری تورك، دنیاتان هەڵگرت، ئەی بۆ كوشتنی هاووڵاتییانی كورد بۆ بێدەنگن؟!
Friday, 30/12/2011, 12:00
كە هێزەكانی گەریلا، وەڵامێكی دەمشكێنی گەورە دیكتاتۆری ئاكپارتی، سەرۆك كۆماری توركیایان دایەوە، كاتێك بەسەردان هاتبووە باكووری كوردستان و هەڕەشەی لە كورد كردبوو و لەولاوەش گەورە تیرۆریستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (فەتحوڵڵا گولەن) بەبەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە، بە ئاشكرا كەوتە دوعاونزاكردن و هەرچی بە زاری مرۆڤایەتیدا نایەت لە قسەی ناشایستە، بە كوردی وت: (ئەوانە شایانی كوتەكن، دەبێ لە منداڵەكانیانەوە دەست پێبكەین و بچینە ناو مێشكیانەوە. خوایە ژێروژووریان بكەیت و لەناویان بەریت و...تاد). گەریلاش لە پەلامارێكی گورچكبڕدا، چەندین مۆڵگەی سوپای داگیركەریان بەسەریەكدا رووخاندو بەپێی وتەی رژێمی ئاكپارتی (24) سەربازی تورك كوژران، لێرەوە بڕیاربەدەستانی باشووری كوردستان بە پەلەپڕووزێ هەڵفڕین و بە ناوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە، بە ئاشكراو بە نهێنی كەوتنە پرسەو سەرەخۆشی نواندن بۆ ئەو رژێمەی كە جگە لە داگیركەرێكی ملۆَزم بەولاوە، هیچیتر نییە، هەروەها ئیدانەكردنی ئەو چالاكییە گرانبەهایەی هێزەكانی گەریلا، كەچی بەرامبەر بە كۆمەڵكوژییەكەی گەلی تەیارێ كە ژمارەیەكی زۆر لە گەریلاكانی كوردستان، بە چەكی كیمیاوی ئەو رژێمە داگیركەرە بوونە قەرەبرووت، هەروەها ئەو كۆمەڵكوژییەی كە شەوی (29/12/2011) فڕۆكەكانی رژێمی ئاكپارتی لە ناوچەی (قڵابان)ی سەربە شاری شرناخی باكووری كوردستان ئەنجامیداو تیایدا دوو هێندەی سەربازە داگیركەرەكانی رژێمی توركیایان لە خەكی سڤیلی ئەو ناوچەیە رەشەكوژی كرد، بۆچی دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستانی باشووری كوردستان، بێدەنگییان هەڵبژاردو هەڵوێستێكی روون و رەوانیان وەرنەگرت؟!.. خۆ ئەگەر ئەمە بە رووداوێكی ناوخۆی توركیا دەزانن، دەی باشە، خۆ چالاكیی گەریلاكانیش هەر رووداوێكی ناوخۆیی توركیا بوو، ئەوە خێرە بۆ ئەوە، ئۆقرەتان لەبەر نەماو دڵی كوردانی باكوورتان رەنجاند، ئەی بۆچی بۆ ئەم كۆمەڵكوژییە وا بیدەنگن و هەڵوێستێكی یەكلایی كەرەوە دەرنابڕن؟! تۆ بڵێی خوێنی سەربازانی تورك، خوێنێكی پیرۆزبن و خوێنی كوردانی كۆمەڵكوژكراویش ناپیرۆز؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست