کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەستگیركردنی چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی رووخساری ئەزمونی باشووری كوردستان لەكەدار دەكات

Wednesday, 02/02/2011, 12:00




ئەوەی ئەمڕۆكە دەسەڵاتداران لە باشووری كوردستاندا شانازی پێوەدەكەن و لە زۆر كۆڕوكۆبوونەوەدا بانگەشەی بۆ دەكەن، بوونی دیموكراتی و ئازادییەكی ئەوتۆیە كە وەك خۆیان زۆرجار دەڵێن: پێویستە وڵاتانی دەوروبەرو ناوچەكانی دیكەی عێراق چاوی لێبكەن و لێیەوە فێربن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا روویداوەو چاوەڕوانیش دەكرێت، زیاتر تەشەنە بكات و بەرفراوانتریش بێت، دەستگیركردنی چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنییە لە باشووری كوردستان و بەتایبەتیش لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا. ئەوەی ئەمڕۆكە چوارشەممە (2/2/2011) لە كەناڵە راگەیاندنەكانەوە گوێبیستی بووین، دەستگیركردنی رۆژنامەنووس و چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی و بەرپرسی پێشووی رێكخراوی كوردۆسایدە كە ماوەی چەند مانگێكە بە یەكجاری لە هۆڵەنداوە گەڕاوەتەوە نیشتیمانی خۆی و لە هەولێر نیشتەجێیە. دەستگیركردنی چالاكوانێكی وەكو (عەلی مەحمود محەمەد) لەژێر هەر بیانوو و پاساوێكدا بێت، هەراوزەنایەكی زۆری لێدەكەوێتەوە كە لەم هەلومەرجەی ئێستای باشووری كوردستاندا، بەتایبەتیش لەدوای ئەو بارگرژییەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و پارتی، هەرگیز لە بەرژەوەندی باڵای گەلەكەماندا نییەو بگرە زیانی گەورەیشی پێدەگەیەنێت، چونكە عەلی مەحمود لە سەر ئاستی جیهان كەسایەتییەكی ناسراوی داكۆكیكارە لە مافەكانی مرۆڤ و چالاكوانێكی پڕ چالاكیی ئەو بوارەیەو دوژمنێكی سەرسەختی موستەشارو جاشە ئەنفالچییەكانی كوردستانە. خۆ ئەگەر لەسەر داوای باڵیۆزخانەی ئێرانیشە، ئەوەیان هەر زۆر ترسناكترە، چونكە ئەوەی عەلی مەحمودو چالاكوانانی دیكە لە رۆژی 29/1/2011 دا لە پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجامیاندا، سادەترین مافی تاكەكانی هەر كۆمەڵگایەكەو بارسووككردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە، چونكە ئەگەر لەبەر هۆكاری سیاسی و بەرژەوەندیی جۆراوجۆر، حكومەتی هەرێم ناتوانێت داوا لە ئێران بكات كە لە سێدارەدانی رۆڵەكانی گەلەكەمان رابگرێت، خۆ دەتوانێ رێگە لە چالاكوانانی بواری كۆمەڵگای مەدەنی نەگرێت، وەكو ئەركێكی نەتەوەیی نیشتیمانی لە خۆپیشاندانێكی هێمنانەدا ئەو ناڕەزایەتییە بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئێراندا بدەن. دەستگیركردنی چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی بە پاساوی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانی رێگەپێنەدراو، دەرئەنجامی ئەو یاسای خۆپیشاندانەیە كە ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوەو پێویستە پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووبارە بەو یاسایەدا بچنەوەو بە جۆرێك هەمواری بكەن، كە نەبێتە هۆی بەرتەسككردنەوەی ئازادییە سیاسییە دیموكراتییەكان و لەو سۆنگەیەشەوە دەرفەت بۆ خەڵكانی دژی ئەم ئەزموونەی باشوور نەڕەخسێت، ئاراستەی ئەزموونەكەو ئاییندەكەی بەرەو ئاقارێكی نادیار ببرێت. ئازادكردنی چالاكوانانی بواری كۆمەڵگای مەدەنی و لەنێویشیاندا (عەلی مەحمود) پێویستییەكی هەنووكەیی بە پەلەیە، چونكە ئێستا دڵنیام ئەنفالچییەكانی باشووری كوردستان ئەوانەی كە عەلی مەحمود هەر لەو كاتەوەی بەرپرسی رێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان بوو، لیستی ناوەكانیانی بڵاوكردەوەو بۆ رای گشتی ئاشكراكردو ریسوای كردن ئێستا قوربانی سەردەبڕن و شیرینی بەسەر كوڕوكاڵانی گەڕەكدا دابەش دەكەن و شایی و لۆغانیانە!!
بەڵێ بۆ ئازادیی رادەربڕین و ریسواكردن و لەقاودانی سیاسەتی پاكتاوی رەگەزیی كە لەلایەن داگیركەرانی كوردستانی وەكو ئێران و توركیاو سوریاوە پەیڕەو و پیادە دەكرێت و ئازادیش بۆ عەلی مەحمودو سەرجەم چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە