کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، نا بۆ وابەستەیی و خۆبەكەمزانی

Wednesday, 14/07/2010, 12:00




كوردستان وەكو نیشتیمانێكى داگیرودابەشكراو، كوردیش وەكو نەتەوەیەكى ژێردەستەى تورك و فارس و عەرەب، بە درێژایی مێژووى داگیركاریانەى نیشتیمان و گەلی كوردستان لەلایەن ئەو نەتەوانەوە، پلانڕێژی بۆ داهێزراندنى كەسایەتى نەتەوایەتییانەی تاكى كورد، وەكو نەتەوەیەكى گەورەی رۆژهەڵاتی ناوین كراوەو زۆربەی هەرەزۆری راپەڕین و شۆڕشە چەكدارییەكانیشی هەر لەو چوارچێوەیەدا خولیان خواردۆتەوەو رێبەرانیان، زاخی بەرزكردنەوەى دروشمى سەربەخۆیی كوردستانیان نەكردووە، تەنها پارتى كرێكارانی كوردستان نەبێ، كە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەماى سەربەخۆیی كوردستان، بەرنامەڕێژیی بۆ سیاسەتی فكریی كادیرو ئەندامەكانى كردووە، كەچی ئەویش لەژێر چەندان فشاری جۆراوجۆری ناوخۆو دەرەكی، پاشەكشەیان لەو دروشمە كردو لە ئێستادا دروشمی دیكەیان هەڵبژاردووە كە ئێرە جێگاى شرۆڤەكردنیان نییە-.
داكۆكیكردن لە دروشمی سەربەخۆیی، چۆن بۆ نەتەوە سەردەستەكان ئاسایی و رەوایە، بۆ نەتەوەی كوردیش بەهەمان شێوە، لێ وەكو پێشتر ئاماژەمان پێیدا، ئەو مێژووە داگیركاری و داهێزراندنەى كەسایەتیی تاكى كورد لەلایەن داگیركەرانییەوە لەلایەك و وابەستەیی سەرانى ئەو شۆڕش و راپەڕینانە بە یەكێك لە رژێمە داگیركەرەكانى كوردستانەوە لەلایەكیترەوە، ئاسۆى بیركردنەوەو بەرنامەڕێژی بۆ راپەڕین و شۆڕشەكان، بەرتەسكتر كردۆتەوەو ناچاری كردوون كە داواكارییەكانیان جوغزى ئەو وڵاتە داگیركەرانە نەبەزێنێت. تێكڕاى شۆڕش و راپەڕینەكانیش شاهێدحاڵى ئەم راستییانەن. ((من بۆ خۆم وەكو پێشمەرگەیەك و تاكێكى كوردى لە باشوورى كوردستان، لە ناوەڕاستى هەشتاكان بەدواوەو هەر لەسەردەمى شۆڕشی شاخدا باجی ئەو دروشمى (سەربەخۆییەى كوردستان)م داوەو هۆكارێكى كاریگەریش بووە بۆ دابڕانم لەو حزبەى كە دواى ئێمە دروشمى سەربەخۆیی بۆ كوردستانى، ئەگەر وەكو دروشمیش بووبێ هەڵگرتووە. ماڵیان ئاوابێ!!)).
ئێستا كە چەند گروپ و لایەن و كەسایەتییەك، بانگەوازی هەفتەی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، پێویستە تێكڕاى لایەن و كەسایەتی و گرووپە سەربەخۆخوازەكان بەوپەڕی بوێرییەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم بانگەوازە نەتەوەییە رابگەیەنن و بەچاوى سووك و جۆرێك لە خەیاڵ پڵاوی سەرنجى نەدەنێ، كورد وتەنی: (كردە پەشیمان بە، نەك نەكردنە پەشیمان). راستە دەسەڵاتدارانى كورد لە باشوورى كوردستان و زۆرێك لە حزب و لایەنە كوردستانییەكانى رۆژهەڵاتو باشوورى رۆژئاواى كوردستان، زۆر بە هەستیاری و ترسێكى واقعیانەو لۆژیكیانەوە مامەڵە لەگەلأ بەرزكردنەوەى ئەم دروشمەدا دەكەن، مەبەست لە واقعیانەو لۆژیكیانە ئەوەیە كە مادام ئەوان بەدیدێكى وابەستەیی و باوەڕ بەخۆنەبوونەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكەن، كەواتە ئەستەمە بۆ ئەوان دروشمى سەربەخۆیی كوردستان بەرزبكەنەوە، چونكە بەبۆچوونى ئەوان ئەوە نەك جۆرێكە لە مەحاڵ، بەڵكو لە مەحاڵیش مەحاڵترە، هەروەكو تاڵەبانى وتەنى: (ئەوە خەونێكى شاعیرانەیە).جا خۆ ئەگەر خەونێكى شاعیرانەش بێ، بە پشتگیریكردنی ئەو بانگەوازە، زۆرێك لە تاكە حزبی و بێباوەڕو ورە داتەپیوەكان بەرامبەر داگیركەرانى كوردستانی پێ وریاو هوشیار دەكرێتەوەو باڵانسی گیانی نەتەوایەتییان ئەگەر بە ملیمەتریش بەرزتر بكرێتەوە، ئەوە سوودى لە زیانى زیاترەو داگیركەرانی كوردستانیش ترس و دڵەڕاوكێیان لەناخدا زیاتر چەكەرە دەكات و ئەوانیش زیاتر ترسی گەشەسەندنى گیانى نەتەوایەتی لاى هەر تاكێكى كورد بە مەترسی دەزانن و سەرانى سیاسیی كوردیش ترسێك لەو گەشەسەندنى گیانى نەتەوایەتییە لایان دەبێتە ئەمری واقیع.
بۆیە پێویستەو دەبێ، هەر كەس و لایەن و گرووپێك لەلایەن خۆیەوە لەو هەوڵەیدا بەردەوام بێت و چ بە نووسین و بەیاننامەو گفتوگۆو سیمینارو كۆنفراس بێت، بەشداریی ئەم هەڵمەتە نەتەوایەتییە پیرۆزە بكەن، بەمەش گیانێكى نەتەوایەتییانەى سەربەخۆخوازانە، جێگەى گیانى تەسكى حزبایەتی دەگرێتەوەو هەرنا هەنگاوێك دەچینەپێش و جورئەتێك بۆ ئاییندەى نەتەوایەتیمان لاى نەوەكانى داهاتوومان دەچێنین. (بڕینى میلێكیش، بە هەنگاوێك دەست پێدەكات، وەك (ماو) وتەنی.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە