کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ ئەوانەى باوەڕیان بە كرانەوەى كەمالیزمەكانى توركیا هەبوو، ئێستا چ دەڵێن؟!

Friday, 11/12/2009, 12:00


كەركوك
تا ئێستا لە چەند بابەتێكى دیكەدا، بە راشكاوانەوە ئاماژەم بە عەقڵى سەیرى هەندێ كەس و سیاسەتمەدارى كورد كردووە كە باوەڕیان بە كرانەوە درۆزنانەكەى دەسەڵاتدارانى توركیاو بانگەشە فریودەرانەكەى ئەردۆغان و گول هەبوو و بە ئاشكرا باسیان لەو كرانەوەیە دەكرد!!
من دڵنیام ئەوجۆرە كەسانە، یان هەر هیچ لە سیاسەت نازانن، یان ئەوەتا فێلأ لە خودى خۆیان و دەوروبەرەكەیان دەكەن، كە پێموایە ئەمەى دووەمیان راستترە، واتە فێڵیان لە خودى خۆیان و دەوروبەرەكەیان كردووە، چونكە زۆرێك لەوانەى نوقڵانەى ئەو كرانەوەیەیان بەسەر خەڵكى سڤیلدا دەبەخشاندەوە، شانازیشیان بەوەوە دەكرد كە دۆستى رژێمى توركیان و ناكرێت لەم هەلومەرجەدا كورد لە باشووردا هەڵوێست لە رژێمى شۆفێنیستى تورك وەربگرێت و ریزەكانى یەكێتى نەتەوەیی یەكبخات و بەگیانێكى نەتەوەییانەى راستگۆیانەو دوور لە كلكایەتی و وابەستەیی یەك دەنگ لەهەمبەر تاوانە گەورەكانى ئەو رژێمە هاروهاجەدا بێینەدەنگ.
ئەوەى ئێمەومانان راستگۆیانە دەمانگوت و خەڵكانێك گلەیی ئەوەیان لێدەكردین كە گوایە توندڕەوانە رەفتارو قسان دەكەین، لێ ئەمڕۆ ئەو راستییە دەركەوت و وەكو رۆژى نیوەڕۆ ئاشكرا بوو، ئەدى ئێستا دەبێ چ بڵێن و چۆن لەڕوویان دێ لە كەناڵەكانى راگەیاندن و كۆڕو كۆبوونەوەكانى خۆیاندا باس لە كرانەوە بەناو دیموكراسییەكەى توركیا بكەن؟!.
ئەرێ گەلۆ!.. ئەگەر داخستنى پارتێكى دیموكراسى و ئاشتیخوازى وەكو DTP لە ڕووى مافى مرۆڤ و بنەماكانى كۆمەڵگاى مەدەنىو دیموكراسییەوە بەكردارێكى ئاسایی دابندرێت و بێدەنگى لێبكرێت، ئەوا بەر لەهەر كەسێك ئەوانەى نوقڵانەى كرانەوەى توركیایان بە گوێى خەڵكى باشوورى كوردستاندا دەدا، دەبێ بێنە دەنگ و هەڵوێست وەربگرن و بێدەنگ نەبن، چونكە لە هەلومەرجى ئێستادا كە هەتا خودى PKK ەش چەندین جار بانگەشەى ئاشتى و ئاشتەوایی كردووەو دواجاریش ناردنەوەى گرووپەكانى ئاشتى باشترین بەڵگەى ئاشتیخوازانەى كوردان بوو لە باكوور، لێ وەكو پێشتریش وتوومانەو ئێستاش دووبارەى دەكەینەوە كە ئەقڵییەتى رەقهەڵاتووى سەرانى توورك و بەو هزرە ئیسلامییە پاشڤەڕۆییەوە نەك هەر ئەستەمە دان بە مافە رەواكانى گەلەكەماندا بنێن، بەڵكو مەحاڵیشە چاویان بەو پێشكەوتنە هەڵبێت، بەڵام ئایا تا چەند بڕیارى داخستنى DTPەیان بۆ دەچێتەسەرو چى لە راپەڕین و سەرهەڵدانى گەلەكەمان دەكەن لە باكوورى كوردستان كە لە رۆژانى دادێت، پێشبینى خۆپیشاندانو راسانى جەماوەریو لەوانەیە چەكداریشی لێبكرێت. بەتایبەتى كە ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانى DTP هەتا كاریی سیاسیشیان لێ قەدەغەكراوە!!
جێگای خۆیشیییە هەر لێرەوە ئاماژە بە مەترسیو پیلانێكى ترسناكى دیكە بكەین كە خەریكە لەسەر كامپى مەخموور پیادەى دەكەن، چونكە بە پێى ئەو دەنگۆیانەى كە لە ئارادایە، هەوڵى ئەوە دەدرێت، كامپى مەخمووریش وەكو كامپى ئەشرەف رێگاى مانەوەى لێبگیرێت و ئەو تێكۆشەرانەى كە لە كامپى مەخمووردان بەرەو شوێنێكى دیكە بگوازنەوە، - هیوادارم پێشنیارى دۆزەخە رەشەكەى نوگرە سەلمانیان بۆ نەكرێت، چونكە بەپێى دوا هەواڵ موجاهیدینى خەلق لە كامپى ئەشرەف، پێشنیارى ناردنیان بۆ سەربازگەى نوگرەسەلمانیان بۆ كراوە، جا نازانم دەسەڵاتدارانى هەرێم، تاچەند پەلكێشى ئەنجامدانى ئەو پیلانە دەكرێن و دەبن، یان نا؟!، چونكە ئەوە مەترسییەكى نەتەوەیی گەورەیەو پێویستە دەسەڵاتدارانى باشوورى كوردستان، بەوپەڕى بوێرىو هەستى نەتەوایەتییەوە رێگەى لێبگرنو تێكەڵ بەو تاوانە نەبن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە