كە دەزانن كەركوك پیلانی لەسەرە، دەئێوەش بە سیاسەتی حزبییانەی خۆتاندا بچنەوە
Sunday, 06/03/2011, 12:00
گواستنەوەی سیاسەتی پاوانكاریی گۆڕەپانی سەرجەم جومگە زیندوو و هەستیارەكانی ژیانی كۆمەڵگای كوردەواری لە سنووری ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمەوە بۆ پارێزگای كەركوكو ناوچە داگیركراوەكانی دیكەی سەر بە عێراقی عەرەبی لە (2003) بەدواوە كە لە دەستووردا بە (ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان) ناوزەدكراوە، كەركوك و تێكڕای ناوچە داگیركراوەكانی دیكەی بەرەو ئاقارێكی ترسناك برد كە ئێستاو دوای نزیكەی (8) ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەریدا، تازە بەتازە، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەكەونە سینگوتان و داوا لە كوردانی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی باشووری كوردستان دەكەن كە فریای كەركوك بكەون، لە مەترسیدایەو پیلانی لەسەرە!!.
بەڕێزانم.. كەركوك لەو رۆژەوە پیلانی لەسەرە كە خودی دەسەڵاتی حزبییانەی ئێوە، (شەلم كوێرم، ناتبوێرم)، كەوتنە وێزەی كوردانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆتان و بەچاوی دژو دوژمنەوە مامەڵەتان لەگەڵدا كردن، كۆنە جاش و پیاوە بوودەڵەكانی سەردەمی بەعستان هێناو پلەو پایەی حزبی و حكومیتان بەسەردا دابەشكردن و هەر بەچاوی ناحەزیشەوە لە كوردانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆتان دەڕوانی!!. كەركوك لەو رۆژەوە پیلان و مەترسی لەسەرە كە ئێوە جگە لە خۆتان و خەڵكانی سەربەخۆتان، چاوتان كەسی دیكە نابینێت و ئامادەش نین، كەسی دیكە بخوێننەوە!!. دەی ئەگەر وا نییە ئەوە بواری پەروەردەو فێركردن، بەڕێوەبەر، یان یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی كوردیم بۆ بێنن كە كابرایەكی حزبی نەبێت، یان سەربە حزبە كوردستانییەكانی دیكە بێت؟!، بەڕێوەبەری فەرمانگەیەكی حكومیم بۆ بێنن كە ئێوە برابەش بەسەر خۆتاندا دابەشتان نەكردبێت!!. ناوی سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاو ناحیەیەكم بۆ بێنن كە لە دەرەوەی رێكخستن و سیاسەتی ئێوەدا بێت!!. ئێوە لەم شارەدا ویستتانو دەتانەوێ، هەرچی هەیە، موڵكی حزبەكەی ئێوە بێ، ئیتر گرنگ نییە ئاییندەی كوردستان و ئاساییشی نەتەوەییمان چی بەسەردێت!!. ئێوە لەمشارەدا هەموو شتێكتان حزباند و دەرفەتێكتان بۆ خەڵكانی دەرەوەی خۆتان نەهێشتەوە، كە هەر لە (2003) بەدواوە لە مەترسیی ئەو پیلانانە ئاگاداریان دەكردنەوە، بەڵام ئێوە لەجیاتی گوێگرتن لێیان دەیانجار بە خائین و ئاژاوەچی و دژە حزبتان ناودەبردن!!. راستە كەركوك مەترسی و پیلانی داگیركەرانی لەسەرە، بەڵام ئێوە خۆتان (دەسەڵاتدارانی شارەكە) تاوانباری یەكەمینی ئەو مەترسییانەی سەر كەركوكن، ئاخر ئێوە، هەتا گوندەكانیشتان لێ دابەش دابەش كردینو ئەمیان زەردو ئەویان سەوز، ئەم گەڕەكیان هی من و ئەویتریشیان هی تۆ، ئەم ماڵەیان كوڕی چاكی سەر بە ئێوەیەو ئەمەشیان بێلایەنەو نابێ هیچ هاوكارییەك بكرێت!!. ئێوە لەم شارەدا چیتان نەكرد؟، بڕیارە سەقەتەكەی (32) بە (32) هەر لە داهێنانی بیری حزبیانەی ئێوە بوو!!. ئەرێ پێمان ناڵێن: بۆچی تا ئێستا بستێك زەوی داگیركراوی جووتیارانی گوندەكانی كەركوك و دەوروبەری وەكو خۆی لەلایەن وەزارەتی مالیەی حكومەتی بەغداوە داگیركراوەو كاتی خۆی بە بڕیارێك لەلایەن سەدامی دیكتاتۆرەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەی بۆچی لە ماوەی ئەم (7) ساڵەی رابردوودا گەورە بەرپرسانی عێراق لە بەغدا، بەتایبەتیش كوردانی ناو دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی، تا ئێستا سەبارەت بەو پرسە هیچیان نەكردووەو چاوەڕوانیش ناكرێت، هیچیان بۆ بكرێت و چاوەڕوانی بڕیارەكانی (دەستەی موڵكدارێتی عێراقین) كە وەكو نوێنەرێكی یوئێن لەدوای لێكدانەوەی پرسی زەویوزارە داگیركراوەكانی جووتیارانی كەركوك و شلوخاوی ئەو دەستەی موڵكدارێتییە عێراقییە، وتبووی: بەم حاڵە بێت، كێشەی زەویوزاری جووتیارانی كەركوك، تا ساڵی 2052، ئینجا ئەگەر چارەسەر بكرێت.
بۆیە راستە كەركوك باری دیموگرافی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری و سەرجەم كایەكانی دیكەی خەڵكەكەی شێوێندراوەو كاتێكیش پاشماوەكانی بەعس و عەرەبە تەعریبچی و داگیركەرەكانی كەركوك و شۆفێنیستەكانیان، كورد بەو بێدەسەڵاتییە دەبینن، داوای دەركردنی كورد دەكەن لەشارەكە، بۆیە باشترین رێگەچارە بۆ داكۆكیكردن لە كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی دیكەی باشووری كوردستان، ئاشتكردنەوەی خەڵكی كەركوكە لەگەڵ دەسەڵاتی حزبەكان و دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی فەرمانڕەوایەتیی دوور لە بەرژەوەندیی حزبایەتیتان و یەكخستنەوەی ماڵی كوردو رێزگرتنێكی راستگۆیانە لە نەتەوەكانی دیكەو دووركەوتنەوە لەو سیاسەتە تەمومژاوییەی كە دەرهەق بە كەركووكییەكان بەڕێوەی دەبەن و دانانی كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆو بوێرو راستگۆ لە فەرمانگەو دامودەزگا ئیدارییەكانی شارەكەو قەزاو ناحییەكانی دەوروبەری، نەك پاوانكردنی هەموو جومگە هەستیارەكانی كۆمەڵگا بۆ مەبەستی تایبەتی حزبییانەی خۆتان و كاتێكیش مەترسی گەیشتە بوونی خۆتان، ئینجا هاوارتان لێهەڵبسێت و كەركوك و كەركوكییەكانتان بەبیربێتەوە!!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست