کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەسە چیتر بە ئاژاوەچى و تێكدەرمان ناوزەد مەكەن

Tuesday, 29/09/2009, 12:00


هەر یەكەو لە ئێمەى رۆژنامەنووس، بەتایبەتى ئەوانەى چاویلكەى تەڵخى حزبایەتیمان لە چاودا نییەو لە گۆشەنیگایەكى دڵسۆزانەوە تاوتوێى ئەگەرەكانو پێشبینى رووداوەكان دەكەین، تا ئێستا چەندینجار لەسەر رووپەڕى گۆڤارو رۆژنامەكانو لە كۆڕو كۆبوونەوەكانماندا راشكاوانەو بێ ترسو دڵەڕاوكێ، سیاسەتى تەسكى حزبایەتیی حزبە كوردستانییەكانمان لە كەركوكدا بەتایبەتى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار- لەسەر دۆزو پرسى كەركوك لەقاوداوەو راستییەكانمان راگەیاندووە كە: تەنها بایەخدانو دەست لە پشتدانى ئەندامو دۆستو لایەنگرانى حزبو پەراوێزخستنو پشتگوێخستنى هاووڵاتییانى ناحزبی، كارو هەنگاوێكى فرە فرە بڤەو ترسناكەو یەكێتى نەتەوەییمان بەرگەى ئەو تەوژمە وێرانكەرە ناگرێت، كەچى لەجیاتى ئەوەى گوێمان لێبگرنو ریزە پەرشوبڵاوەكانى كوردانى كەركوك یەكبخەنەوە، زیاترو زیاتر خوێ لە زامە قەتماغ نەبەستووەكانى ئەم میللەتە كڵۆڵە دەكەنەوەو لەسەر هەمان سیاسەتیش بەردەوامنو ئێمەومانانى دڵسۆزیش بە تێكدەرو ئاژاوەچى ناوزەد دەكەنو جارجارەش خیتمان دەكەن... ماشەڵڵا خۆش سیاسەت!!. ئاخر كەركوكو ئێمەى كەركوكى، لەوەتاى هەین داگیركراوو ئاوارەو دەربەدەرین، لە هەرێمى كوردستانیش ئاوارە بووینو دواى گەڕانەوەشمان بۆ كەركوك هەر ئاوارەینو لەسایەى رەحمەتى حزبدا براى قاوە نەخۆرى یەكترین!!. تا ئێستاش رەنگ پێوەرى دڵسۆزیو، ئینتیما بۆ حیزب سەنگى مەحەكى مرۆڤەكانى ئەم شارەیە!!, بەڕێوەبەرى قوتابخانەو دامودەزگاو فەرمانگەكان هەر هەموویان دەبێ بە فلتەرى حزبایەتیدا تێبپەڕنو ئاوەشۆرو رەنگڕێژ بكرێن، لەولاوەش ناحەزو دوژمنەكانمان لە پایتەختى شوومەوە، بێ شەرمانە شەڕمان پێدەفرۆشنو زێدى خۆمان پێڕەوا نابینن، ئێمەش دەست لەسەر سینگ بۆ دوژمنو بەدەستوقامیش بەرامبەر یەكدى!!. تا سەرۆكى هەرێم بۆخۆى تەشریفى نەهێنایە ئەم شارەو بەچاوى خۆى گەمەى حزبایەتى دەركو هەست پێنەكرد، قەڵەمەكانى ئێمە لە هزرى حزبایەتیی تەسكدا، هەر لە خولگەى ئاژاوەگێڕیدا دەخولانەوە، وەلێ راستى قسەكانى ئێمە بۆى دەرخستن كە ئێمە ئاژاوەچىو تێكدەرى پرسى نەتەوایەتىو كوردستانێتى كەركوك نین، بەڵكو ئێمەى رۆژنامەنووسى راستەقینە، هەتا ژانى لەدایكبوونى رستە دەستەواژەیەكى هەقوڕەقى ئەم شارە نەمانگرێ، دەست بۆ قەڵەم نابەین.
كەركوك (پردێ)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە