کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داگیركردنی قەندیل یەكسانە بە نەمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

Monday, 22/08/2011, 12:00




ئاژانسەكانی هەواڵ و زۆربەی دەنگۆكان باس لە پەلامارێكی بەرفراوانی هەردوو رژێمی (ئێران و توركیا)ی داگیركەر دەكەن بۆ سەر چیای قەندیل و باشووری كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو رژێم لە كۆكردنەوەی هێزو ئامادەباشییەكی بەردەوامدان. لە سەرانسەری كوردستانیش، كوردستانیان تادێت ناڕەزاییەكانیان چڕتر دەكەنەوەو ریزەكانیان یەكدەخەن و ناكۆكییەكانی نێوانیان وەلادەنێن و خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە بە رێگاو شێوازی شارستانییانەو ئاشتییانە سازو ئامادە دەكەن، لەلایەكی دیكەشەوە هێزەكانی پەكەكەو پژاكیش بە ورەیەكی پۆڵایین و بیروباوەڕێكی تۆكمە بە رەوایەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردان و درێژەدان بە خەباتی چەكداری لە سەنگەری بەرخۆدان و شكست پێهێنانی ئەو پیلانە دوژمنكارییانەی هەردوو رژێمی داگیركەرو هاوكارەكانیانن، كەواتە لە سەرجەم بەرەكاندا كورد وەكو هێزێك خەریكی خۆكۆكردنەوەو دووبارە بونیادنانەوەی كەسایەتیی خۆیەتی و خەریكە لە خەوی ناهۆشیاری رادەبێت و وەكو تاكێك دەرك بە كوردستانی بوونی خۆی دەكات.
هەرچەندە ئەو هێرشانەی كە كراونەتە سەر باشووری كوردستان و بە نیازیشن بكرێنە سەری، جگە لە ماڵوێرانی بۆ سەرجەم لایەنەكان بەولاوە هیچ قازانجێكی بۆ هیچ كەس و لایەنێك تێدا نییە، چونكە شەڕ، واتە كوشتن و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن و دەرئەنجامیش هەر گفتوگۆو دیالۆگە كە كێشەكان چارەسەر دەكات. بەڵام كورد چی بكات كە داگیركەران دەسبەرداری هزری باڵادەستی و دیكتاتۆری نابن؟. هەردوو رژێمی ئێران و توركیا بە ئاشكرا مافی كوردانیان پێشێل كردووەو دان بە سادەترین مافی كوردستانیانی هەردوو وڵاتدا نانێن و لەسەرووی ئەوەشەوە خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن، هەڵبەتە ئەمەش تاسەر بۆ ئەو دوو رژێمە داگیركەرە مەیسەر نابێت و ناچێتەسەر.
پرسی داگیركردنی قەندیل، لەلایەن هەردوو رژێمی داگیركەرەوە، وەك دەڵێن ئامادەباشی بۆ دەكرێت لەهەر گۆشەنیگایەكەوە تیشكی سەرنجی لێبگریت، دەرئەنجام قەندیل سەركەش و داگیركەرانیش شكستخواردوو و دۆڕاو دەردەچن، بۆچی؟ چونكە نە رۆژگار، رۆژی داگیركاری و رەشەكوژییەو نە هەلومەرجەكەش بەوجۆرە بۆ ئەوان لەبارە كە ناماقوڵی وا بكەن، ئێران بەهۆی دڕدۆنگی و ناتەبایی لەگەڵ رای گشتی و دژایەتیكردنی ئیسرائیل ئەگەر بەدرۆش بێت-، هەروەها نەچوونە ژێر ركێفی ئەمریكاو هەڵنەكردن لەگەڵ رەوتی جیهانگەرایی و كۆمەڵێك هۆكاری دیكەو توركیاش لە ترسی نەچوونە نێو بازاڕی هاوبەشی ئەوروپاو فشاری بەهێزی كوردان لە ناوخۆداو لێدانی بەرژەوەندیی ئابووری و كۆمەڵێك هۆكاریتر، مەحاڵە هەردوولا بۆ ماوەیەكی درێژ بتوانن، شەڕی كورد بكەن. ئەوە ناڵێم كە چەكی كیمیاوی بەكاربهێنن و هەرچی زیندەوەرێكی ئەو دەڤەرە هەیە لە ژیان بخەن، هەرچەندە ئەمەیان بۆچوونێكی زۆر دوورە، بەڵام گریمانەیەو لە سیاسەتدا دەبێ لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە داگیركردنی قەندیل مەحاڵە، وا گریمان ئەو مەحاڵەش كرایە واقیعی حاڵ و دوای داگیركردنیشی، هێزەكانی جوندولئیسلام و هێزە تیرۆریستەكانی (قاعیدە)ی لێ دانراو هەردوو وڵات (ئێران و توركیا)، ئەو هێزانەیان وەكو داردەستی خۆیان بەكارهێنا، ئەمەشیان هەر گریمانەیەو لە سیاسەتدا دەبێ حیسابی بۆ بكرێت، ئەدی ئەوكاتە بارودۆخی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەم ئەزموونە چی بەسەردێت؟ تۆ بڵێی یەكێتی و پارتی هێندە سیاسەت نەزان و ساویلكە بن، ئاگاداری ئەو پیلانەبن و رێگەش بدەن گۆڕی خۆیان بەدەستی خۆیان بۆ هەڵبكەنن و ئەوانیش دەستەپاچە دابنیشن و نققەیان لێوەنەیەت؟، یان تۆ بڵێی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار چ گرەنتییەكی كۆنكرێتییان لەو دوو وڵاتە داگیركەرە وەرگرتبێت كە مانەوەی ئەوان مسۆگەر دەبێت و ئەوەی لەو نێوەندەدا تێدەچێت، هێزەكانی پژاك و پەكەكەن و هیچیتر؟، خۆ ئەگەر بیرۆكەو پیلانێكی وا لە ئارادبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە، ئەگەر هێزەكانی پەكەكەو پژاك لە قەندیل نەمێنن، ئەوا مانەوەی حكومەتی هەرێمیش دەبێتە بڵقی سەرئاو، چونكە هێزەكانی حكومەتی هەرێم لە ئێستادا هێندە ریزپتەو و خاوەن بڕیارێكی یەكگرتوونین كە بتوانن بەرەنگاری دوژمنی لەو چەشنە ببنەوە، لەملاشەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا كە لە دوای نەمانی بەعسەوە، هەمیشە لە بۆسەدان بۆ لێدانی حكومەتی هەرێم و ئەو ئەزموونەی لە باشووری كوردستاندا هەیە. كەواتە هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: قەندیل یەكسانە بە مانەوەی حكومەتی هەرێم و خوانەخواستە لەدەستدانیشی كە دڵنیام مەحاڵە، شكستێكی مێژوویی دیكەی كوردانە لە مێژوودا.
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە