هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووس (لەتیف فاتیح فەرەج)، هەڕەشەكردنە لەسەرجەم دەنگە ئازادو بوێرەكانی كەركوك
Saturday, 26/02/2011, 12:00
ماوەیەكە جارێكی دیكە، هەڕەشەكردن لەو نووسەرو رۆژنامەنووسە ئازاو ئازادو بوێرانەی كە جڵەوگیری بڕیاری حزبی نین و نابن و خاوەنی هزرو دیدی خۆیانن بۆ پێشهات و رووداوە گەرمەكان، سەریهەڵداتەوەو بەشێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، یەكێكیش لەو نووسەرو رۆژنامەنووسە كەركوییانەی كە لەم رۆژانەدا هەڕەشەی لێكراوە، سكرتێری لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، (لەتیف فاتیح فەرەج)ـە، لەتیف فاتیح خاوەنی هەر بیروبۆچوون و ئایدیایەك و سەربە هەر حزبێكی سیاسی بێت، یان نا، ئەو مرۆڤە: نووسەرو رۆژنامەنووس و چالاكوان و داكۆكیكارێكی دیاری پرسی ئەنفال و كەركوك و مافی چارەنووس و ژمارەیەك پرسی چارەنووسسازی دیكەیە لە شارەكەداو تا ئێستاش زۆرێك لە رۆژنامەنووسە گەنجەكانی چەمچەماڵ و كەركوك قەرزاری لەتیفن، چونكە ئەو دڵسۆزانە لە خەمی پێگەیاندن و تێگەیاندنیان بووەو بۆ ئاشنابوون بە بواری راگەیاندن و رۆژنامەوانی دەستیگرتوون و هەرنا سوودیان لە تواناكانی وەرگرتووە، لەتیف خاوەنی نزیكەی (22) كتێب و نامیلكەی جۆراوجۆرەو زۆربەشیان لەسەر پرسی ئەنفال و كەركوك و دۆزی رەوای گەلەكەیەتی، كەسێكە تا ئێستا پرۆسەی دەمچەوركردن و دەستەمۆكردن پەی بە رۆحی ئەو نەبردووە، لە كاتێكدا لەتیفیش وەكو هەر تاكێكی كۆمەڵگا، مرۆڤەو مافی خۆیەتی خەم لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی بخوات، بەڵام ئەو نەهاتووە وەكو خەڵكانێكی دیكە حزب وەكو كۆمپانیای خۆدەوڵەمەندكردن بەكاربهێنێت و بازرگانی بە دۆزی رەوای گەلەكەیەوە بكات. جا ئەگەر پرسەكە تیرۆرو رەشەكوژی بێت، خۆ سۆرانێكیان لە كەركوك جوانەمەرگ كرد، بەڵام دەیان سۆرانی دیكە لە كەركوك و باشووری كوردستان درێژەیان بەو كاروانەدا كە سۆرانیش رێبوارێكی ماندوونەناسی تازە بە گڕوگاڵ هاتووی ئەو كاروانە بوو، مێژوو سەلماندوویەتی مرۆڤی خاوەن قەڵەمی راستگۆو بوێر، هەرگیز سڵ لە مەرگ ناكاتەوەو هەمیشە لە دەربڕینی راستییەكان سەرقافڵەی كاروانەكەیە، بۆیە هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووس لەتیف فاتیح فەرەج، بە هەر پاساو و بیانوویەكەوەو لەلایەن هەر كەس و لایەنێكیشەوە بێت، جگە لە ریسوایی هیچ شتێكیتر بۆ خاوەنەكەی نامێنێتەوە. تكاشم وایە با بەس بێ هەوڵی دەستەمۆكردن و خەفەكردنی دەنگە ئازادو بوێرەكان، ئەوانەی دڵسۆزی دۆزی رەوای نەتەوەو چین و توێژە ستەمدیدەكانی گەلن، چونكە ئەوانە دەنگی راستەقینەن و بە ڕەش دەڵێن رەش و بە سپیش سپی. پێرێ هەڕەشەكردن لە دەرسیم دیبەگەیی و دوێنێش دەسگیركردنی عەلی مەحمودو ئەمڕۆش هەڕەشەكردن لە لەتیف فاتیح و داخوا سبەینێ كام هەقبێژێك دەبێتە ئامانجی نیشانە شكێنەكانی ئەوانەی چاویان بە ئازادیی كوردستان و ئاسوودەیی گەل و دەربڕینی راستییەكانەوە هەڵنایەت و هەڵگری پەیامی (هەموو شتێك بۆ من و هیچ بۆ تۆ)ن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست