کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگەوازێك بۆ دڵسۆزان: فریاى پایتەختە درۆزنانەكەی عێراق و دڵ و قودسەكە بكەون!!

Tuesday, 27/07/2010, 12:00



مەبەست لە پایتەختە درۆزنانەكە، بڕیارە فریودەرانەكەى وەزارەتى رۆشنبیریی عێراقە بە كردنى كەركوك بە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق بۆ ساڵی (2010)، لێ هێشتا جگە لە ئاهەنگێكى سەرپێیی كە لە گاڵتەجاڕی دەچوو، هیچیتر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارى بە پایتەختكردنە ئەنجام نەدراوە. بەندە لە چەندان ماڵپەڕدا ئەو بڕیارەم لەقاوداو بە تەعریبكردنەوەى كەركوكم ناوزەد كرد، هەرواش دەرچوو، ئەگینا وا مانگی حەوتیشمان تێپەڕاند، ئەرێ بە پایتەختكردنی شارێك وا دەبێت؟!!-. ئەرێ ئەمە سووكایەتی پێكردن و بانگەشەیەكى راشكاوانەی عەرەباندنەوەو لكاندنەوەی كەركوك و كەركوكییەكان و هەولێكی نەزۆكانەى دیكەى داگیركەران نییە بە بەغداو ئەولاتریش ئومەى عەرەبییەوە؟!
مەبەستیش لە دڵ و قودسەكە، هەردوو دروشمە دیارو بەرچاوەكەى هەردوو حزبی دەسەڵاتداری باشووری كوردستانە، كە بەداخەوە: نە وەكو دڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و نە پیرۆزییەكانیشی، هێندەی باڵەخانەیەكى قودس، لەلای خودى ئەوان موقەدەسە!!.
بڕیار وابوو، بڕى (000و000و000و12) دوانزە ملیار دینار لە خاوێنكردنەوەى كوچەو كۆڵانەكانى كەركوكدا خەرج بكرێت، كەچی وا ئەم مانگى تەممووزە گەرمەش تێپەڕی، هێشتا كەركوك لەنێو پیسی و خۆڵو خاشاكدا نقوم بووەو هەروەكو لە ژمارە (5230) رۆژی (15/7/2010ی رۆژنامەى كوردستانی نوێدا هاتووە: ((كۆلێرا هەڕەشە لە كەركوك دەكات))، مەبەست نەخۆشی كۆلێرایە. هۆى دواكەوتنی ئەو هەڵمەتى پاككردنەوەیەش، هەروەكو قایمقامی قەزاى ناوەندى كەركوك (كامیل ساڵەیی) لە هەمان ژمارەی كوردستانی نوێدا لە چاوپێكەوتنەكەیدا هۆكارەكەى خستۆتە ((ئەستۆى ئەو لیژنانەى كە تەندەر بۆ ئەو پرۆژەیە دەكەن، كە لە ئێستادا ماوەى (3) مانگی تێپەڕاندووە، بەڵام پرۆژەكە نەدراوە بە كۆمپانیا، ئێستا جارێكى تر راگەیاندن بۆ پرۆژەكە دەكرێتەوە، كە ئەمەش چەند مانگێكی تر دەخایەنێت)).
سەرباری هەموو خەمانیش، كەمى و نەبوونى كارەباو ئاو لە زۆربەى گەڕەكەكانى شار كە لە سادەترین و ئاساییترین مافەكانى هاووڵاتییانە، ئەمە جگە لەو نائارامی و دڵەڕاوكێیەى كە كوردانی كەركوك، هەر رۆژەو بە بیانووییەكەوە، وەكو گیسكەكەى هەیاسیان لێكردوون. ئەمە وێڕاى هەڵلووشینی سامانە ژێر زەوییەكانی كەركوك و ناردنە دەرەوەی زۆرترین بڕە نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك، كە بڕیار وابوو بۆ هەر بەرمیلە نەوتێكى خاو بڕى (1) یەك دۆلار بۆ شاری كەركوك تەرخان و پاشەكەوت بكرێت، لێ تا ئێستا هیچی دیار نییەو هەر قسەی سەر كاغەزی سیاسییەكانە!!
باشە ئەوا گریمان حكومەتی بەغدا لەڕووى خزمەتگوزاری و هاوكاریی داراییەوە هەر بەجارێ پشتی لە كەركوك كرد، ئەى لەوكاتەدا دەبێ هەڵوێستى حكومەتی هەرێم چی بێ؟!
دواخستنی پێكهاتنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەر دامەزراندنی حكومەت و كۆتایی هێنان بەو پاشاگەردانییەى كە چەند مانگێكە گەلانی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنن و لە هەمووشیان زیاتر كەركوكییەكان، چونكە چارەنووسی مادەی (140)، تا ئێستا بە نادیاری و ئاڵۆزی ماوەتەوەو ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە كەركوكیش هەست بە نا ئارامییەكی زۆر دەكەن، لەبەرئەوەی چارەنووسی ئەوانیش هەر نادیارەو بە ئاشكرا هەست بە ساردوسڕییەك لە خەمخۆریی حكومەتی هەرێم بۆ كەركوك بەدیدەكرێت و ناشاردرێتەوەو هەر خودی كەركوكییەكانیش مەترسیی ئەوەیان هەیە كەركوك بكرێتە دەسكەگوڵی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان و بەدیاری پێشكەش بكرێت!!
هەر لێرەشەوە بانگەوازی سەرجەم لایەنە خەمخۆرو دڵسۆزەكانى كەركوك و كەركوكییەكان دەكەم كە هەرچی زووترە فریاى شارەكەیان بكەون و چیتر لە ئاست ئەو كەمتەرخەمییانەى كە دەرهەق بە كەركوك دەكرێت، بێدەنگ نەبن، كەركوك چاوەڕێی هاتنەدەنگی خەمخۆران و دڵسۆزانییەتی، دەسا هیممەتێك!!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە