کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ ئەوانەی زوڕناژەنی سیاسەتی ئاكپارتین: ئەوە كرۆكی كرانەوەكەی توركیایە، كێشەی كورد كێشەیەكی كۆمەڵایەتییە؟!!

Sunday, 10/10/2010, 12:00




زۆرن ئەوانەی لەم باشووری كوردستانەوە، براكانی خۆیان لە باكوور بە تیرۆریست و ئاكپارتییەكان بە فەرمانڕەوایەكی عادیل و موسڵمانی عەیار 24 ئەژمار دەكەن و رۆژ لەدوای رۆژیش ئاغاكانیان لە توركیاوە پێچەوانەی بانگەشەو بانگەوازە نا لۆژیكییەكانی ئەمان دێنەگۆو پەڵەیەكی رەش دەخەنە سەر هەڵوێستی ئەوانەی كە پێیانوایە گەریلا لە قەندیل زیادەیەو پەكەكەش واقیعی ناوچەكەو جیهانی زیرەكانە نەخوێندۆتەوە، بۆیە دەسبەرداری خەباتی چەكداری نابێتو بارودۆخی باشووریش رەچاو ناكات!!، بە پاساوی ئەوەی باوی خەباتی چەكداری لە جیهاندا نەماوە!!، ئەی كورد ناڵێت: مست لە درەوشە دەگەڕێتەوە؟!
سەیرە خەندەیەكی درۆزنانەو هەڵبزڕكاوانەی سەرۆك وەزیرانێكی وەكو ئەردۆغان، یان گولی سەرۆك كۆماری توركیا تەنها لەبەرئەوەی بەناو حزبێكی ئیسلامییە، بە دەروازەی گەیشتن بە مافە رەواكانی كوردستانییانی باكوور بزانن، ئاخر لە (400) ساڵی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییەكان و نزیكەی (90) ساڵی حوكمی ئاگرو ئاسنی كەمالیستەكانی توركیا، بە ئاكپارتییەكەیشییانەوە، تا ئێستا كورد لە سەر زێدی رەسەنی خۆی، جگە لە راگواستن و گوندسووتان و قڕكردن و زیندانیكردن، چی دەستكەوتووە، تا لێرەوە هاوبیرەكانی ئاكپارتی پیلانێكی درۆزنانەی ئەو پارتە بە گرەنتیی رزگاریی كوردستانییانی باكوور بزانن؟!
ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ بۆچوون و پێشبینی كردنی واقیعییانەی رۆشنبیرو رۆژنامەنووسو سیاسەتمەدارە دووربین و خاوەن هەستی یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی خاكی كوردستانی دایك زیاتر دێنەدی و گریمانە فشۆڵ و بێ بنەماكانی ئەوانەی لێرەوە نوقڵانەی دادپەروەریی رژێمی ئاكپارتیی خاوەن زیندانە رەش و تاریكەكان و دژە منداڵ و خەڵكی بێ تاوانی باكوور، تەنها لەبەرئەوەی وەكو مرۆڤێك داوای سادەترین مافی زەوتكراوی خۆیان دەكەن، دەبێ بەشیان كوێرەوەری و دواكەوتوویی و كونجی زیندانەكان بێت، وا رۆژانە دەمامكی فریودەرانەی رژێمەكەی ئاكپارتی و ئیسلامییەكانی توركیا لەبەردەم گورزی تفەنگی گەریلاو خەباتی جەماوەرییانەی كوردستانییانی باكوور بەڕووی رای گشتی و نێودەوڵەتیدا دادەماڵرێت و راستییەكان ئاشكرا دەبن.
لەم یەكدوو رۆژەی رابردوودا سەرەك كۆماری توركیا عەبدوڵڵا گول زۆر راشكاوانەو لەنێو پارلەمانی وڵاتەكەیدا پرسی كوردی لە باكووری كوردستان زۆر بە سادەیی خستە بەرباس و راستەوڕاست وتی: كێشەی كورد هەیە، لێ كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەو ناكرێ بە رێگای سیاسی چارەسەر بكرێت!! ئەرێ تۆ بڵێی كەسێك هەبێ باوەڕ بەو وڕێنانەی (گول) بكات؟!، یان هەر بەڕاستی پرسی كورد لە باكووری كوردستان، پرسێكی كۆمەڵایەتییەو ئێمە زێدەڕۆیی دەكەن لەوەی داوای مافەكانی خۆمان دەكەین؟!، بەڕاستی ئەو قسانە تەنها قسەی كەسانێكی تاسەر ئێسقان رەگەزپەرست و دیكتاتۆرو دووڕوو و ناڕاستە، ئەگینا تۆ بڵێی نووسینەكانی نووسەری تورك (بێشكچی)ییان نەخوێندبێتەوە، كە زیاتر لە (36) كتێب و توێژینەوەیەو هەر هەموویان بوونی پرسی كورد لە باكوور، وەكو پرسێكی سیاسی دەناسێنن؟!
ئەرێ ئەی ئەوانەی لێرەوە لەم باشوورە نیمچە ئازادەوە بوونەتە زوڕناژەنی ئەو رژێمەی كە تەنانەت ئامادە نییە منداڵانی نەتەوەیەكی جیا لە تورك بە زمانی دایك لە دبستانەكاندا بخوێنن و فێری زانست و زانیاری ببن، ئەرێ نازانم دوای ئەوەی عەبدوڵڵا گول زۆر بە راشكاوانە ئەو قسانەی لە پەرلەمانی وڵاتەكەیدا راگەیاند، ئێستا دەبێ، ئێوە چی بڵێن و چۆن پاساو بۆ قسەكانی ئەو سەرۆك كۆمارە حەیاتەی هاوبیرتان- بهێننەوە؟!
تۆ بڵێی لەگەڵ ناخی خۆتاندا نەكەونە شەڕێكی دەروونی دژوارەوەو بە كارنامەی هزریی خۆتاندا نەچنەوەو هەڵوەستەیەك لە بەردەم ئەو بۆچوونە مڵەمایە نەكەن، بەوەی كە ئێوان دیدێك وا كردوونی بە دەروێش و كوێرانە بانگەشە بۆ سیاسەتی ئاكپارتی دەكەن؟!
خۆزگە یەكێك لەوانە، بەڵام بوێرانەو بە هزرو بیری خۆى، نەك لەبەرخاتری خاترداران دەهاتەگۆو وەكو مرۆڤێك، نەك كوردێك بەچاوو ویژدانی خۆی ئەو ستەم و چەوساندنەوە بێئەندازەیەی رژێمی ئاكپارتی دەخوێندنەوەو راشكاوانەش شرۆڤەی رەوتی رووداوەكانی باكووری كوردستانی دەكرد، بەڵام بە ویژدانی خۆی، نەك ویست و ویژدانی ئاكپارتییە كوردكوژەكان، ئەوكاتە با بزانێت، چۆن پێكەنینی بە فیقەی زوڕناكەی خۆی دەهات؟!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە