کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەكی كراوە سەبارەت بە پێنج منداڵی بێ ناسنامەی كورد لە باشووری كوردستان

Sunday, 10/07/2011, 12:00






بۆ بەڕێزان:
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان..
- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
- سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە دڵسۆزەكان
- كەسایەتی و رووناكبیرە خەمخۆرەكانی مافی مرۆڤ
ئەم كاتەتان باش..
بەڕێزان تكایە بە خوێندنەوەی ئەم نامەكراوەیە سەرتان سووڕنەمێنێت و تووشی شۆك نەبن، ئەوەی لەم نامە كراوەیەدا هاتووە، ئەوە سەد دەر سەد راستەو زۆر بەداخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا، تا ئێستا منداڵی وا هەبن بێ ناسنامەبن و لە خوێندن بێبەش بن و كەسیش ئاوڕێكیان لێ نەداتەوە، بە كورتی ئەم (5) منداڵە كە ئێستا لەگەڵ دایكوباوكیاندا لە یەكێك لە گوندەكانی سەر بە شارۆچكەی پردێ نیشتەجێن، لە ئەنجامی هەڵەیەكی باوك و دایكیانەوە لەم دونیا پان و بەرینەدا لە هیچ تۆمارگەیەك و لە هیچ شوێنێك ناویان تۆمار نەكراوە، چونكە بە فەرمی هاوسەرگیرییان نەكردووەو تۆماری رەگەزنامەی ئافرەتەكەش نادیارە. كێشەكەیشیان بەم شێوەیەیە:
باوكی ئەم منداڵانە خەڵكی هەولێرەو ناوی (یونس عەوڵا كامل)ـەو دایكیشیان ناوی (ماهرە كاتب تاهیر)ە، لە ناوەڕاستی نەوەدەكان ئەم ئافرەتە عەرەبەی كە لە عەرەبە هاوردەكانی كەركوكە هەڵگرتووەو لەگەڵ خۆی بۆ هەولێری هێناوە. ئێستا ئەم پێنج منداڵەیان هەیە بەناوەكانی:
1. سەمیر یونس عەوڵا لە دایكبووی ساڵی 1997.
2. ئەمیر یونس عەوڵا لە دایكبووی ساڵی 2000.
3. نەورۆز یونس عەوڵا لە دایكبووی ساڵی 2002
4. كامل یونس عەوڵا لە دایكبووی ساڵی 2005
5. وەنەوشە یونس عەوڵا لە دایكبووی ساڵی 2009.
من وەكو رۆژنامەنووسێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكەیان زیاتر لە ساڵێكە دەرگا نەماوە لێی نەدەم و هەر شوێنێكم شك بردبێت، سەرم پێداكردووە، پارێزەرو دادگاشم تاقیكردۆتەوە، بەڵام هەر بێسوود بووەو هیچم بۆ نەكراوە كە بۆ ئەم پێنج پەپوولە چاوگەشە بیكەم، چونكە ماڵی باوكی كچەكە لە كەركوك نەماون و شوێنی نیشتەجێ بوونیان لە ئێستادا نادیارەو ئافرەتەكەش كاتی خۆی ناسنامەی لەگەلأ خۆی نەهێناوە.
بۆیە وا بە ناچاری ئەم نامە كراوەیە ئاراستەی ئێوەی هێژاو بڕیار بەدەست دەكەم و تكام وایە كە ئەم نامەكراوەیە بە وەڵام نەدراوەیی نەمێنێتەوەو بەهەر شێوەیەك بێت، چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەمە ئاییندەی (5) مرۆڤە لەم وڵاتەدا. باوەڕیش ناكەم یاسایەك نەبێت ئەم كێشەیەی پێ چارەسەر نەكرێت، بەڵام پێویستی بە بڕیارو بەدواداچوونی ئێوەی بەڕێزە.
هاوكاری و بە دەنگەوەهاتنی ئەم منداڵانە، ئەركێكی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە.

لەگەڵ رێزی دووبارەم..

رۆژنامەنووس
رابەر رەشید كەركوك- شارۆچكەی پردێ
07701262254 [email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە