کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


Friday, 16/04/2010, 12:00


هەر لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى بە پایتەختكردنى رۆشنبیرییانەی كەركوك و بەبەراكردنەوەى عەباو عەگالى عێراقییانە، تەنگەتاو بووم و لە چەند دەروازەیەكەوە دەنگى ناڕەزایی و بێزاریم بەرزكردەوە، لە مانگى كانوونى دووەمى 2010 بابەتێكى رەخنەئامێزم بەناونیشانى (گەلۆ هوشیاربن كەركوك دەكرێتە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق) لە زۆربەى سایتە كوردییە ناسراوەكان بڵاوكردەوەو رووبەڕووش لەگەلأ ژمارەیەكى زۆرى رۆشنبیرانو رۆژنامەنووسانى كەركوكى هەوڵى لەقاودانى ئەو كارەم دا، بەڵام جگە لە یەك دوو دەنگى بوێر، كەسیتر هاوخەم و هاودەنگم نەبوو. لە دوو گۆشەى یەك لەدواى یەكى (خەمەكانى كەركوك)یش كە لە هەفتەنامەى ئاڵاى ئازادیدا بڵاودەبێتەوە لە (7/4/2010)و (13/4/2010)دا باسى مەترسییەكانى ئەو پیلانەم كردووەو داوام لەسەرجەم كەركوكییەكان و خەمخۆرانى ئەم نیشتیمانە دابەش و داگیركراوە كردووە بایكۆتى ئەو تەعریبكردنەوەیەى كەركوك بكەن و رێگەنەدەن ئەو پیلانە سەربگرێت، كەچى رۆژى پێنجشەممە (15/4/2010) بەبەرچاوى كەناڵەكانى راگەیاندنەوەو بەوپەڕى شانازییەوە نوێنەرى وەزارەتى رۆشنبیریی حكومەتى هەرێمى كوردستان بە دەنگێكى بڵند تەرخانكردنى (150) ملیۆن دینار لە خوێنى خاكو زێدى سووتاوى كەركوكییەكان بۆ تەعریبكردنەوەى شارەكەى شێخ مارف بەرزنجىو جەبار جەیارى تەرخان دەكاتو شانازیشى پێوە دەكات و بەوەندەشەو ناوەستێت و ئامادەیی خۆى بۆ سەرخستن و سازدانى چالاكیی لەوجۆرە رادەگەیەنێت!!!.. كێش ئەو بەڵێنانە دەدات؟ (پ.م)ێكى دێرینى میللەت!!
ئەرێ گەلۆ!!.. ئەمە چ بێئاگاییو نەخوێندنەوەیەكى زانستیانەو واقعییانەى پرسى كەركوكو دۆزى رەواى گەلەكەمانە لە باشوورى كوردستاندا؟
دەسا ئێوە سەرنج بدەن: ساڵێك دوانزە مانگە، كەچى زڕە رۆشنبیرەكانى كەركوك دێنو رێك لە (15/نیسانى 2010)، واتە تەنها رۆژێك دواى رۆژى ئەنفالى كوردان لەم باشوورى كوردستانەو لەژێر ئاڵاى عێراقى عروبەدا لەناو جەرگەى كەركوك شایلۆغانى تەعریبكردنەوەى كەركوك دەكەنەوەو گەورە بەرپرسانى كوردیی حزبی و حكومى شاریش بەجۆش و خرۆشەوە گوێ لە موزیكى هەڵپەڕكێ و شانهەڵتەكاندنى لاوانى عروبە دەگرن!!.. ئاخر هێشتا خۆڵى سەر گۆڕى دووبارە ناشتنەوەى (104) منداڵى شیرەخۆرەى چەمچەماڵ و گەرمیان وشك نەبۆتەوە، كەچى دەسەڵاتدارانى عێراق لەناوجەرگەى شارەكەى خۆماندا پێمان دەڵێنەوە: وەرن هەڵپەڕن، ئێوە چیتان داوە لە گۆڕى بە كۆمەڵ و منداڵى شیرەخۆرەى ئەنفالكراو!!
سەیرە!.. بەڕاستیش سەیرەو مایەى سەرسووڕمانیشە كە حكومەتێكى كوردى بەشدارى لە تەعریبكردنەوەو بە عێراقی كردنەوەى كەركوكێك بكات كە دەیان سالأ بەر لە ئەمڕۆ بارزانى نەمر بە (دڵى كوردستان)و مام جەلالیش بە (قودسى كوردستان)ى چوواندووە!!.
ئەرێ رێكخەران و سەرپەرشتیكارانى خۆتان وتەنى- كەڕنەڤاڵى بە پایتەختكردنى رۆشنبیریی عێراقییانەى كەركوك، پێمان ناڵێن: بۆ رۆژى (15/نیسان)تان بۆ ئەو (كەڕنەڤاڵ)ە!! هەڵبژارد؟ تۆ خوێنى شەهیدان پێمان بڵێن: پێشنیارى كێ بوو؟. ئەرێ بەڕاست ئەوەشمان پێ بڵێن: ئێوەى (سرك)!! ئەگەر (سركایەتى) لە كەركوكدا مابێت- چۆن لەگەلأ ئەو برا عەرەبە چاوڕەشە دەهەزارییانەدا زاخى ئەنجامدانى ئەو بەزمەتان كرد؟ كەی و چ رۆژێكیش: رۆژێك دواى ساڵوەگەڕى ساڵیادى تاوانەكانى ئەنفال و لە گەرمەى هەنسك وگریانى كەركوكییەكان بۆ لەدەستدانى كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیان.
بۆیە لێرەوە راشكاوانە دەپرسم: ئەرێ بڕیار بەدەستانى حكومەتى هەرێم لە باشوورى كوردستانى بەزۆر لكێنراو بە عێراقى پینەوپەڕۆ كراودا، پێمان ناڵێن ئێوە بۆچىو چۆنو بە چ هەقێك بڕى (150) ملیۆن دینار لە خوێنو خەمى ئەم میللەتە شاباشى تەعریبكردنەوەى ئەو (دڵو قودس)ى كوردستانە دەكەنەوە؟!.. ئەرێ ئێوە لەكاتى بڕیاردانى خەرجركردنى ئەو بڕە پارەیە: پرسى كەركوك و شەڕى كەركوكییەكان و ئاییندەى (ماددەى 140)ەكەى دەستوورتان لەبیربوو؟.. ئەرێ ئێوە (قودس و دڵەكەى كوردستان)تان لەبیربوو، یان شاباشى شایلۆغانى بەهەدەردانى سەروەت و سامانى نەتەوەیەكەو سەرپشكن لە بە فیڕۆدانى؟!.. ئەرێ بەڕأست ئەم شاباشى (150) ملیۆن دینارە ناچێتە ناو چوارچێوەى هەڕەشەكردن لە ئاساییشى نەتەوەییمان و سووكایەتى كردن نییە بەو پرسە نەتەوەییەوە؟ ئەو بەرژەوەندى ئاسایشى نەتەوەییەى كە رۆژنامەنووسانى پێ پەلكێشى دادگاكان دەكرێت و هەر بەو ناوەوەش سزایان دەدەن؟!
ئێوە مەیەن!.. كەركوك مەكەنەوە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق، وەرن!,, بەڵێ وەرن: ئاوارە كەركوكییەكان بگەڕێننەوە كەركوك و گوندە كاولكراوەكانیان دوور لە بەرژەوەندیی حزبایەتیی تەسك و قێزەون ئاوەدان بكەنەوەو كارێك بكەن منداڵ و نەوەكانیان خۆیان بە كەركوكى بزاننەوەو كەسێتیی كەركوكیانەیان بۆ بگەڕێننەوە. ئاخر سەیرە لە سایەى دەسەڵاتى حزبى لەو شارەدا هەتا ئاوارە كەركوكییە گەڕاوەكانیش خۆیان بە ئاوارە و مێوان بزانن و دەسەڵاتیش تەنها لە هەمبەر دەنگەكانیان و چوار سالأ جارێك دەرگاى پیرەژنێكى ئاوارەى گەڕاوەى كەركوكى تاریك بكەن!!.. سەیرەو گەلێ سەیرە: مەزرەعەو پرۆژەى خۆدەوڵەمەندكردن و ڤیللاى بەرپرسان ئەمبەرو ئەوبەرى شەقامە گشتییەكان داگیربكات و گوندنشینەكانى گەرمیان و شوان و ساڵەیی و ناوچەكانى دیكەش لە كۆنە كەلاوەى ئیستیتانە عەرەبە داگیركەرەكان نیشتەجێ بكرێنو لەو گوندانەش ئەوەى كوڕى گوێڕایەڵى حزب نەبێت، بە چاوى بێگانەوە تەماشا بكرێتو مامەڵەى لەگەڵدا بكرێت!!
ئەرێ بە كوڕو كچانى ئەم میللەتە هەشبەسەرەى ژێردەسەڵاتى خۆتان ناڵێن: ئێوە بە تەماى چینو دەتانەوێ چى لەم نیشتیمانە داگیرو دابەشكراوە بكەن؟
من لێرەوە وەكو رۆژنامەنووسێك ئەم گلەییە ئاراستەى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستانو حكومەت و پەرلەمان دەكەم كە بەرئەنجامى خوێنى شەهیدانى میللەتەكەمانن و خودى ئێمەومانانیش تەمەنى گەنجیمان خەڵاتى ئەم دۆزو پرسە پیرۆزە كرد.
تێبینى: چاوەڕوانى ئەوەبووم رێكخراوەكانى (كوردۆسایدو ئەنفالەكانى كوردستان و سەنتەرى ئەنفال و رێكخراوە پەیوەندیدارەكانى دیكەى تایبەت بە ئەنفال) ناڕەزایی دژى ئەنجامدانى ئەم بەزمە لەم رۆژەدا دەرببڕنو داواش بكەن كوردانى كەركوكی بایكۆتى ئەو تەعریبكردنەوەیە بكەن، بەڵام بەداخەوە لەوانیش هیچمان نەبینى!!
15/4/2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە