کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامەی ناڕەزایی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی كەركوك دژی دەسگیركردن و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسانی كورد لە باكووری كوردستان

Tuesday, 27/12/2011, 12:00


بەیاننامەی ناڕەزایی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی كەركوك دژی دەسگیركردن و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسانی كورد لە باكووری كوردستان
رۆژنامەنووسان.. رۆشنبیران..
خەڵكانی ئەهلی قەڵەم..
رژێمی داگیركەرو رەگەزپەرستی توركیا، ماوەیەكە جارێكیتر بەبەرچاوی رای گشتی ناوخۆو جیهانییەوەو لەژێر ناوی (كەجەكە) بوون، هەڵمەتێكی نامرۆڤانەو دوور لە بنەماكانی مافی مرۆڤ دژی رۆژنامەنووسانی كورد لە باكووری كوردستان پیادە دەكات، بەمەش جارێكیتر دەیسەلمێنێتەوە كە رژێمی ئاكپارتیش درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی كەمالیستەكانی توركیای سەرەتای سەدەی بیستەمن و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە هزریاندا نەهاتۆتەئاراوە.
ئێمە ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی شاری كەركوك، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆمان دژی ئەو گرتن و زیندانیكردنانەی كە دەرهەق بە رۆژنامەنووسانی كورد لە باكووری كوردستان بەڕێوەدەچێت، دەردەبڕین، داواش لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و ئەهلی قەڵەمی كەركوكی دەكەین كە لە بەرامبەر ئەو تاوانە دژە مرۆییانەی رژێمی ئاكپارتی بێنەدەنگو لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی سەرشانیانەوە هەڵوێست بنوێنن.
جێگای ئاماژەیە كە ئەو رەشبگیرییەی رژێمی توركیا لە باكووری كوردستان، هەر رۆژەو بە پاساوێك، دژی نەتەوەكەمان ئەنجامی دەدات، جگە لەوەی پێشێلكارییەكی رەهای مافەكانی مرۆڤەو دەرخستنی رووی راستەقینەی ئەو رژێمەیەو وەكو (رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور)یش كە بارەگاكەی لە پاریسە، سەرسووڕمانی خۆی لەو چوارچێوەو شێوازە دەربڕیوە كە توركیا دژی رۆژنامەنووسان پیادەی دەكات، بەوەی ئەوجۆرە رەفتارە لە وڵاتێكی دیموكراتیدا جێگای نابێتەوە. ئەم گرتنانەش وا دەكات كە توركیا ببێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆرترین رۆژنامەنووسیان زیندانی كردووە.
هەڵمەتی دەستبەسەركردن و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان و هێرشكردنە سەر نووسینگەكانی ئوزگور گوندەم و ئاژانسی دیجلەو رۆژنامەی ئازادیا وەلات، ئەوە دەگەیەنێت كە ئەردۆغان و رژێمی ئاكپارتی دەیانەوێت رۆژنامەنووسان لە توركیادا دەستەمۆو بێدەنگ بكەن.
تێكڕای ئەم هەڵمەت و پەلامارانەی رژێمی ئاكپارتی بۆ سەر رۆژنامەنووسان لەكاتێكدایە كە تا ئێستا زیاتر لە (8) هەشت جار خودی كەجەكە تاك لایەنانە بڕیاری ئاگربەستی لەگەڵ رژێمی توركیا راگەیاندووە، بەڵام ئەو رژێمە لە روانگەی یەك گەل و یەك زمان و یەك ئاڵاوە مامەڵە لەگەڵ رەوتی رووداوەكاندا دەكات، كە ئەمەش دوورە لە بنەماكانی مافی مرۆڤو یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە.
جارێكی دیكەش ناڕەزاییو نیگەرانی خۆمان لە هەمبەر ئەو سیاسەتە دوژمنكارانەیەی رژێمی توركیا دەردەبڕین و داوای ئازادكردنی سەرجەم رۆژنامەنووسانی دەستبەسەرو زیندانی دەكەین.


1. لەتیف فاتیح فەرەج. 2. رابەر رەشید. 3. دانا عەسكەر.
4. لالۆ رەنجدەر. 5. فرمێسك خدر رەشید. 6. سلاحەدین ساڵەیی.
كەركوك
25/12/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە