کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆشنبیرانی حزب له‌ كه‌ركوك ، به‌ نیازی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی ترسناكن!!

Thursday, 14/11/2013, 12:00




ماوه‌یه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك رۆشنبیری حزب له‌ كه‌ركوك، به‌تایبه‌تی سه‌ربه‌ هه‌ردوو حزبی (یه‌كێتی و پارتی) ده‌ستیانداوه‌ته‌ چه‌له‌حانێیه‌كی بیزه‌نتییانه‌ مشتومڕی بیزه‌نتیانه‌، واته‌ دوو لایه‌ن مشتومڕی به‌رده‌وام بكه‌ن، بێئه‌وه‌ی هیچ كامێكیان لایه‌نه‌كه‌یتر قایل بكات، یان بێئه‌وه‌ی هیچیان بۆ ئه‌وه‌یتریان دابێنن، جا سه‌رنج و بۆچوونه‌كانیان نه‌رێنی بن، یان ئه‌رێنی. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ناهاوسه‌نگی هزری لای یه‌كێكیان، یان هه‌ردووكیان، كاتێكیش به‌ ئاگادێن، له‌وانه‌یه‌ هه‌ردوولایان زیانیان پێكه‌وتبێت-، زۆر به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و براده‌رانه‌ به‌جۆرێك تیروشیر له‌یه‌كتری هه‌ڵده‌سوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوژمنی باوه‌كوشته‌ی یه‌كتری بن!!
زۆر ده‌مێكه‌و له‌ چه‌ندین نووسینی دیكه‌مدا ئاماژه‌م به‌ رۆڵی قێزه‌ون و تێكده‌رانه‌ی حزب له‌ شاری كه‌ركوك داوه‌و كتێبی "خه‌مه‌كانی كه‌ركوك"م، كه‌ (64) بابه‌تی له‌خۆگرتووه‌، زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری بابه‌ته‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ خه‌راپه‌ی حزبه‌ له‌م شاره‌ هه‌شبه‌سه‌ره‌دا. ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا ئه‌و براده‌ره‌ رۆشنبیرانه‌ی حزب ده‌یكه‌ن، گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕێكی ترسناكه‌ له‌ باره‌گا حزبییه‌كانه‌وه‌ بۆ نێو ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن و له‌وێوه‌ش به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست بۆ ناو جه‌ماوه‌ره‌ به‌شمه‌ینه‌ت و خێر له‌خۆنه‌دیوه‌كه‌ی كه‌ركوك. ئه‌میان دێت: هێڵێكی چه‌پ و راست به‌سه‌ر ته‌واوی مێژووی كارو چالاكیی ئه‌وه‌یتردا ده‌دات و خۆی وا نمایش ده‌كات كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ تاقانه‌ دڵسۆزو خه‌مخۆره‌كه‌ی كه‌ركوكه‌، كه‌چی راستییه‌كه‌ی هیچیان (نه‌ یه‌كێتی و نه‌ پارتی)ش ئه‌و حزبه‌ تاقانه‌ دڵسۆزه‌ نین كه‌ له‌خه‌می ئاینده‌ی كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كاندابن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌سه‌ر شانۆی ئازاره‌كانی كه‌ركوك نمایش ده‌كرێت، گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕێكی ساردی پارێزگاكانی سنووری حكومه‌تی سێ پارێزگاكه‌ی دیكه‌ی هه‌رێمی باشووری كوردستانه‌ بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام چۆن شه‌ڕێك؟ شه‌ڕێك كه‌ جگه‌ له‌ ناشیرینكردنی خۆیان و تۆماركردنی مێژوویه‌كی ره‌ش بۆ خۆیان هیچی دیكه‌ی لێ شین نابێت، چونكه‌ كه‌ركوك زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ بكرێته‌ بووكه‌ڵه‌ی ده‌ستی دوو حزب و له‌ ئێستاشدا چه‌ند كه‌سێكی هه‌ردوولا بۆ ده‌رخستنی خۆیان و گه‌رمكردنی گیرفان و شڵه‌ژاندنی دۆخه‌كه‌ كه‌ خۆی دۆخێكی وێرانه‌یه‌و شایانی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌، ده‌ستیان به‌و گه‌مه‌ نالۆژیكییه‌ كردووه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی رۆشنبیرانی حزبی و ناحزبیی شاره‌كه‌ له‌ خه‌می داڕشتنی پرۆژه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی هزری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای كه‌ركوكیدابن، كه‌چی هه‌ندێك له‌ رۆشنبیره‌ حزبییه‌كانی هه‌ردوولا سه‌نگه‌ریان له‌یه‌كتر گرتووه‌و به‌زه‌ییان به‌ شاره‌كه‌یاندا نایه‌ته‌وه‌!!. رۆشنبیرانی ده‌ره‌وه‌ی حزبیش كه‌ به‌ په‌نجه‌كانی ده‌ستێك ئه‌ژمار ده‌كرێن، جاروبار ئه‌گه‌ر نووزه‌یه‌كیشیان لێوه‌هاتبێت، ئه‌وا له‌ ده‌یان لاوه‌ ده‌یانجار بارته‌قای ئه‌و كه‌مه‌ نووزه‌یه‌یان هاواریان به‌سه‌رداكراوه‌و سه‌رزه‌نشت كراون، گوایه‌ ئه‌وانه‌ دژی ئارامی و ئاسووده‌یی و گه‌شه‌پێدانی شارن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌مه‌ی چه‌له‌حانێ بێزه‌نتییانه‌كه‌دا به‌رده‌وامن!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە