بۆ ئەوان رەوایە داگیرمان بكەن و بمناكوژن، بۆ ئێمە نییە بەرگری لەخۆمان بكەین!!
Saturday, 30/10/2010, 12:00
داگیركەرانی كوردستان بە عەرەب و تورك و فارسەوە، لەوەتەی دەستیان داری گرتووە، بەربوونەتە سەروپۆتەڵاكی ئەم نەتەوە ژێردەستەیەی كورد. ئەوە لاپەڕەكانی مێژوو شاهێدحاڵی كۆمەڵكوژی و دوژمنایەتیكردنی ئەم نەتەوەیەن و بۆ پیلانگێڕی دژی كوردو دۆزە رەواكەی تەنانەت درێغی لە دڕندانەترین پیلان و پلانیش ناكەنەوە. كەچی كاتێك لە پارچەیەكی داگیركراوی كوردستاندا، شۆڕشگێڕانی كورد بۆ بەدەستهێنانی سادەترین مافەڕەوا نەتەوایەتییەكانیان رادەپەڕن، یان لە شاخدا سەنگەر دەگرن، ئیدی قیامەت رادەبێ و ئەمریكای زلهێزو ئەوروپای بەناو دیموكراسی دەكەونە قژ ڕنینەوەو شیوەنكردن، گوایە كوردان تیرۆریستن و بە ناڕەوا بەگژ عەرەب و تورك و فارسدا دەچنەوەو بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوین دەشێوێنن و رێگە لە سەقامگیربوونی هەنگاوە سەرەتاییەكانی دیموكراسییەتی بۆرژوایی دەگرن، كەچی لە هەمبەر تاوانەكانی داگیركەران و پەلامارە كۆمەڵكوژی و دوژمنایەتییە لە مێژینەكانیان و داگیركردنی خاكی كوردان، متەقیان لێنایەت و هەر مێشیشیان مێوان نییە!!. بەلای ئەمریكاو ئەوروپای بەناو دیموكراسییەوە، زۆر ئاساییە كوردان قڕ بكرێن و خاك و زێدیان داگیربكرێت، لێ نابێ كوردان بۆ بەرگری لەخۆكردن و مانەوەی خودی خۆی رێگای شیاوی خەباتی گونجاوی سەردەمانە هەڵبژێرێت و بەرگری و داكۆكی لە بوونی خۆی بكات، خۆ ئەگەر كارێكی وایكرد، ئیدی ئەوە تیرۆریستەو پبَویستە وەكو تیرۆریستیش مامەڵە لەگەڵ دۆزە رەواكەیدا بكرێت. خەباتی ئەمڕۆكەی چەكداری لە باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان، وەڵامدانەوەی ئەو كوردقڕان و پیلانە دوژمنكاری و هۆڤێتییانەی ئەو داگیركەرانەیە. ئاخر لە باكووری كوردستان كوردێك رێگەی ئاخاوتنی بە زمانی نەتەوەكەی خۆی لێ قەدەغە بكرێت و لەبەردەم دادوەری دادگا سەركوتكەرەكانی كەمالیستە كۆن و تازەكانیشدا، نەتوانێ بە هەمان زمانی زگماكی خۆی بەرگری لە كەسایەتیی نەتەوایەتیی خۆی بكات، ئەی بۆ تاوانە ئەگەر بەشێكی ئەو نەتەوەیە، پەنا بۆ چەك ببات و وەكو ئەوان تەڕو وشك پێكەوە بسووتێنێت، كە هەرگیز تا ئێستا لە یەك شۆڕش و راپەڕینی چەكدارانەی كورددا، تەڕو وشك پێكەوە زیزیش نەكراون. زۆرم سەیر بە ئەقڵی ئەو كەسانە دێت كە بانگەشەی ئەوە دەكەن، ئێستا باوی شۆڕشی چەكداری نەماوە، دەباشە ئەو شارەزایانەی بواری جەنگ و شۆڕش و پرسی ژێردەستەی نەتەوایەتیی نەتەوەی كورد، لە بەرامبەر دڕندایەتی رژێمی ئاكپارتی و ئاخوندەكانی ئێران چی بكەن و روو لە كوێ بكەن و چۆن و بە چ رێگایەك بەو رژێمە هاروهاجانە بسەلمێنن كە مافە زەوتكراوەكانمان بدەنەوەو خاكی داگیكراومان چۆڵ بكەن، بەڵكو ئێمەی كوردیش وەكو مرۆڤ لەسەر خاكی خۆماندا بە ئارامی بژین، ئەی كە لە جیاتی ئەوە زیندانەكان پڕ بكەن لە لاوان وپیرو كەنەفتەكانی ئەم نەتەوەیەو راوەدووی منداڵان بنێن و لە بەندیخانەكانیان توند بكەن، بەلای ئەمریكاو دونیای بەرژەوەندخوازەوە ئاسایی بێ و پەنابردنە بەر چەكی ئێمەش لەپێناو مانەوەماندا تیرۆریستی و كاڵفامی و نەخوێندنەوەی لۆژیكییانەی هەلومەرجە جیهانگەراییەكە بێت، ئەمە چ ئەقڵ و لۆژیك و زانستێكی كۆمەڵایەتی ئەم مەتەڵەی پێ هەڵدێت و راشكاوانە رێگای رزگاریی نەتەوایەتیمان نیشان دەدات، ئەرێ وەڵام هەر چەك و قەندیل و گەریلاو خەباتی نەپساوەو درێژخایەنی شاخ نییە؟. ئەوا گریمان پێنج و دوو رۆژێكی دیكە لەم باشووری كوردستانەش عەرەبی شیعەو سوننە دژی كوردانی باشوور یەكیان گرت و هێزێكی وەكو حەرەس قەومییەكەی بەعسییەكانی (1963)یان پێكەوەناو بانگەوازی كوردقڕانیان كرد، ئەرێ تۆ بڵێی دەستدانە چەكی ئێمەی كورد لە باشوور كاڵفامی و دژی مۆدێرنیتەو جیهانگەرایی بێت؟، یان پرسێكی دیكەیەو كورد وتەنی: هەویرێكەو ئاوی زۆر دەوێت؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست