با بە هەموومان (ئەستۆپاكی)ی دادگایی بۆ شەهید (شێخ مەعروف بەرزنجی و هاوڕێكانی) بگەڕێنینەوە
Monday, 15/11/2010, 12:00
زۆر دەمێك بوو لە خەمی ئەوەدابووم دەرفەتێكم بۆ بڕەخسێت، بابەتێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بایەخی پۆلێك شەهیدی كەركوكی بۆ رای گشتی و بەرپرسانی دڵسۆزی نەتەوەكەم بورووژێنم، بەو هیوایەی لێی بێینەدەنگ و چیدیكە مێژووی ئەو پۆلە شەهیدەی دژی چەوساندنەوەو زوڵم و ستەمی ستەمكاران بەوجۆرە نەمێنێتەوەو ئەوان كە لە پێناوی مافە رەواكانی مرۆڤە چەوساوەكانی ئەم میللەتە سەربەرزانە چوونە بەرپەتی سێدارەو گیانی خۆیان كردە قوربانی دۆزی رەوای چینایەتی گەلەكەیان، پێویستە بەوپەڕی پشودرێژییەوە بەدوای وەرگرتنەوەی (رد الاعتبار)ی ئەو پۆلە شەهیدەدا بچین و بە بڕیاری دادگای باڵاو (مەرسومی) كۆماری، تۆمەتی خائین و نۆكەری بێگانەو ئاژاوەچی و كۆمەڵێك ناوو دەستەواژەی ناشایستە بەو پۆلە شەهیدە لە مێژووی دادگای عێراقدا بسڕینەوەو ئەستۆپاكی ئەو شەهیدانە بۆ مێژوو تۆمار بكەینەوەو نەوەكانی ئێستاو داهاتووش بزانن كە ئەو پۆلە شەهیدە، خائین و ئاژاوەچی و گێرەشێوێن و نۆكەری ئیستیعمار نەبوون وەك ئەوەی دادگای ئەوكاتەی بەعسییەكان لە ساڵی 1963دا بەو دەستەواژانە تاوانباری كردن و لە (23/6/1963)دا لە سێدارەیدان، هەر لێرەوەش داوا لە شێخ سامانی كوڕی شەهیدی چەوساوەكان شێخ مارفی بەرزنجی دەكەم كە هەوڵ و بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە گرنگە بكات چونكە دڵنیام پێی دەكرێت- دوای زیاتر لە (47) ساڵ لە شەهیدبوون و لە سێدارەدانی شێخ مارف بەرزنجی و (27،یان 28) هاوڕێكەی دیكەی، بتوانرێت لە رێگەی دادگاوە (ئەستۆپاكی- رد الاعتبار)یان بۆ بگەڕێنرێتەوەو ئەو پۆلە شەهیدە وەكو شەهیدانی سەربەرزی گەل بێنە تۆماركردن و ناساندن و لە رۆژی شەهیدبوونیشیاندا بەشێوەیەكی شایستە یادیان بكرێتەوەو رێز لە خەبات و قوربانیدانیان بگیرێت.
هەرچەندە لە دیداری شەهیدی رۆژنامەنووس شێخ مارفی بەرزنجی كە لەلایەن لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و بە هاوكاری بنەماڵەی شەهید شێخ مەعروفی بەرزنجییەوە لە رۆژی (25/4/2009) سازدراو تیایدا كۆمەڵێك توێژینەوە لەسەر بەرهەمە رۆژنامەنووسی و ئەدەبییەكانی شێخ مارف پێشكەش كران، هەر لەوێ هێژا (مامۆستا عەلی زەنگنە) راشكاوانە ئەوەی راگەیاند كە خودی خۆی داوای لە سەرۆكی كۆماری عێراق، سەرۆك مام جەلال كردووە كە هەوڵی وەرگرتنەوەی (رد الاعتبار)ی ئەو پۆلە شەهیدە سەربەرزەی گەلەكەمان لە رێگای دادگای باڵاوە وەربگیرێتەوەو وەكو شەهیدانی سەربەرزی گەلەكەمان لە لاپەڕە فەرمییەكانی مێژووی عێراقدا ناویان تۆمار بكرێت و رێزی شایستە بە خۆیانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.
ئەوەش دووپات دەكەمەوە كە ئەم داواكارییە شیوەن نییە بۆ مردووەكان، بەڵكو دڵسۆزییەكە بۆ ئەو مرۆڤە بە هەق مرۆڤانەی كە وەكو شێخ مارف لە وەسییەتنامەكەیدا شەوی پێش لە سێدارەدانی نووسیویەتی و لە بەشێكیدا دەفەرموێ: " بە ناهەق لە سێدارە درام، لێ بە شەرافەتمەندانە ژیام و بە شەرافەتمەندانەش دەمرم".
تكام وایە دڵسۆزانی گەلەكەمان، ئەوانەی خەمخۆری دۆزی رەوای نەتەوەكەمان و تۆماركردنی مێژووە پڕ لە شكۆدارییەكەیین، با ئەم داوایە بەهەند وەربگرن و بە هەموومان بتوانین دوای زیاتر لە (47) ساڵ لە ئیدانەكردنی ئەو پۆلە شەهیدە سەربڵندە لەلایەن دادگای عێراقیی ئەو سەردەمەوە، نازناوی شەهیدانی گەل، شەهیدانی مافی مرۆڤە چەوساوەكان، شەهیدانی دژ بە زوڵم و ستەمی داگیركەران، شەهیدانی شكۆمەندی كوردستانیان بۆ بگەڕێنینەوە، تاكو بۆ زیندووەكان ببنە مێداڵی خۆڕاگری و دڵسۆزی و ئەمەكداری.
كەركوك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست