دەبى بەڕێز (تۆفیق كەریم) لە چ روانگەیەكەوە گومان لەسەرPKK ە دروست بكات؟!
Wednesday, 16/12/2009, 12:00
كەركوك
بابەتێكى كاك تۆفیق كەریم سەرنووسەرى رۆژنامەى كۆمەلأ- لە كوردستان نێتى سێشەممە 15ى كانوونى یەكەمى 2009 سەرنجى راكێشام. بەر لەهەر شتێك ئەوپەڕى رێزم بۆ بۆچوونەكانى ئەو بەڕێزە هەیە، بەڵام پێشم سەیر بوو كە كوردێك لەم باشوورى كوردستانەدا هەبێ، بەتایبەتى برادەرانى كۆمەڵ كە خۆیان بە رادیكاڵ و دژى زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەى نەتەوەیەك لەلایەن نەتەوەیەكی دیكەوە دەزانن، ئەوەندەى من ناسیبێتیانم، وا بیەوێ شتێك بڵێ كە تەواو دژى هەڵوێست و بۆچوونەكانى زۆربەى هەرەزۆرى گەلەكەمانە، لەسەرجەم پارچەكانى كوردستان. لێ وا دیارە كاك تۆفیق هەڵوێستى ئەم چەند رۆژەى روناكبیرو رۆژنامەنووس و نووسەرو رێكخراوو حزب و لایەنەكانى پارچەكانى كوردستان و بەتایبەتیش باشووى كوردستان، ئەوى نیگەران كردبێ كە تێكڕاى ئەو خەڵكە بە هەڵوێستە، خودى ئەردۆگان و پارتەكەى بە تاوانبارى سەرەكى ئەم دۆخە دژوارە دەزانن، نەك PKK وەك ئەو بۆى چووە. ئەوەى زۆر سەیرە ئەوەیە كە كەسێكى رۆژنامەنووس و ئاگادارى پرسى رەواى كورد لە باكوورو ئەو پشوودرێژییەى كە PKK بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەى رابردوو لە هەمبەر دڕندەیی رژێمە یەك لەدواى یەكەكانى توركیا نواندوویەتى، -كە دەچێتە خانەى سەبرى ئەیووبەوە- ئەگەر لە روانگەیەكى شۆِڕشگێڕانەوە سەرنجى بدەینێ-. لەوەش سەیرتر بۆچوونى كاك تۆفیقە كە بە چاوێك لە PKK دەڕوانێت، وەك ئەوەى ئەویش وەكو زۆرێك لە حزبەكانى باشوورى كوردستان هاتبێتنە سەر حازرەكى!!.. ئاخر برا خۆ چ من و چ تۆو بەڵكو هەر هەموومان باش دەزانین كە PKK چ داهێنانێكى لە زیندووكردنەوەى گیانى شۆڕشگێڕىو نەتەوایەتیی لاى كوردانى باكوورو هەتا بەشە داگیركراوەكانى دیكەش خوڵقاندووە، كە ئێمەى كورد لە باشوور بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵى خەباتە، نەمانتوانیوە بیخوڵقێنین، واقعى حاڵى ئێستاى باشووریش گەواهیدەرێكى راستەقینەى ئەم قسەیەى منە.
ئاخر برا چ خودى ئۆجەلان لە ئیمیرالی و چ ئەو گەریلایانەى چەكى پاراستنى شەرەفیان لەشانەو چ ئەو منداڵە كوردەى بەدەستى پیاوە دڕندەكانى میت و پۆلیس و جەندرمەوە بە زەویدا رادەكێشرێ و چ ئەو كچە گەریلایەى كە لە سەنگەرى بەرەنگاربوونەوەدا گیانى دەكاتە قوربانى گەلەكەى و چ ئەحمەد تورك و چ ئامینە ئایناو چ لەیلا زاناى شێرەژن و هەزارانو ملیۆنان كوردى باكوور و هەتا خودى DTPەش، هەر هەموویان بەشێكى جیانەكراوەن لە جەستەو پێكهاتە هزریو رۆحییەكەى PKKە.
ئەرێ باشە كاك تۆفیق، خێرە بەڕێزت وا لەم ساتە ناسكەدا سینگ بۆ ئەردۆگان و حزبەكەى دەكوتیت و بە پاڵەوانى ئاشتیی توركیاى دادەنێیت؟!
ئەرێ هەر ئەو AKP ەیەى ئەردۆگان و گول نییە، ساڵانێكە دۆزەخى بۆ كوردانى باكوور سازداوەو لە سادەترین مافە سیاسیو دیموكراتییەكان بێبەشى كردوون؟!.. ئەرێ هەر حزبەكەى ئەرۆدگان نییە، جۆرەها پیلان و پلان دژى كوردانى باكوور دادەڕێژێو فشاردەخاتە سەر هەرێمى كوردستان و سووریاو ئێران بۆ لێدانى كوردو PKK؟!، یان تۆ لە روانگەى حزبێكى هاوپەیمانەوە لە سیاسەتى (خێرت پێدەكەم، دەبێ لێمى قەبووڵ بكەیت)ەوە لە دۆزى رەواى گەلەكەت ئەگەر بە گەلى خۆتیان بزانی دەڕوانیت؟!
تۆ بڵێى ئەم هەزارەها خەڵك و حزب و رێكخراوە نێوخۆو نێودەوڵەتیانەى كە ئیدانەى ئەو بڕیارەى دادگاى توركیاو AKP دەكەن و بە پێشێلكردنێكى رەهاى مافى مرۆڤ و ستەمى سیاسی و نەتەوایەتیی دەزانن، هەر هەموویان هەڵەبن و تەنها بۆچوونەكەى تۆ راست بێت، لەوەى بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ دەتەوێ بڵێیت: ئەوە توركیاو AKP ە نین كە پرسى كوردیان لە باكوورى كوردستان دووچارى ئەو گێژاوە كردووە، بەڵكو ئەوە PKKەیە، سیاسەتى چەوت دەكات و نایەوێ گەل ئارام و ئاسوودە بێت و AKPەو ئەرۆدگانیش خاوەن بەزەیی و كەرەمن!! ئەو پرسیارانەى لاى بەڕێزتیش گوایە لەسەر PKK لات دروست بوون پێموایە، لە رونگەیەكى دیكەوەیە كە هیوادارم وا نەبێت. هەر لێرەشەوە پرسیارێكت لێ دەكەم، بەس تۆ گەورەیی پیشەى نووسین بە راشكاوانەوە وەڵام بدەرەوە: ئەگەر AKPە حزبێكى شیوعی بوایەو PKKەش حزبێكى ئیسلامى و دۆخەكە لەهەمان بارى ئێستادا بوایە، ئەو بۆچوونەى ئێستات دەبوو، یان پێچەوانەكەى؟
بەڕاستى مایەى نیگەرانییە كە جیاوازییەكى لەو چەشنە لە هزری كەسە رووناكبیرو رۆژنامەنووسە بڕیار بەدەستەكان دەبینم: بۆ وەڵامدانەوەى رۆكێتێكى ئیسرائیلى كە ئاراستەى فەلەستینى دەكات، دێنەدەنگ، لێ وا بەبەرچاوى میدیاكانى دونیاوە، شارەكانى باكوور خرۆشاون و جەندرمەو پیاوە قامچى وەشێنەكانى AKPە، لە ماڵان و كۆڵانان وەربوون و پەلامارى گەورەو بچووك دەدەن، كەچى كاك تۆفیق دەیەوێ، ئاراستەى دۆزەكە بە ئاقارێكدا بەرێت، كە لەگەڵ واقعى حاڵ ئاسمان و رێسمانیان نێوانە. دڵنیاشبە سویچى ئاراستەكردنى شۆڕشى باكوورى كوردستان لەدەستى بێگانەدا نییەو رۆژانی داهاتووش سەنگى مەحەكى قسەكانمان دەبن.
لە كۆتاییشدا هیوادارم كاك تۆفیق ئەم بۆچوونانەم بە گیانێكى وەرزشیانە وەربگرێت و بە زمانێكى وەرزشیانەش وەڵامم بداتەوە، ئەگەر وەڵامى هەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست