کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تا حزبییەكان بڕیار بەدەست و حزبیش لەسەرووى گەل و نەتەوەوە بێت، دواڕۆژمان لەوە باشتر نابێ!!

Saturday, 21/11/2009, 12:00


ئێمەى كورد، چ وەكو خەڵكە خاكىو چ وەكو سیاسەتمەدارانو چ وەكو رۆشنبیرو هەتا رۆژنامەنووسانیشمان لە باشوورى كوردستان، بە شێوەیەكی گشتی، هەمیشە كوشتەى دەرئەنجامەكانینو زۆر بە كەمى نەبێ، ئەگینا هۆكارەكان ناخوێنینەوە، كەچى وەكو هەر تاكێكى هەتا نیمچە هۆشیاریش دەزانێت كە دەرئەنجامەكان لەدایكبووى هۆكارەكانن، لێ تا ئێستا ئەو پەتایە بەرینەداوین و بەردەوامین لەسەرى و كاتێكیش لێمان قەوما، ئینجا خەڵكانی دیكە بە تاوانبارو نمەك حەرام و دوژمن بە كورد ناوزەد دەكەین، هەرچەندە پێشتر و بەهۆی ئەزموونى تاڵو زۆروزەبەندمانەوە لەگەلأ ئەوانەى دژو دوژمن بە كوردن، لەو لایەنەوە ئاشناین و لەخۆیان چاكتریان دەناسین، كەچى هەتا لێمان نەقەومێ، وەخۆناكەوین و نققەمان لێوەنایەت!!، كە ئەمە نەخۆشییەكى كوشندەیەو پێویستە هەر تاكێك لە ئێمە درك بەم راستییە بكات و خۆى لێهەڵەتە نەكات.
كێ لە ئێمە، هەر لەگەڵ رووخانى بەعس و ئەو وەرچەرخانە مێژووییەى لە عێراقى دواى سەدام و رژێمە ئەنفالچییەكەى هاتەكایەوە، هاوارى ئەوەمان لێهەڵنەستا كە با بە بەڵێن و وادەى زارەكى ئەوانەى خۆیان بە برا گەورەمان دەزانن و هەمیشە عێراقیش بە بەشێك لە نیشتیمانی دایكى عەرەبییان دەزانن، باوەڕ نەكەین و كارێكى وا بكەین بۆ مسۆگەركردنى گرەنتى ئایندەو رێگەگرتن لە پاشگەزبوونەوەیان لە وادەو بەڵێنە زارەكییەكانیان خەڵكانى دەرەوەى خۆیان و یوئێن و دامودەزگا جیهانییەكان بخەینە نێوانەوە، تاكو كۆنكریتییانە ئاییندەى خۆمان دابڕێژین، بەڵێ هەر كەسێكت دەهێنایە ئاخاوتن، هەمان مەرج و راوبۆچوونى هەبوو، لێ لەبەرئەوەى حزب بڕیارى رەهاى بەدەستبوو، حزبییەكانیش حاكمى موتڵەقى ئەم نیشتیمانە دابەش دابەشكراوەبوون و تا ئێستاش هەر بڕیارى ئەوەل و ئاخیر خۆیانن، بۆیە بەدەر لە بۆچوون و خواستى ئەوان، راوبۆچوونى هیچ كەس و لایەن و دڵسۆزێك سەنگى لە كولەكەى تەڕیشدا نەبوو. سەرجەم رێككەوتن و گفتوگۆو بڕیارەكان بەسەر جەماوەردا دەسەپێندران و ئێستاش هەر دەسەپێندرین و جەماوەر ئاگادارى هیچ شتێك نییە، تەنها ئەم چەند رۆژەى دوایی نەبێت، كە دەرئەنجامەكان هێندە بە ئازارو سوێ بوون، هاواریان لێهەستاو لەناكاو كەوتنەخۆ (دەستیانخۆش بێت، خۆزگە زووتر وەخۆدەكەوتن)، لێ پاشچى؟!، دواى ئەوەى ئەوان لە ماوەى ئەو (5) ساڵەى رابردوودا ژێراوژێرو بە ئاشكراش كاریان بۆ هەنووكە دەكرد، جارێكى دیكە ئەنجامەكان ئازاریان داینەوە، لە موسڵ مرۆڤەكان بە شێوەیەكى نائاسایی زیاد دەكەن و زۆر دەبن و پیاوان و ژنانى ئێمەش لە باشوورى كوردستان، دەرمانى نەزۆكى دەخۆنو خۆیان دەبەستن و پرۆسەى سێكسى و زێدەبوونى مرۆڤەكان لەكاردەوەستێت!!.. راستە ئەگەر سەرپێیی بیرى لێبكەیتەوە، سەیرت دێت، لێ بۆ كەسانێكى ناو هەناوى واقیعە حزبایەتییە تاڵەكە نە سەیرەو نە سەمەرەشە، چونكە ئەوە دەرئەنجامى ئەو هۆكارانەن كە سیاسەتمەدارانى ئێمەى كورد لە باشوورى كوردستان، كاتێك پێیشیان دەوتراو لەو مەترسییە ئاگاداردەكرانەوە، ئەوان چونكە بۆچوونەكان لەدەرەوەى جوغزى حزبایەتییەكەى خۆیان بوو، هەر نەیدەجولاندیشن!!.
لەدواى راپەڕینى بەهارى (1991)ەوە حزبایەتى بۆتە فۆبیایەكو وەكو وتەو بۆچوونە ئەفسانەییەكە مێردەزمەئاسا گونى خۆى بەسەر سەروملى تاكەكانى ئەم باشوورى كوردستانەدا شۆڕكردۆتەوەو تاكى كوردى لە پەلوپۆ خستووە، هیچ شتێك لەدەرەوەى چوارچێوەى حزبایەتى، نەك هەر حسێبى بۆ ناكرێت، بەڵكو بەچاوێكى دژو دوژمنداریشەوە شرۆڤەو راڤە دەكرێت و گەلێجاریش خاوەنەكەى بەر رەحمەتى حزب كەوتووەو هەڕەشەى شكاندنى قەڵەم و كامیراو كوژاندنەوەى مۆمى تەمەنیشى كراوە!!.
ئەم سیاسەتە چەوتەى حزب هەموو شتێكەو خاكو زێدو گەل و نەتەوەش قۆچى قوربانیی ئەو سیاسەتە كراون و هەموو شتێك مۆرو مۆڕیكانەى حزب ونجڕونجڕو لەباریەكى هەڵوەشاندۆتەوەو شیرازەى تێكداوە.
بۆیە، نەك ئەمجارە، ئەگەر ئەمە حاڵمان بێت و تۆزێك لە دەرەوەى جوغزو بەرژەوەندیی تایبەتی حزبی و پشكى حزبی و دەسەڵاتی حزبی و بڕیارى تاكڕەوانەى حزب دەرنەچین، ئەوە سبەینێی دۆزەكەمان زۆر لە ئێستا وێران و پڕ پاشاگەردانى و ماڵوێرانیتر دەبێت. ئەمە راستییەكە، نە دواخستن و نە شەرمیشى دەوێت و پێویستە هەر تاكێكى كورد لە باشووردا بە حزبی و نا حزبییەوە، ریزەكانى یەكێتیی نەتەوەییمان یەكبخەینەوەو بەرژەوەندییە باڵاكانى نەتەوەكەمان بخەینە پێش و سەرووى بەرژەوەندى و پشكى حزبییەوە. تۆ بڵێى بتوانین چڵكى حزبایەتى لەخۆمان داماڵین و بتوانین ئەم رەوشە ترسناكەى كە حزب بۆى دروستكردووین بەگیانێكى نەتەوەییانەى پێشكەوتنخوازانەى سەردەمییانەوە تێبپەڕێنین و ئەم دۆخە بگەیەنینە بەندەرى ئارامیی؟!، مەرجى سەركەوتن و بردنەوەى گرەوى ئەم دۆخە ترسناكە وێڕاى ئەوەى لە ئەستۆى سیاسەتمەدارانى كورددایە لە باشوورى كوردستان بەسەرجەم حزب و رێكخراوە سیاسییەكانییەوە، گرێدراوو پەیوەستى دەسبەرداربوونى سیاسەتمەدارانمانە لە بەرژەوەندیی حزبایەتی و پاوانكردنى دەسەڵات و گیرفان پڕكردن و هەڵپاچینى لقوپۆپى نەمامى دیموكراسیی راستەقینە كە خەریكە چەكەرە دەكات و دەبێتە ئەمرى واقیع! بەدەر لەمانە مەحاڵە لەم گێژاوە ترسناكە دەربازمان بێت و گرەوى نەتەوەییمان بەرینەوە.
كەركوك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە