دەست لە کوشتنی ڕۆڵەکانی گەل هەڵگرن
Friday, 22/12/2017, 21:58
تاقە مافی ئازادی ڕادەربڕین و ناڕازایی خەڵکی سیڤیل{مەدەنی} ڕاپەڕینە لە پێناوی هێنانەدی ئاواتەکانی و چاککردنی سیستەمی حوکمرانی .
دەسەڵاتی {خۆسەپاندنی هەرێمی کوردستانی} ئەو مافە بە ڕەوای خەڵکی کوردستان نابینی و هەر ڕۆژەی بە ناو و نیشانی جۆراوجۆر خەڵکی بە چەواشە دەبات و سینگی خەڵکیش دەکاتە نیشانەی چەکەکانیان .
لە کاتێکدا بەرانبەر دوژمنان هەردەم لەسەر چۆکن و هەرجارەی دەبنە سوارچاکی دەوڵەتێک ... پاش ئەوەی لەشکری بەغدا لە کەرکوک و ناوچەکانی تر دەریپەڕاندن وبۆ زیاتر سەرشۆڕکردنیان بۆ بڕیاڕەکانی بەغدا بۆخۆیان دەستی کەسانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و تورکیا و ئێران و ئەمریکا ماچ دەکەن بۆ ئەوەی {حەیدەر عەبادی} وەڵامیان بداتەوە کەچی گولـلـەی لە سینگی گەنجانی میللەت دەدەن و لە خوێنیان دەگەوزێنن .
تاقە چارەی ئەو حکومەتە شکست خواردوو کات بەسەرچووە ئەوەیە بەزووترین کات دەسەڵات بەجێ بهێڵی و کوردستان تووشی قەیرانی براکوژی نەکات و بەدەردی سوریا و لیبیا و یەمەن نەبات و شار و شارۆچکەکان وێران نەکات . چیتر خۆی سوک نەکات و {پۆزەکانی} بەغدا نیشانی خەڵکی نەدات بەسەرخەڵکی شارەکان نەفروشێت کە بەغدا داوای چارەسەر دەکات و لەشکر {جەیش} ڕەوانەی شارەکانی سلێمانی و ڕانیە و قەڵادزی و چەمچەماڵ بکات.
مامۆستایانی وڵاتەکەم ئەی پێشەنگی زانست و خوێندەواری .
ڕێگا بگرن لەو تێکدەرە ناشرینانەی دەزگای پاراستن و دەزگای زانیاری و حزبیەکان بۆ شێواندنی رەوتی ڕاپەڕین و بە هەدردانی مافەکانتان ، بۆیە لێژنەی سەرپەڕشتی کردن دامەزرێنن و ڕاپەڕین بکەنە ئەو وانەیە کە دەسەڵاتداری دز و مافیا و گەندەڵ ریسوابکەن و دەسەڵاتێکی دەست پاک و خزمەتکەری میللەت بهێننە بەرهەم و کە خەڵکی هەژار و دەستکورت بحەسێتەوە تێدا و مووچەی تەواوی فەرمانبەران و کارکەران بدەن بۆ ئەوەی باری ژیانی خەڵک ئاسان بێت .
قوتابیان ئەی گەنجانی وڵاتەکەم بەدەنگی مافخوراوان بڕۆن و ڕیسوای ئەو دەسەڵاتە بکەن کە دەیەوێت شکست بە شکست چارەسەربکات .
ئەی پێشمەرگەی قارەمان ئەی پۆلیسی خزمەتکاری میللەت چەکەکەت لە سینگی کەسانی خۆت مەکە و بڕۆن بەدەنگی میللەت و داواکاری یەکانیان بهێننە دی کە داواکاری ئێوە و ڕۆڵەکانتانە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانتان سەربەرزانەبێت. ئەوانەی ڕاپەڕین دەکەن کەسوکار و برا و خوشکی ئێوەیە بۆ بژێوی ژیانیان داوای مافەکانیان دەکەن .
داوابکەن لەو دزانە پارەی نەوت و داهاتی کوردستان بهێننەوە خەزێنەی دەوڵەت و یارمەتی خەڵکی بدەن .
دیارە ئەزموونی صدام حسین و زین العابدین بن علی و علی عبدالله صالح و حوسنی موبارەک و معمر القذافی لەبیرکەس نەچۆتەوە و دواڕۆژی هەموو دیکتاتۆر و داپلوسینەرەکان ئاوایە .
بژی ڕاپەڕین لە پێناوی هێنانەدی مافی خەڵک
فەهد گردەوانی 2017/12/22ستۆکهۆڵم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست