بۆ وەزیرى تەندروستى سەردانى كۆیە ناكات ؟
Thursday, 09/05/2013, 12:00
ئەگەر لە جیاتى 10 هەزار حەپى ئارتین كە لە نەخۆشخانەى گشتى كەلار دزرا , سەد ئەوەندە لە نەخۆشخانەكانى كۆیە بدزرێ , ئەگەر لە جیاتى كوێر بوون و نابیناكردنى 30 كەس كە لە هەولێر ڕوویدا , 300 كەس لە كۆیە كوێر بكرێ و نابینا بكرێ , ئەگەر كۆلێراو ئەنفلەوەندزاى باڵندەو بەرازو چى نەخۆشى پیس و سەخت و چارەسەر ئەستەم هەیە لە كۆیە بڵاو بێتەوە , هێشتا وەزیرى تەندروستى سەردانى ئەو شارە ناكات , ڕونتر و باشتر بڵێم ڕووى نیە سەردانى ئەو شارە بكات .
لە ماوەى نزیكەى دوو ساڵى دەست بەكار بوونى دكتۆر ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیرى تەندروستى هەرێمى كوردستان , تا ئێستا بۆ تەنها جارێكیش ئەو وەزیرە یەكێتى یە سەردانى قەزاى كۆیەى نەكردووە , ئەوە لە كاتێكدا پێشتر ناوبراو چەند ساڵێك بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتى كۆیە بووە و كارى پزیشكیشى لەو شارە كردووە ,
(وەزیرى تەندروستى بۆ سەردانى كۆیە ناكات) ؟ , ئەوە پرسیارێكە زۆر جار ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سەر ڕووپەڕى ڕۆژنامە و سایتە ئەلكترۆنیەكان ڕووبەڕووى وەزیرى تەندروستى (د . ڕێكەوت حەمە ڕەشید) دەكرێتەوە , دەتوانم بلێم بەشێك لەو كەسانە زۆر جار بۆ ئیحراج كردن یاخود بیر هێنانەوەى ڕووداوێكى ئابڕووبەرانەى جەنابى وەزیرە ئەو پرسیارە دەوروژێنن , كە من نامەوێ لەم نووسینەدا ووردەكاریەكانى باس بكەم و بۆ بەشى دووەمى نووسینەكەمى هەڵدەگرم , كۆییەكانیش ئەو ڕووداوە باش دەزانن و دواتر لە بڕیارێكى بوێر و مەردانەدا و لە سەر ئەو ڕووداوە , وەزیرى تەندروستى ئێستا و بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ئەوساى كۆیەیان شار بە دەر كرد .
پرسیارى (وەزیرى تەندروستى بۆ سەردانى كۆیە ناكات) , لەگەڵ هەڕەشەى دركاندنى چەندین نهێنى ترى ئابڕووبەرانەى جەنابى وەزیر لە لایەن كەسانێك كە بەشێك لەونهێنى و زانیاریانەیان لایە و لاى خەڵكى بە گشتى ناڕوونن , زۆرجار وەزیرى تەندروستى پێ ناچار كراوە كە بڕیارى نابەجێ لە بەرامبەر كەسانێكى دیارى كراو بە مەبەست پێ وەربگرێ .
قەزاى كۆیە تەنها 45 كم لە ناوەندى پارێزگاى هەولێر دوورە و سەر بە پارێزگاكەیە , بەڵام تاكو ئێستا بۆ جارێكیش وەزیرى تەندروستى لە ماوەى دەست بەكاربوونى لە دوو ساڵى ڕابردوو سەردانى ئەو قەزایەى نەكردووە تا لە نزیكەوە لە كێشە و كەم و كورتی و خزمەتگوزاریە تەندروستى یەكانى ئەو قەزایە بكۆڵێتەوە , لە برى خۆى (دكتۆر ئارام) بەڕێوەبەرى پێشووى تەندروستى كۆیەى كردۆتە ڕاوێژكارى و ئەو ئەركەى پێ سپاردووە ,
ئەوە لە كاتێكدا هەفتەى جارێك یان هیچ نەبێت دوو هەفتە جارێك جەنابیان سەردانى ڕانیە و قەڵادزێ دەكات كە 3 بەرامبەى كۆیە لە ڕانیە و قەڵادزێ دوورە , تەنانەت زۆر جار بۆ پشكنین و بەدواداچوونى نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستى یەكان و وەرگرتنى ئیجرائات خۆى لە سەر ڕاسپاردەى ئەو كەسانەى هەڕەشەى بڵاوكردنەوەى نهێنى یەكان لێكردووە هاتووە .
هۆكارى سەردان نەكردنى وەزیرى تەندروستى بۆ كۆیە , مێژووەكەى بۆ ساڵانى سەرەتاى 2000 دەگەڕێتەوە كە ئەوسا بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى كۆیە بووە , هیچ نەبێت پێویست بوو جەنابى وەزیر ئەگەر بۆ سپى كردنەوەى ڕووى ڕەشى خۆیى و ئەو كارە ئابڕووبەرانەى ئەوسا ئەنجامى دا , یاخود وەك داواى لێبوردنێكیش بێت , پێویست بوو هیچ نەبێت وەك باقى قەزاو ناوچەكانى تر سەردانى ئەو قەزایەشى بكردایە , و خزمەتگوزارى زیاترى تەندروستى بۆ دابین بكردایە .
بەڵام چى دەوترێ لەگەڵ دەسەڵاتێك یان حكومەتێك كە تا بینەقاقاى پڕ بووە لە گەندەڵى و نادادپەروەرى و حیساب نەكردن بۆ سەروەرى یاسا و سوكایەتى كردن بە بەهاكان .
لە حكومەتێكى ئاوا شێوەدا تەنها بە باش زانین و پەسند زانینى ئەو جۆرە كەسانە ڕەواجى هەیە , ئاخر جەنابى وەزیر پیشەى پزیشكى بەر لەوەى كارێكى پیشەیى و مرۆیى بێت , كارێكى ئەخلاقیشە ,
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست