عومەر فەتاح و دكتۆرمحەمەدخۆشناو بەرپرسن لەو هەشت ملیار دینارەى تەندروستى ڕانیە .
Sunday, 04/10/2009, 12:00
بەپێیى ڕاپۆرتێكى ترى دیوانى چاودێرى دارایى كەكۆپیەكى كەوتۆتە دەست ڕۆژنامەى ئاوێنە خەرجى ساڵێكى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە (هەشت) ملیاردینارە. نووسراوەكەى چاودێرى دارایى دەڵێ بەشێكى ئەم بڕە پارەیە بەشێوەیەكى نایاسایى خەرجكراوە كەدەچێتە خانەى تەزویر و ئیختلاسەوە ، لەژمارە 191 ى ڕۆژنامەى ئاوێنەى بەروارى 29 / 9 / 2009 لەلاپەڕە 9 ، ناوەڕۆكى ئەم ڕاپۆرتەى چاودێرى دارایى بڵاوكردۆتەوە كەهەمووى ئى سەردەمى ئیدارەى سلێمانیە كەعومەر فەتاح سەرۆكى ئیدارە گەندەڵەكە بووە و دكتۆرمحەمەدخۆشناویش وەزیرى تەندروستى بووە .
بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە یەكێك بوو لەو بەڕێوبەرایەتیانەى بەشایەدى هەموو خەڵكى ڕانیە و كارمەندانى تەندروستى سنوورى ڕانیە بەتایبەتى و بیتوێن بەگشتى زۆرترین كات وەزیرى تەندروستى ئەوسا محەمەد قادر خۆشناو لێرە بووە لەڕانیە و لەم بەڕێوبەرایەتیە . بەشێوەیەك هەموو ڕۆژانى پێنج شەمە و هەینى جەنابى وەزیر خۆى دار و دەستە دزەكەى لەسنوورى ئەم بەڕێوبەرایەتیە بوون ، وەهەموو پڕۆژە و تەندەرەكانى ئەم بەڕێوبەرایەتیەش لەلایەن براكانى و ئامۆزاكانى و خزمەكانیەوە دەكران بەشێوەیەك لەماوەیەكى زۆر كورتدا حەمەخۆشناو لەسنوورى بیتوێن و ڕانیە بوو بەخاوەنى دەیان كۆشك و خانوو و كارگەى بلۆك و دەیان پارچە زەوى جگەلەوەى سەرجەم مووچەى پاسەوان و شوفێر و باخەوانەكانى خانوو و باغ و باخچەكانى بەهۆى نزیكى گوندەكەى لەڕانیە و لەم سنوورە لەم بەڕێوبەرایەتیە وەریان ئەگرت جگە لەو سووتەمەنیە زۆرەى لەم بەڕێوبەرایەتیە دەبرا بۆ پڕۆژە و سەیارەكان و ماڵەكانى خۆشناو ، بۆیە من بەڕاى خۆم وەك كارمەندێكى تەندروستى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە دەڵێم بەرپرسیارى یەكەم لەبردن و سەرفكردنى ئەم پارە خەیاڵیە خودى عومەرفەتاح و دكتۆرمحەمەدخۆشناون نەوەك چەند كارمەندێكى داماوى ئەم بەڕێوبەرایەتیە كەلەڕاپۆرتەكەدا ناویان هاتووە .
وەدەستەى چاودێرى دارایى لەڕاپۆرتەكەیاندا هۆكارى ئەم كەم و كوڕیانەیان گەڕاندۆتەوە بۆ چاودێرى نەكردنى ئەم فەرمانگەیە لەنزیكەوە لەلایەن دیوانى وەزارەتى تەندروستی ئەوساوە كەئەمە باشترین بەڵگە و دەلیل و ئیسپاتە بۆ شەریك بوون و دەست هەبوونى خودى وەزیرى ئەوساى تەندروستى محەمەدقادرخۆشناو لەدزى و گەندەڵیەكانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست