کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نا بۆ بچووك كردنەوەى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە، پەیامێك بۆ ڕاى گشتى

Monday, 15/04/2013, 12:00





خەڵكى بەپەرۆش و دڵسۆزى ڕانیەو قەڵادزێ و بیتوێن و پشدەر لەهەمووچین و توێژەكان ، ماوەى چوار ساڵە لەشارى ڕانیە سەنتەرێكى خزمەتگوزارى تەندروستى گرنگى وەك سەنتەرى گورچیلەى دەستكرد بەهەوڵ و هیمەتى خەڵكى دڵسۆز كراوەتەوە كەخزمەتێكى بێ وێنە بەو سنورەو بەتووشبووانى نەخۆشیەكانى لەكاركەوتن و سستى گورچیلە دەكات ، بەڵام بەداخەوە بۆ ساڵێك دەچێت (دەستێكى دیارى ئاشكرا) لەبەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە هەرڕۆژەو بەبیانوویەكى لاواز لەپێناو دامركاندنەوەى ڕق و كینەى كەسیان بەرامبەر بەكەسانێك كەلەم سەنتەرەن و شەو ڕۆژیان خستۆتە سەریەك بۆ خزمەتكردنى نەخۆشەكان لەهەوڵى بچووكردنەوەى چالاكیەكانیان و پێشكەشكردنى خزمەتگوزرایەكانى ئەم سەنتەرە دان ، ڕۆژێك بەبیانووى بڕینى دەرماڵەى تایبەتى ترسناكى هەڕەشە لەكارمەندەكانى دەكرێ لەكاتێكدا سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى سلێمانى و هەولێر پێش ئەم سەنتەرە ئەم دەرماڵە تایبەتەیان هەبووە (خێرو سەدەقەى هیچ كەس و لایەنێك نیە) ڕۆژێكى تر نانى كارمەندانى ئەم سەنتەرە دەبڕن و ئامادەش نین پارە سەرف بكەن بۆ كڕینى دەرزى بۆ نەخۆشانى ئەم سەنتەرە (ساڵى پار دوایى بڵاوبوونەوەى لەكوردستانپۆست نانیان بۆ گەڕێنراوەتەوەو دەرزیەكەش بۆ نەخۆشەكان كڕدراوە) ڕۆژێكى تر دوور لەهەموو ڕێكارێكى یاسایى و ئەندازەیى بەشێكى بیناى ئەم سەنتەرە دەڕووخێن و سەنتەرى تیشكی لەرەلەرى موگناتیسى (MRI) لەناو ئەم سەنتەرە دەكەنەوە ، ڕۆژێكى تر بەناوى میلاكى زیاد كارمەندانى ئەم سەنتەرە نەقڵ دەكەن ، لەگەڵ هەموو ئەمانەو چەندین كارى نەشیاوى ترى بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە بەرامبەر ئەم سەنتەرە هەر لەغیاب و سسزادانى قەرەقۆشیانەوە بیگرە تا دەگاتە ناردنى چەندین لیژنەى پێشتر قورمیشكراوى ترسنۆك و ماستاوچى ئێستا بڕیارى كردنەوەى سەنتەرى ئەشیعەى ستى سكان دراوە بۆ ڕانیە بەدەستێكى ئاشكراو بەئەنقەست ماستەرپلان و دیزاینى پڕۆژەكە هەڵوەشێنراوەتەوە بەنیازن بەشێكى ترى بیناى ئەم سەنتەرە بڕووخێنن و ئەشیعەى سیستى سكانەكەش بهێنە ناو سەنتەرى گورچیلە .
لێرەوە بەپێویستى دەزانین بەر لەلایەنى پەیوەندیدار ڕاى گشتى و خەڵكى سنورەكە ئاگادار بكەینەوە كەبەزووترین كات یاداشتێك بدەن بەلایەنە پەیوەندیدارەكان و لیژنەى تەندروستى پەرلەمان بەزووترین كات سەردانى ئەم سەنتەرە بكەن و ئەم پڕۆژەیە ڕابگرن و داوا بكەن شارەوانى زەوى پێویست تەرخان بكات تا لەڕانیە سەنتەرێكى تیشك بەڕەسمى و بەجیا و وەك ناوەندێكى ترى تەندروستى بۆ شارەكەو بۆ سنورەكە بكرێتەوەو هەموو بەشەكانى تیشك لەخۆبگرێ بەپەلە سەنتەرى لەرەلەرى موگاتیسیەكەش لەناو سەنتەرى گورچیلە لابەرن كەزیانى زۆرى بۆ كارمەندو نەخۆشەكانى سەنتەرەكە هەیە ، نەوەك بێن سەنتەرێكى ترى تیشكیش هەر لەناو سەنتەرى گورچیلە بكەنەوە واتا سەنتەرى گورچیلە لەسەنتەرو بینایەكى گەورەى مۆدێرنەوە تەنها دوو ژوور دەمێنێتەوە ، جگەلەوەى دەكەوێتە ناو دوو سەنتەرى تیشكى MRI و سیستى سكان كەئەمەش دوورە لەهەموو مەرجە تەندروستى و ستاندارە جیهانیەكانى تیشك .
ئەمە حاڵى كەرتى تەندروستى ڕانیەو سیستەمى تەندروستى كوردستانە كەئیدارەدانى كەرتى تەندروستى سنورێكى بەرفراوانى وەك بیتوێن كەوتۆتە دەست كەسانێك بەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجە تەندروستى و ئەندازەیەكان وەك ئەوەى ژوورى دیوەخان و نوستن و چێشتخانە بۆ ماڵەكانى خۆیان دروست بكەن بڕیار لەسەنتەرێكى چارەنووسسازى وەك تیشك دەدەن .
بەڕێزان لەوێنەكەوە دیارە چۆن سەنتەرى ئەشیعەى لەرەلەى موگناتیسیان خزاندۆتە ناو سەنتەرى گورچیلە ئێستا بەنیازن سەنتەرى ئەشیعەى ستى سكانەكەش بەهەمان شێوە بخزێنە ئەوێ لەپێناو داخستنى سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە