سوتەمەنى بەقەترە بۆ بنكە تەندروستیەكانى قەڵادزێ و ڕانیە بەتەنكەریش بۆ ئێران و ئەفغانستان
Monday, 30/07/2012, 12:00
پێشینان خۆڕا نەیان فەرمووە ... كاسبكارت بمرێ ، تەكبیركارت نەمرێ .
دەیان بنكەى تەندروستى لەسنورى پشدەرو بیتوێن هەیە كەسەر بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیەین و لەلایەن ژمارەیەك كارمەند و فەرمانبەرى دڵسۆزەوە بەڕێوەدەبرێن كەخوا هەڵناگرێت ستافى باش هەیە لەهەموو بنكەكان و بیناو تەلارى جوان هەیە بەڵام دەرمان و كەلوپەلى پزیشكى نیەو چەند دەرمان و چارەسەرێكى كەم هەیەو بەس ، سوتەمەنیش بەقەترەو بەگوێرەى دەوام پێمان دەدرێ جەنابى بەڕێوبەرى تەندروستى ڕانیەو جەنابەكانى ترى ناو بەڕێوبەرایەتی وادەزانن قافڵە تەنكەرە سوتەمەنیە دزراوەكانى خەڵكى كوردستان بۆ ئێمەیە و ئێمە بارزگانى سوتەمەنین بۆیە حسابى قەترەمان لەگەڵ دەكەن ، ئەوەتا ئێستاش فەزیحەى ناردنەوەى بودجەو سوتەمەنى لەلایەن بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیەوە بۆ خەزێنەى حكومەت ئاشكرا بووە ، بەدرێژایى وەرزى زستانیش لەبەر كەمى دابینكردنى سوتەمەنى لەلایەن بەڕێوبەرایەتیەوە ئێمەى ستافى بنكە تەندروستیەكان لەسەرمان هەر لەرزیوین لەبنەكەكان (ئەى خوایە هەڵى نەگرى ، ئەى خوایە هەرچى زووە ئەو حكومەتە بڕۆخێ و نەجاتیمان بێت لەدەست ئەوانە) .
یەكێك لەگرفتە هەرە گەورەكانى لادێ و گوندەكانى كوردستان ئەوەیە (مامۆستاو یاریدەدەرى پزیشك) ناچن لەوێ دەوام بكەن ناچار بەئیجبارى بەلانى كەم دەبێت (معاون توبى و مامۆستا) دووساڵ تا چوار ساڵ لەوێ خزمەت بكەن ئینجا نەقڵى شار دەكرێنەوە ، تازە دامەزراوەكانیش زۆربەى زۆریان گەنجن و كەمتر شارەزاو تێكەڵى ژیانى سەڵتى لادێن و گرفتى هاتوچۆو خواردن و شوێنى مانەوەشیان هەیە بۆیە دەبێت تۆ وەك لایەنى پەیوەندیدار كارئاسانیان بۆ بكەى ، دەوامەكەى لاخۆشەویست بكەى ، چى ویست بۆى جێ بەجێ بكەى ، بۆى دابین بكەى ، چ كارت بەوەیە لەگەڵ بەڕێوبەرى پێشوو نێوانى باش بووە یان نا ؟ لایەنى سیاسى لەگەڵ تۆیەكە یان نا ؟ بەپێچەوانەوە دەبێت زیاتر هاوكارى بكەى بۆ ئەوەى هەست بكات دەزگاو ناوەندێك هەیە پاڵپشت و پشتیوانیەتى ئەویش لەشوێنى خۆى دڵسۆزانە كار بكات ، بەڵام دەبینین ئەوەى نەبێت ئەو مەبدەئى كاركردنەیە لەنێوان بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیەو بنكە تەندروستیەكاندا ، جەنابى بەڕێوبەرى گشتى دەڵێ چاكسازیم كردووە سوتەمەنیم گەڕاندۆتەوە ، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئێوە ڕاست ناكات و خەڵك و ڕاگەیاندنەكان چەواشە دەكات ، بۆ نایەن لەئێمەى بنكە تەندروستیەكان بپرسن حاڵتان چۆنە لەگەڵ دەرمان و سوتەمەنى تائێمەش بەبەڵگەوە پێتان بڵێین ئەمانە چۆن ئیدارەیەكن ، ڕاستە سوتەمەنى گەڕاندۆتەوە بەڵام دەیان بنكەى تەندروستى و سەدان معاون توبى و كارگوزارو پاسەوانى لەسەرماى زستان ڕەق كردەوە ؟ ئەى ئەو منداڵەى بنكە تەندروستیەكەى گوندى .... بۆ مرد ؟ لەبەر ئەوەى بنكەكە نەوت نەبوو لەسۆباى بكات و منداڵەكەش لەرزو تاى هەبوو پێویستى بەمانەوە هەبوو لەسەرمان ڕەق بوویەوە .
دواتر لادێ وەك شار نیە كارەباى بەردەوام هەبێت تا سپلیت و هیتەر لەزستانان و موبەڕیدەو پانكە لەهاوینا دابگیرسێنى بۆیە ناچار دەبێت زستانان سوبا و ئامێرى نەوتى بەكار بهێنى ؟ .
ئەم بێ ویژدانانەى بەڕێوبەرایەتیش وەرزى سەرماو زستان دەڵێن چەند سۆبات هەیە ؟ دەڵێى دوو ؟ دەڵێ باشە سەعات هەشتى بەیانى تا سەعات یەكى دوایى نیوەڕۆ دەوامت هەیە ، لەماوەى ئەو پێنج سەعاتەدا سێ لیتر سەرف دەكەى ؟ بەو شێوەیە سوتەمەنیان داوە بەئێمە ، ئینسان و كارمەندى خۆت ئەوەندە لا بێ قیمەت بێت حسابى قەترەو سەعات و لیترى لەگەڵ بكەى ؟ ئەوە بەحساب ئەوەى بەو كارە هەڵدەستێ پیاوێكى لەخوا ترسەو هەموو كۆمەڵگاى پێ كافرە تەنیا خۆى نەبێت ، لەولاشەوە سوتەمەنى و نەوتى هەرێمەكەت بەقافڵە تانكەر بگاتە ئەفغانستان و پاكستان ؟ كەى ئەوە ئەخلاقە ؟ كەى ئەوە ئیدارەدانە ؟ لەكاتێكدا هەموو لایەك دەزانن لەلادێ سیستەمى دەوام نیە جارى وا هەیە ئێوران و شەوان ئەوەندە نەخۆشت هەیە دەڵێیى تازە سەعات هەشتى بەیانیە ، دەڵێیى كاكە بۆ بەیانى نەدەهاتى ، دەڵێ كاكە بەیانى ئیشوكارى ڕەزو باغ و هەرەوەزیمان هەبوو تۆ دەبێت دووبارە سۆبا هەڵكەیەوە لەحسابى گیرفانى خۆت نەوت بكڕى ، چەندین بنكە هەبووە لەحسابى خۆى سوتەمەنى كڕیوە ئەم بینایانە خۆ گڵ و دار نین بەدە سۆباش گەرم نابن نەوەك بەسێ لیترو یەك سۆبا بۆ یەك بنكە و یەك ڕۆژ ؟ ئا بەم شێوەیە كاسبى بۆ حكومەت دەكات بەو ( .... ) یە چاكسازیان كردووە و سوتەمەنیان بۆ حكومەت گەڕاندۆتەوە ، نابێ موناقەشەشیان لەگەڵ بكەى ، دەڵێ ئەوە دەوامە ڕازى ئەوەتە ڕازى نى فەرموو خواحافیزت بێ یان وەك لێپسراوى بنكەى تەندروستى ....... دەتداتە بەشى یاسایى و دەبێ دوایى بچى سەربارى حەق و داواكردنى مافى ئەو میللەتە داواى لێ بوردنى لێ بكەى ، چونكە لەزەوقى مێشكیت داوە .
بۆ ئەوەى ماستاوچى و جاسوسەكان بەهەڵە حاڵى نەبن و نان و پیاز بەم نووسینەى منەوە نەخۆن ئەمە باشتر ڕوون دەكەمەوە .
من ناڵێم وەرە مەلا (...) تانكەرى سوتەمەنى بێنە بۆ بنكەكەم و نەوت با بەجۆگەلە بڕوا ، كەس داواى نەكردوە ، یەك بنكەى تەندروستیش داواى بیست بەرمیل و سى بەرمیل سوتەمەنى نەكردوە ، سەردەمى دكتۆر ئومێدێش شتى وانەبووە ، بەڵام دكتۆر ئومێد دەیگوت پێویستیت بەچەند نەوتە دەتگوت دوو بەرمیل دەیگوت ئەوە سێ بەرمیل مادام شەوانیش دەمێنیەوەو خزمەت دەكەى ، هەم ڕێزێك بوو لێیى دەناى هەم هاندانێكیش بوو بۆ ئەوەى معاون توبیەكە بمێنێتەوەو خزمەت بكەت ، ئەوەى ئێستاش دەڵێ حسابەكەت دەكاتە 130 لیتر تەنها سەدو سى و یەك لیترى بدەنێ ؟ زیاتر نا ؟؟؟ دەڵێیى كاكە ئاخر من دەمێنمەوە خۆمن ناتوانم هاتوچۆ بكەم مووچە بەس بەشى ڕێگایە ئەگەر هاتوچۆ بكەم ؟ دەیگوت سەعات 8 تا 1 دەوام بكەو دایخە ؟ ئەوەتا ئێستاش دەركەوتووە بەس بۆ ئافەرینێك چ سوتەمەنیەكى بۆ حكومەت گەڕاندۆتەوە تا ئاشتى هەورامى ڕاوانەى ئەفغانستان و پاكستانى بكات ، جەنابى كێشەى نەبوو لەولاوە چ ڕوویدەدا ؟ خوا دەیكرد خەڵكى ئەو لادێ یە هەمووى مارو دووپشك پێوەى دەدا یان هەر كارەسات و ناخۆشیەكى تر ڕوویدەدا با ڕووى دایەو كارمەندەكەش هاتوچۆ بكات ، دەڵێ دوایى سەعات یەكى دوایى نیوەڕۆ بنكەكە دابخە لەجیاتى ئەوەى هانت بدا بمێنیەوەو خزمەت بكەى .
بۆیە دڵنیابن ئەو میللەتە قەت نابێتە هیچ تا خاوەنى ئەو عەقڵانە بێ تا خاوەنى ئەو چاوانە بێت كە نابینێت چۆن سوتەمەنى و ماڵى ئەو میللەتە ڕۆژانە بەتانكەرو بەسەدان هەزار لیتردەگاتە ئێران و ئەفغانستان ، كارگوزارو پاسەوانى هاونیشتیمانى و ناوچەكەى خۆشى ئەم زستانى ڕابردووە لەسەرمان هەڵدەلەرزین و تووشى مایە سیرى بووین سوتەمەنى پێویست نەبوو تا لەسۆباكانى بكەین ، جگەلەوەى هەر بنكەیەكى تەندروستى دەیگرى لەو سنورە بێزارەو كۆڵێك موعاناتى هەیە .
* لێپسراوى بنكەى تەندروستى / بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە .
29 / 7 / 2012 .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست