بزوتنەوەى گۆڕان و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە
Wednesday, 07/01/2015, 12:00
(وەزارەتى تەندروستى بەهەموو دامەزراوەكانیەوە دەبێت بۆ خزمەتى هاوڵاتیان بێت، ئەمانەى ئێستا لە وەزارەت و دامودەزگا تەندروستییەکاندا کار دەکەن، سەر لەبەرى ئەم هاوكێشەیان شێواندوە وادەزانن ئەم دامەزراوانە یى حیزب و بنەماڵەكانە، هى ئەو ستافەیە كە سەندیكا و بازاڕ و بەڕێوبەرایەتیان قۆرخكردووە) .
چەند ڕۆژێكە دەنگۆى ئەوە بڵاوبۆتەوە لە سنورەكەمان كەپۆستى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بۆ بزوتنەوەى گۆڕان یەكلابۆتەوە، منیش وەك كارمەندێكى تەندروستى بەپێویستمزانى چەند سەرنج و تێبینیەك بخەمەڕوو بۆ ئەو بەڕێزەى دێتە ئەم شوێنە ئینجا دوا جار دەتوانین لەم پۆستەوە ئەمەش بخەینە ڕوو ئایا بزوتنەوەى گۆڕان لەبەشداریكردنى حكومەت تائێستا سەركەوتوو بووە یان نا ؟
بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە یان وەك لەنووسراوەكانى خۆیان دەنووسرێ ڕاپەڕین یەكێكە لەو بەڕێوبەرایەتیانەى نوقمە لەگەندەڵى و ناعەدالەتى لەلایەن تاقمێكەوە قۆرخكراوە ئەو بەڕێزەى دێتە ئەم شوێنە دەبێ سەرەتا داواى لێبوردن لەهەموو دكتۆرو كارمەندێكى تەندروستى و ئیدارى سنورى بەڕێوبەرایەتیەكەى بكات لەبەرامبەر ئەو هەموو سوكایەتى و بێ ڕێزیەیى ئەم ستافە كردوویانە لەڕابردوودا . دواجار لیژنەیەك پێكبهێنرێ بەسەرۆكایەتى و چاودێرى بەڕێوبەرى گشتى سەردانى هەموو نەخۆشخانەو مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكان بكات سەرنج و تێبینى هەموو لایەك وەربگرێ بۆ باشتركردنى كەرتى تەندروستى سنورەكە لەڕووى ئیدارەدان و لەڕووى پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى تەندروستى .
باشتركردنى ڕەوشى تەندروستى سنورەكە بەراورد بكرێ بۆنمونە بەسلێمانى ؟ بۆ ئەوێ باشە ئێرە خراپ ؟ هۆكارەكان چین ؟ لەنمونەى زۆر سادەوە دەست پێ بكەین بۆ لەسلێمانى دەرمانى نەخۆشى درێژخایەن هەیە لێرە نیە یان زوو دەبڕێ ؟ فریاكەوتنى نەخۆشخانەى ڕانیە بەراورد بكرێ بەفریاكەوتنى سلێمانى یان دەرماڵەیەكى تایبەتى وەك حەوافز بۆ لەسلێمانى تا نیوەى 2014 دابەشكراوە بەڵام لەڕانیە تائێستا ئى ساڵى 2013 ەش نەدراوە ؟ بۆ پارەى ئێشگرى 24 كاتژمێرى نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستیەكان نزیكەى ساڵێكە سەرف نەكراوە ؟ كەدەڵێن بودجەو پارە نیە ئەى خۆ ساڵانى ڕابردوو هەبوو ؟ ئێرە هەر وابووە بەراورد بەسلێمانى و شوێنەكانى تر؟ بۆ یەك وەزارەت و سیستەم نیە ؟ .
گۆڕانكارى لەناو بەڕێوبەرایەتیدا بكرێت هەنگاو بەهەنگاو ، لێپسراوى بەشى یاساو كارگێرى و ئەندازەو میلاكات و ئامارو چەند پۆستێكى تریش بگۆڕدرێن كەڕۆڵى زۆر خراپیان بینیوە لەبەڕێوبەرایەتى بەشێوەیەك ترسنۆك و ماستاوچى لەبەردەم مودیر عام زۆر خراپ و دووڕوو بەرامبەر دكتۆرو پەرستاران و تێكرایى كارمەندانى تەندروستى و ئیدارى سنورى بەڕێوبەرایەتى .
پۆستى جێگرى بەڕێوبەرى گشتى بۆ كارمەندانى تەندروستى بكرێتە سیڤى و خاڵبەندى و دەرگاى خۆ پاڵاوتن بۆ هەموو كارمەندێكى سنورى پشدەرو بیتوێن بكرێتەوە دواجار بەپێیى مەرج و خاڵ یەكلا بكرێتەوە لەدەستى سەندیكا ناشەرعیە حزبیەكە بهێنرێتە دەرەوە بۆ هەموو لایەك ڕوون بكرێتەوە ئەم پۆستە سەر بەوەزارەتى تەندروستیە یان سەربەحزب و سەندیكایە ئینجا گۆڕانكارى لەكارگێرى هەندێك نەخۆشخانەدا بكرێ بۆ نمونە نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵبوونى ڕانیە یەكێكە لەهەرە خراپترین ئیدارەكان و چەندین كارەسات لەم نەخۆشخانەیەدا كەوتۆتەوە هەروەها لەنزیكەوە دانیشتن لەگەڵ دكتۆرو كارمەندان و ئیدارەى نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستیەكان بكرێت بەتایبەت ئەو نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستیانەى میلاكیان زۆرەو نەخۆشێكى زۆر سەردانیان دەكات بەردەوام پڕكێشەن بەراورد بەبنكەیەكى تەندروستى كەلەلایەن كارمەندێكى تەندروستى یان دووان بەڕێوەدەبرێ. لەناو ئەو نەخۆشخانەو مەڵبەندو بنكە تەندروستیانە دكتۆرو كارمەندى زۆر دڵسۆزو ماندوونەناس هەن كەبەرنامەو پڕۆژەو پێشنیارى باشیان پێیە ئەوەندەیان سوكایەتى و ناعەدالەتى و بێ ڕێزى پێ كراوە لەلایەن ئەو ستافەوە ئامادەن خۆبەخشانە هەموو هاوكاریەكى ئەوستافەو ئەو مودیر عامە تازەیە بكەن، ئەمانەى ئێستا دۆخێكى وایان دروست كردووە هیچ ڕێزو خۆشەویستیەك لەنێوان ئیدارەو ستاف و بەڕێوبەرایەتى نەماوە كەهەمووى بەزیانى نەخۆش تەواو دەبێت، چونكە وەزارەتى تەندروستى بەهەموو دامەزراوەكانیەوە بۆ خزمەتى نەخۆشە ئەمان سەرلەبەرى ئەم هاوكێشەیان شێواندووە وادەزانن ئەم دامەزراوانە ئى ئەوانە ئى حزبە ئى ئەو ستافە ماستاوچیەیە كەسەندیكاو بازاڕو بەڕێوبەرایەتیان قۆرخكردووە . بەڕێوبەرایەتیەك واى لێبێت كارمەندێك نەتوانێ داواى مافى خۆى و پوختەى ڕاژەو مۆڵەتى خۆى بكات بەدەستى ئەنقەست و بەبەرنامە پیرە پیاوێكیان داناوە سوكایەتى بەدكتۆرو فەرمانبەران بكات، كارمەندێك نەتوانێ دوو پێشنیار بخاتەڕوو هەموو تێگەیشتن و سەقافەتى مودیر عامێك ئەوەبێ بڵێ ئەو قەڵەمە دەخەمە ..... كارمەندەوە ئەمە كۆتایى هەموو شتێكە !! ئەگەر دەسەڵات و دادگاو داواكارى گشتى هەبووایە دەبوو لەسەر ئەمە بخرێتە كونجى زیندان و بڕوانامەكەشى لێ بسەنەوە دیشمان لەچەند مانگى ڕابردوو لەگەرمەى نەبوونى موچەو دەرمان داواكارى دكتۆرو كارمەندان لادانى ئەو بەڕێوبەرە بوو داواكارى موچەو دەرماڵە نەبوو .
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئێستا خاڵى هەرە سەرەكى لەبەردەم بەڕێوبەرى تازەو بزوتنەوەى گۆڕان لەحكومەتدا ئەوەیە ئایا ئەم بەڕێوبەرە دەتوانێ لەدۆسیەیى گەندەڵى و بەهەدەردانى 20 ملیۆن دۆلارى نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەیەكەى ڕانیە بكۆڵێتەوە ؟ كەساڵێكى تر دەبێ ئەم بەڕێوبەرە ئیمزا لەسەر وەرگرتنى ئەم نەخۆشخانەیە بكات ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ ئایا دەتوانێ ئەو خانووەى كەموڵكى وەزارەتى تەندروستى و نەخۆشخانەى ڕانیەیە لەم بەڕێوبەرە گشتیەیى ئێستا وەربگرێتەوە ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ ئایا دەتوانێ لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانى زۆر بەڕاشكاوانەو بوێرانە بڵێ كێشەو گرفتى كەرتى تەندروستى لەو سنوورە ئەوەیە كەئەم بەڕێوبەرە لەساڵانى ڕابردوو لەپێناو وەرگرتنى سوپاس و پێزانین و ڕیسواكردنى مودیر عامەكەى پێش خۆى نزیكەى دوو ملیار دینارى كەرتى تەندروستى سنورى پشدەرو بیتوێنى گەڕاندۆتەوە بۆ خەزێنەى حكومەت ؟ كەئێستا لەم نەبوونى بودجەو بێ پارەیەدا نەخۆش و هاوڵاتیانى بێ گوناح و بێ پشت و پەناى پشدەرو بیتوێن باجى ئەم كارەساتە كوشندەیەیى ئەو داهات گەڕانەوەیە دەدەن كەلەلایەن ئەو مودیر عامەوە نێردرایەوە بۆ خەزێنەى حكومەت ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ ئایا دەتوانێ لێپسراوى ئامار بگۆڕێ كەكەسێكى حزبیەو لێپسراوى ڕێكخستنى بەڕێوبەرایەتیەو ڕاستەوخۆ سەرمەڵبەندو دەزگاى زانیاریەو بەئاشكرا نووسراو ئامارو زانیارى دەدات بەئاسایش و مەڵبەندو سەندیكا ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ چونكە جەنابی جاك ئاسا ڕاستەوخۆ سەربەو دەزگا هەستیارانەیەو بەبۆنەى ئەوەى لەهەڵبژارنى ڕابردوو زۆرترین تەزویرى كردبوو لەلایەن یەكێتى و خودى هێرۆى برایم ئەحمەدوە خەڵات كراو مانگێك نێردرا بۆ ئەمریكا بۆ ڕابواردن؟ ئایا دەتوانێ لێپسراوى میلاكات لەبەڕێوبەرایەتى دووربخاتەوە كەبەئارەزووى خۆیان و بەفەرمانى حزب و مەڵبەندو سەندیكا كارمەندو فەرمانبەریان نەقڵ كردووەو گرێ بەستیان كردووە ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ ئایا دەتوانێ لێكۆڵینەوەى لەسەنتەرى تیشك بكات بڵێ بۆ لەبەیانیان لەمانگێكدا 60 ئەشیعە دەگرن ئێوارانیش (كەبەپارەیەو بۆ قوڵبرینى خەڵكە) 400 ئەشیعە دەگرن ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ ئایا دەتوانێ لێكۆڵینەوە لەلێپسراوى كارگێرى سەنتەرى گورچیلە بكات كە پێنج ساڵە بەتەنها هەر خۆى مەواد لەسلێمانى دێنێت ؟ دەیان تەن مەوادى ئێكسپایەرى كۆمپانیاى تەكیماشى توركى لەڕانیە ساغى كردەوە ئایا دەتوانێ لاى بدات ؟ بێگومان ناتوانێ ؟ چونكە بەوەزیرى تەندروستى لانەبراوە بەمە هەر ناكرێت ناكرێت ؟ لەگەڵ دەیان كێشەو گرفتى تر .
بۆیە ئەمە ڕێك بۆ حاڵى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان لەبەژداریكردنى حكومەت ڕاستە كە تائێستا ئەم بزوتنەوەیەو وەزیرەكانى سەركەوتوو نەبوون لەبەژداریكردنیان لەحكومەت؟ نەوەزیرى پێشمەرگە دەتوانێ هێزەكانى 70 و 80 بكا بەیەك ، نەوەزیرى دارایش دەتوانێ وەزارەتەكەى كەبۆتە بەڕێوبەرایەتیەك لاى ئاشتى هەورامى بكاتە وەزارەتێكى سەربەخۆ ، نەوەزیرى بازرگانیش دەتوانێ بەڕێوبەرێكى كۆمپانیاى خۆراك بگۆڕێ ؟ لەگەڵ خستنەڕووى ئەم سەرنج و تێبینیانە بۆ ئەو دكتۆرە بەڕێزەى دێتە ئەم بەڕێوبەرایەتیە (بەهیواى سەركەوتن بۆى) بەڵام مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە لەوە ناچێت سەركەوتوو بێ دۆخى خراپ و گەندەڵى كەرتى تەندروستى سنورى پشدەرو بیتوێن ئەمجارەیان لەسەر دەستى بزوتنەوەى گۆڕان و بەڕێوبەرە تازەكەى هەروەك خۆى دەبێت و درێژە پێدەرى ئەوانەى ڕابروو دەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست